وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبونەوەی وەفدی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریانەی ماوە سبەینێ شەممە کۆبونەوەکان بەردەوام دەبێت.
دەقی راگەیەنراوەکە...
رۆژی هەینی ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە شاری بەغداد بەسەرپەرشتی دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عیراق کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان وەفدی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بەسەرۆکایەتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.
لە کۆبونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی هەردوو وەزارەت ئامادە بوون، لەکەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بودجە و موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کراو تیشک خرایە سەر ئەو ڕاپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکی هاوبەشی هەردوولاوە لە سەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون، وەفدی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا.
بڕیارە سبەی شەممە کۆبونەوەکان لە نێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریانەی ماوە تا هەردوولا بگەنە ڕێكکەوتن لەسەر موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری.