جیهان لە بەرداشی برێکس و سەودای سەدەدا

پێکهاتەی ئابووریی برێکس

11:04 - 2024-11-05
ئابووری
122 جار خوێندراوەتەوە
بەشێک لە کۆبوونەوەکانی 2024ی ئەندامانی برێکس لە قازانی روسیا

ئارام حاجی 


پێکهاتەی دارایی (BRICS) پشت بە دوو رەگەزی سەرەکیی دەبەستێت، یەکەمیان بانکی تازەی گەشەپێدانە (- New Development Bank - NBD) کە هەندێک جار بە بانکی گەشەپێدانی برێکس ناودەبرێت (BRICS Development Bank)، دووەمیشیان رێکخستنەکانی یەدەگی فریاگوزارییە (CRA - Contingent Reserve Arrangement-) کە ئیمزا لەسەر رێکەوتنی هەریەکەیان لە ساڵی 2014 کراوە و لە ساڵی 2015 چالاککراون .

 

تاکە بابەتێک کە رەنگە جێگەی سەرنجی هەموان بێت لە برێکس، بریتییە لە رەچاوکردن و قسەکردن لەسەر ئەگەری دانانی سیستمێک، کە بەسەر دەوڵەتانی برێکسدا پراکتیزە بێت و وەک یەدەگ بەکاربێت

بانکی تازەی گەشەپێدان
مانگی تەمووز لە میانی لوتکەی برێکسدا، رێکەوتن لەسەر دامەزراندنی بانکی تازەی گەشەپێدان و سندوقێکی تازەی یەدەگی دراو کرا، کە بڕی 50 بۆ 100 ملیار دۆلاری بە بەردەوامی تێدا بێت، بنکەکەی لە شەنگەهای بوو، لەبەر ئەوەی لە کاتی لوتکەی شەنگەهای لە تەمووزی 2014دا رێکەوتنی لەسەر کرا، بەڵام لەبەر ئەوەی گروپەکە زیاتر لە %20ی رێژەی دەنگدانی نییە لە سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، دەستبەکاربوونی کەوتە سەرەتای ساڵی 2018.

رێکخستنی یەدەگی فریاگوزاری
رێکخستنی یەدەگی فریاگوزاریی برێکس (BRICS CRA) چێوەیەکە بۆ دابینکردنی پاراستن لە دژی گوشارە نەختینەییەکانی جیهانی. ئەمەش پرسەکانی دراو دەگرێتەوە، چونکە دراوی نیشتمانیی ئەندامان کاریگەریی خراپییان لەسەر دەبێت بەهۆی گوشارە داراییە جیهانییەکانەوە. 
دەرکەوت ئەو ئابوورییە سەرهەڵداوەی کە ئازادبوونی خێرای ئابووریی بەخۆوە دیوە، بە زیادبوونی ناجێگیریی ئابوورییدا تێپەڕیوە و ژینگەیەکی ئابووریی گشتگیریی نادیاری هێناوەتە ئاراوە. 
بە گشتی (CRA) وەک رکابەرێکی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتیی (IMF) سەیر دەکرێت و بانکی تازەی گەشەپێدانیش وەک نموونەیەک بۆ زیادبوونی هاوکاریی باشووری ئەفریقا و ئەفریقای باشوور سەیر دەکرێت، کە لە ساڵی 2015دا لەلایەن وڵاتانی برێکسەوە دامەزراوە. بنەمای یاسایی پێکدێت لە پەیماننامەی دامەزراندنی رێکخستنی یەدەگ لە برێکس، کە لە فۆرتالیزای بەرازیل لە 15ی تەمووزی 2014دا ئیمزا کراوە، لەگەڵ کۆبوونەوە سەرەتاییەکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی برێکس و لیژنەی هەمیشەیی برێکس، کە لە چواری ئەیلولی 2015دا لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەچوو، دوای پەسەندکردنی لەلایەن وڵاتانی گروپەکەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و مانگی تەمووزی 2015 لە حەوتەمین لوتکەی برێکسدا راگەیەندرا.

سیستمی پارەدانی دەوڵەتانی برێکس

لە لوتکەی برێکسی ساڵی 2015دا لە روسیا باس لە سیستمی پارەدانی برێکس کرا، وەزیرانی وڵاتانی ئەندامی گروپەکە دەستیانکرد بە راوێژ و گفتوگۆ سەبارەت بە سیستمی پارەدان، کە دەبێتە بەدیلێک بۆ سیستمی سویفت. جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگی ریابکۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: «وەزیرانی دارایی و بەڕێوەبەرانی بانکە ناوەندییەکانی برێکس دانوستان لەسەر ئەو بابەتە دەکەن، بۆ دامەزراندنی سیستمی پارەدان و گۆڕینی بۆ بە دراوی نیشتمانی، واتە سیستمێکی پارەدانی فرەلایەنە و فرەڕەگەز، کە پلەیەکی زیاتری سەربەخۆیی هەبێت، گرەنتییەکی مسۆگەر بۆ برێکس دروست دەکات» .
هەروەها بانکی ناوەندیی روسیا کە بە کورتکراوەی (CBR) ناسراوە، دەستی بە راوێژ لەگەڵ دەوڵەتانی برێکس کردووە بۆ سیستمێکی نوێی پارەدان، کە ببێتە بەدیلی سیستمی سوفت و ئەو سوودە سەرەکییانەی، کە ئاماژەیان پێکراوە بریتین لە: یەدەگ و دووبارەبوونەوە لە ئەگەری پەککەوتنی سیستمی سویفت.

بەدیلی سیستمی سویفت

 ئۆلگا سکۆرۆبۆگاتۆڤا جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی روسیا، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: «تاکە بابەتێک کە رەنگە جێگەی سەرنجی هەموان بێت لە برێکس، بریتییە لە رەچاوکردن و قسەکردن لەسەر ئەگەری دانانی سیستمێک، کە بەسەر دەوڵەتانی برێکسدا پراکتیزە بێت و وەک یەدەگ بەکاربێت».
هەروەها چین دەستیکرد بە پەرەپێدانی سیستمی پارەدانی تایبەت بەخۆی، بە ناوی سیستمی پارەدان کە دەبێتە بەدیل بۆ سیستمی سویفت، کە لە توانایدایە تۆڕێک دابین بکات تا خەڵک لە سەرتاسەری جیهانەوە بتوانن زانیاری لەبارەی مامەڵە داراییەکانەوە لە ژینگەیەکی پارێزراو و ستاندارد و متمانەپێکراودا بنێرن و وەربگرن. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان