سەرۆک بافڵ: بێگومان حکومەتی داهاتوو بە دیدگایەکی جیاواز و ستراتیژێکی نوێوە پێکدەهێنرێت

06:35 - 2024-10-31
کوردستان
98 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر پێشوازیکرد لە ئەلیسیا ریکۆ پێرێز دێل پولگار، باڵیۆزی نوێی شانشینی ئیسپانیا لە عیراق.

لە دیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێکران و جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و چارەسەری کێشەکان کرایەوە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای پیرۆزبایی لە دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی نوێی ئیسپانیا، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و هەموو پشتیوانییەکی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانی دووپاتکردەوە. داواشیکرد، ئەمە هاندەرێکی گرنگ بێت بۆ بەرەوپێشچوون و فراوانترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا.

لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ باسی قۆناغی نوێی سیاسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، خەڵکەکەمان پێویستیان بە خزمەتگوزاری و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانەترە نەک تاکڕەوی و جیاکاری، بۆیە بێگومان حکومەتی داهاتوو بە دیدگایەکی جیاواز و ستراتیژێکی نوێوە پێکدەهێنرێت و ئامانجەکەشی تەنیا بەهێزترکردنی هەرێمەکەمان و خزمەتکردنی خەڵک دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان