د. سەمەد ئەحمەد*
منداڵ خۆی بەرپرس نییە لە رەفتارەكانی، بەڵكو گەورەكان بەرپرسن لە رەفتارە باش و خراپەكانی، چونكە منداڵ بەرهەمی پەروەردەی خێزان و ژینگەی كۆمەڵایەتییە
ئەگەرچی (پەروەردە) و (سایكۆلۆژیای منداڵ) دوو بواری زانستی جیاوازن و هەریەكەیان خەسڵەت و تایبەتمەندی و ئامانجی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام لە ژیانی مرۆڤ بە گشتی و منداڵ بەتایبەتی، پەیوەندییەكی توندوتۆڵ و تەواوكاری ئۆرگانی لە نێوانیاندا هەیە. ئەم پەیوەندییە بەشێوەیەكە كە هەریەكەیان كاریگەر و كارلێكراون لەسەر یەكتریان. رۆڵ و پەیوەندیی پەروەردە لە ژیانی منداڵدا زۆرە، دیارترینیان ئەمانەن:
1 - منداڵ لە ساتی لەدایكبوونیدا بێ ناسنامەیە، جگە لە پارچە گۆشتێك، كە تەنها غەریزەكانی دەیجوڵێنێت، هیچی تر نییە، بەڵام دواجار لەڕێگەی پەروەردەوە دەبێت بە خاوەنی ناسنامەی نەتەوەیی و ئاینی و رەفتاری و عەقڵی و دەروونی و هەڵچوونی و.. هتد.
2 - سەبارەت بە رۆڵی پەروەردە لە ژیانی منداڵدا، زانای بەناوبانگ (واتسن) ئەوە دەخاتەڕوو كە منداڵ لەژێر كاریگەری ئەو ژینگەیەدایە، كە تیایدا دەژی و گەورە دەبێت، ئینجا ئەگەر ئەو ژینگەیە، لەڕووی پەروەردەیی كۆمەڵایەتیی و دەروونیی عەقڵییەوە دروست و باش بوو، ئەوا ئەو منداڵە منداڵێكی باشی لێدەردەچێت و پێچەوانەكەشی راستە.
لەم رووەوە (واتسن) وتەیەكی بەناوبانگی هەیە كە دەڵێت: دە منداڵم بدەرێ، لە دە ژینگەی جیاوازی كۆمەڵایەتدا بەخێو و پەروەردەیان دەكەم، دواجار هەریەك لەم منداڵانە، لەڕووی نەتەوەیی و ئایینی و عەقڵی و رەفتاری و دەروونی و هەڵچوونییەوە دەكەم بە منداڵێكی تەواو جیاواز لەویتریان. یەكێكیان دەكەم بە موسڵمان و ئەویتریان دەكەم بە مەسیحی و..هتد، یەكێكیان دەكەم بە كورد و ئەوتریان دەكەم بە عەرەب و فارس و..هتد، یەكێكیان دەكەم بە چاكەكار و خێرخواز، ئەوتریان دەكەم بە چاوچنۆك و رەزیل، یەكێكیان دەكەم بە خاوەنی ویژدان و سۆز و میهرەبانی، ئەوتریان دەكەم بە كەسێكی توندوتیژو بێ بەزەیی، یەكێكیان دەكەم بە راستگۆ، ئەویتریان دەكەم بەدرۆز و ..هتد.
مەبەستی (واتسن) لەم قسانە ئەوەیە، كە ئەوە پەروەردە و ژینگەی كۆمەڵایەتییە كە منداڵ دەكاتە كەسێكی باش، یان خراپ، نەك شتێكی تر.
3 - لەبەر رۆشنایی بۆچوونەكانی (واتسن)ی زانا، وەك لە خاڵی دووەمدا خستمانەڕوو، دەتوانین بڵێین: منداڵ خۆی بەرپرس نییە لە رەفتارەكانی، بەڵكو گەورەكان بەرپرسن لە رەفتارە باش و خراپەكانی، چونكە منداڵ بەرهەمی پەروەردەی خێزان و ژینگەی كۆمەڵایەتییە. ئەمە بەو مانایە دێت كە ئەگەر بمانەوێت رەفتاری منداڵ لە خراپەوە بۆ باش بگۆڕین، دەبێت سەرەتا ژینگە خێزانی و كۆمەڵایەتییەكە چاك بكەین، ئیجا هەوڵبدەین رەفتار و بیركردنەوەی منداڵ لە خراپەوە بۆ باش بگۆڕین، ئەگەر وانەكەین مەحاڵە هیچ گۆڕانكارییەكی باش لە ژیانی منداڵدا بێتە كایەوە، هەر ئەمەشە گرنگی و بایەخ و ئامانج و حیكمەت و فەلسەفەی پەروەردە.
4 - پەروەردە رۆڵی زۆر و كاریگەری هەیە لەسەر پێگەیاندنی منداڵ لەڕووی گەشەی رەفتاری و عەقڵی و پەرەپێدانی تواناكانییەوە، چونكە منداڵ كە لەدایك دەبێت، بە كۆمەڵێک توانستی جەستەیی و عەقڵی و دەروونی و.. هتد، لەدایك دەبێت، كاری یەكەم و لە پێشینەی پەروەردە ئەوەیە، كە ئەو توانستانەی منداڵ بپشكنێت و بیانخاتەڕوو، پاشان ئەو منداڵە ئاراستە بكات بۆ ئەو بوارەی كە توانا و حەزی لێی هەیە، ئینجا ئەو منداڵە دەبێتە كەسێكی بەهرەمەند و بەتوانا لەو بوارەدا.
5 - پەیوەندییەكی ئۆرگانی هەیە لە نێوان ژیان و پەروەردەدا. بەشێك لە زانایانی پەروەردە و دەروونزانیی، سەبارەت بە بایەخی پەروەردە لە ژیانی مرۆڤ بەگشتی و منداڵ بەتایبەتی، ئەوە بەیان دەكەن، كە پەروەردە ژیانە و ژیانیش پەروەردەیە. مەبەست لەم دەستەواژەیە ئەوەیە كە لەبەرئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە و ناتوانێت لە دەرەوەی كۆمەڵگە بژێت، بۆیە ئەو ژینگە كۆمەڵایەتییەی كە تیایدا دەژی، جگە لە ژینگەیەكی پەروەردەیی زیاتر هیچی تر نییە، لەهەمانكاتدا ژینگە پەروەردەییەكەش یەكسانە بە ژیانە كۆمەڵایەتییەكەی، بۆیە دەگوترێت ژیان و پەروەردە دوو دیوی یەك دراون، نە ئەویان بێ ئەمیان دەبێت، نە ئەمیان بێ ئەویان دەبێت، هەردووكیان دەبن بە تەواوكەری یەك.
6 - منداڵ كە لەدایك دەبێت، بەسروشتی خۆی خاوەنی كەسێتییەكی ئازاد و سەربەخۆیە، كارێكی تری هەرە گرنگ و لە پێشنەی پەروەردە ئەوەیە، كە پارێزگاری لەو كەسێتییە ئازاد و سەربەخۆیەی منداڵ بكات و نەهێڵێت تووشی نەنگی و روشكان و كەمومورتی بێت، چونكە ئەگەر بۆ ساتێكی ئێجگار كەم، مرۆڤ، لەناویشیاندا منداڵ، ئەو كەسێتییە ئازاد و سەربەخۆییەی لێبسەندرێتەوە، بەخۆمان بزانین یان نا، ئەو كەسە دەبێت رازی بێت کە بە كۆیلایەتی بژی، چونكە جیاوازیی نێوان مرۆڤی ئازاد و كۆیلە، تەنها لە سەربەخۆیی و ئازادی كەسێتی دایە.
7 - گرنگییەكی تری پەروەردە لەوەدایە، كە منداڵ ئاشنات دەكات بەخۆی و دەوروبەری، كە لە زانستی سایكۆلۆژیدا بەم دۆخە دەگوترێت خۆناسین و ئەویدی ناسین. مەبەست لە خۆناسینی منداڵ ئەوەیە، كە ئەو منداڵە درك بەتوانا جەستەیی و عەقڵی و دەروونییەكانی خۆی بكات، پێویستە لەسەر گەورەكانیش لەمبارەیەوە هاوكار و یارمەتیدەرێكی باشی منداڵان بن و هانیان بدەن بۆ ئەوەی زیاتر خۆیان دەوروبەریان بناسن.
8 - هەر پەروەردەی دروستە، كە دەبێتە مایەی ئەوەی منداڵ متمانەی بەخۆی هەبێت و لە ژیانی رۆژانەیدا پشتبەخۆی ببەستێت، بۆ سەرخستی ئەم كارە، گەورەكان رۆڵی گرنگ و یەكلاكەرەوە دەبینن، بۆیە بەبێ هاوكاری و پەروەردەی باشی گەورەكان، مەحاڵە منداڵ خۆی بتوانێت ببێتە كەسێكی متمانەبەخۆبوو.
* پسپۆر لە بوارى پەروەردە و دەروونزانی