هەولێر، وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان و شارێكی دێرین و مێژوویی كورد، كە چەندین نەتەوەو ئایینی جیاجیای تێدا ژیاوە، هەمیشە جێگای بایەخ و تێڕوانینی وڵاتان و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان بووە، ئەم شارە لەمێژووی نزیكی خۆیدا بەچەندین قۆناغی جیاواز و هەوراز و نشێو تێپەڕیووە، بەرەنگاری هەموو ئەو زوڵم و زۆردارییانە بۆتەوە كە لەلایەن دوژمنان و داگیركەران بەسەری سەپاوە، لەگەڵ هەموو ئەو نەهامەتییانە بەردەوام دەرگای بۆ لێقەوماوان و میوانان كراوە بووە.
لەسەردەمی حوكمڕانی خۆماڵیشدا بێبەش نەبووە لەچەوسانەوەو كارەسات و نەهامەتی، بەتایبەتی لە بیست و هەشت ساڵی رابردوودا بەجۆرێك غەدری لێكراوە، كە بەهیچ شێوەیەك شایەنی مێژووی شارەكە و خەڵكە تێكۆشەرەكەی نەبووە. هەولێر، ئەو شارەی ئەمڕۆ پێویستی بە قۆناغێكی تازەی ئیدارەدان و حوكمڕانییە، كە بەیەك چاو سەیری دانیشتوانەكەی بكرێت، سامان و داهاتەكەی بۆ هەمووان بێت، بەبێ جیاوازی ئاوڕ لە گەڕەکەكانی بدرێتەوەو خزمەتی خەڵكەكەی بكرێت و ژینگەكەی پاكبكرێتەوە، بەجۆرێك دابەشی سەر زۆنی جیاواز نەكرێت، كە ئاسمان و زەوی لەیەكتر دووربێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەش پێویستیی بە ئازادیی و ئازادیی رۆژنامەگەریی هەیە، بۆ دەربڕینی بیروڕای جیاوازو گەیاندنی داواكاریی خەڵك بە دەسەڵاتدارانی شارەكە، بەبێ ئەوەی رووبەڕووی لێپرسینەوە و سەركوتكردن ببێتەوە.
رۆژنامەی كوردستانی نوێ، كە یەكەم ژمارەی و چوار ساڵی یەكەمی تەمەنی تا (رووداوەكانی ئابی 1996لە هەولێر) دەرچووە، دواتر لەگەڵ هەموو ئەو بەربەست و ئاستەنگانەی لە هەولێر دێتە پێشی، لە پێنەدانی زانیاری و رێگرییكردن لە وەرگرتنی لێدوانی بەرپرسانی حكومی، كەچی توانیویەتی ببێتە سەكۆیەك بۆ ئازادیی رادەربڕین و پردێك لە نێوان حكومەت و خەڵك، لەو ماوەیەدا هەمیشە هەولێر جێگای بایەخی كوردستانی نوێ بووە.
ئێستاش دەركردنی دووتوێیەكی هەفتانەی تایبەت بەشاری هەولێر و دەوروبەری، هەنگاوێكی گرنگە بۆ گەیاندنی داخوازیی خەڵكەكەی بە لێپرسراوان و دەرخستنی ئەو راستییەی كە ئیدارەی شارەكە چیان بەسەر دانیشتووانەكەی هێناوە. هەر لەو سۆنگەیەوە دەكرێ دووتوێی (كوردستانی نوێ - هەولێر) ببێتە ئەو مینبەرەی بەشێوازێكی جیاوازتر لەخزمەت هەولێرو شار و شارۆچكەكانیدا بێت، هۆكارێكی فشار بێت لەسەر ئیدارەی شارەكە، لە پێناو راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی و ئیداریی، تاكو لە رێگای بابەتە هەمەچەشنەكانی و بەشێوەیەكی جیاوازتر ببێتە دەنگی خەڵك و بەرگریكاری راستەقینەی ژیان و گوزەرانیان .
دووتوێی كوردستانی نوێ- هەولێر