فیدان: هیوادارین بۆریی نەوتی كەركوك –یومورتەلیك دەست بە كارکردن بكاتەوە.
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكدا هیوای خواست بۆریی نەوتی كەركوك - یومورتەلیك دەستبەكار بكاتەوە.
فیدان ئاماژەی بەوەشداوە کە بەهۆی ناكۆكیی نێوان حكومەتی فیدراڵیی عیراق و حكومەتی هەرێمەوە ماوەیەكە بۆریی نەوتی كەركوك -یومورتەلیك لە نێوان عیراق و توركیادا داخراوە، وتیشی: «لە سەردانەكەی سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقدا بۆ ئیستانبوڵ، گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە رێككەوتنێك لەگەڵ ئیدارەی هەولێردا لەسەر ئەم بابەتە كراوە و ئەگەر رێكبكەون، بۆریی نەوتەكە دەست بەكاركردن دەكاتەوە».
وەزیری دەرەوەی توركیا سەبارەت بە مانەوە یان كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاش لە عیراق، وتی: «رەنگە ئەمریكا دوای هەڵبژاردن بیر لە كشانەوە لە عیراق و سوریا بكاتەوە، ئەوان نایانەوێت ئامادەیی سەربازییان لە كایەی هەژموونی ئێراندا هەبێت، تا سەربازانی ئەمریكا لەوێ بن، ئەوان دەستكراوەن بۆ هێرشكردن، ئەمریكییەكان لە ناوەڕاستەوە عیراق بەجێدەهێڵن».
دوورنییە ترەمپ سەربازەكانی لە سوریا بكشێنێتەوە
رۆبەرت ئێف كێنێدی جونیۆر، كە پشتگیریی لە كاندیدی كۆمارییەكان دەكرد لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا، لەچاوپێكەوتنێكدا رایگەیاندووە كە دۆناڵد ترەمپ لەگفتوگۆیەكی نێوانیاندا نیگەرانییەكانی خۆی سەبارەت بە بوونی سەربازانی ئەمریكا لە سوریا دەربڕیووە.
لەو چاوپێكەوتنەدا کە لەگەڵ رۆژنامەنووسی ئەمریكایی تاكەر كارلسۆندا کردوویەتی، کێنێدی باسی لە دیالۆگێك كردووە كە بەم دواییە لەگەڵ ترەمپدا هەیبووە و لەوبارەیەوە دەڵێت: «رۆژێك پێش هەڵبژاردنی ترەمپ بە سەرۆكی ئەمریكا لە فڕۆكەیەكدا بووم لەگەڵ سەرۆك ترامپدا و باسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستمان دەكرد، (ترەمپ) پارچە كاغەزێكی برد و نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو وڵاتانی ناوچەكەی كێشا، كە زۆرێك لە ئەمریكییەكان ناتوانن بیكەن». هەروەها هێزە سەربازییەكانی لە هەر وڵاتێكدا نووسیی بە تایبەتی لەسەر سنووری نێوان سوریا و توركیا.» و وتی : «ئێمە 500 سەربازمان هەیە لەسەر سنووری سوریا و توركیا» و كەمپێكمان هەبوو بۆردومان كرا، ترەمپ وتیشی: «750 هەزار سەرباز لە توركیا و 250 هەزار سەرباز لە سوریا هەن، ئەگەر ململانێیان لەگەڵ یەكتریدا هەبێت، ئێمە لە ناوەڕاستدا دەمێنینەوە. پاشان پرسیاری لە جەنەڕاڵەكانی كرد کە ئاخۆ چی بەسەر ئەم 500 كەسەدا دێت ئەگەر ئەو دوو وڵاتە شەڕیان ببێت؟، ئەوان وتیان كە پێدەچێت 500 سەربازەکەی ئەمریکا بمرن، ترەمپیش وتی: لەوێ دەریانبهێنن.
كێنێدی جونیۆر، كوڕەزای 35 ــەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جۆن ئێف كێنێدی و كوڕی سیناتۆر رۆبەرت ئێف كێنێدیە، وەك كاندیدێكی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكای كرد، بەڵام دواتر رایگەیاند كە لەهەڵبژاردنەکە بۆ بەرژەوەندیی ترەمپ كشاوەتەوە.
سویسرا رێگە بە كۆبوونەوەی سێ قۆڵیی روسیا و توركیا و سوریا نادات
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، سویسرای تۆمەتبار كرد بە تێكدانی ئەو كۆبوونەوەیەی بڕیاربوو لە سویسرا لە نێوان روسیا و توركیا و سوریادا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە بەڕێوەبچێت.
لاڤرۆڤ سەرزەنشتی بەرپرسانی سویسرای كرد و وتی: «ئێوە ئەو كارە تێكدەدەن كە دەمانەوێت پێكەوە بیکەین، بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە».
بەرپرسێكی سویسراش هەڵوەشاندنەوەی «لووتكەی سێ قۆڵی سوریا - روسیا -توركیا»ی بیرخستەوە كە پلانی بۆ دانرابوو لە سویسرا و وتی: «ئێوەش ئێمە بەدەر دەخەن».
لە بەرامبەردا لاڤرۆڤ رایگەیاندووە ئەوان دەستبەرداری كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ سویسرادا بوون بەهۆی بەشداریی سویسراوە لە سزاكانی ئەمریكادا دژی روسیا، سەرنجی هەمووانیشت راكێشا بۆ ئەوەی کە ئەوە سویسرا بوو بەڵێنەكەی خۆی شكاند، نەك روسیا.
پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ دوای كۆبوونەوەی برێكس لە كازان رایگەیاندبوو كە (روسیا، توركیا، سوریا و ئێران بەنیازن لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەیەكی دیكە بکەن بۆ تاوتوێكردنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق).