بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزەكانیان لەلای حكومەت

بەڵێندەرانی هەولێر بایكۆتی وەرگرتنی تەندرینگ و دەستپێكردنی پڕۆژەكان دەكەن

12:55 - 2024-11-13
دووتوێ
274 جار خوێندراوەتەوە

ئا: سامان عەبدوڵڵا


بەهۆی ئەوەی پارەیەكی زۆریان لەلای حكومەتە و ماوەی چەند ساڵێكە پێیاننادرێتەوە، یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان لقی هەولێر لە بەیاننامەیەكدا داوا لە سەرجەم كۆمپانیا و بەڵێندەرانی شارەكە دەكات بەهیچ شێوەیەك بەشدارنەبن لە پڕۆسەی تەندەرینگ، ئەندامێكی لقی هەولێر رایدەگەنێت زۆربەی بەڵێندەران بەهۆی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانیان، مایەپووچ بوون و تووشی چەندین كێشەی دارایی‌ و كۆمەڵایەتی بوونەتەوە.

 


قەرەنی كوێخوا ئەندامی لقی هەولێری یەكێتی بەڵێدەرانی كوردستان بۆ کوردستانی نوێ  :
ئێمە وەك بەڵێندەرانی هەولێر پارەیەكی زۆرمان لەلای حكومەت ماوەتەوەو بۆ چەندین ساڵ دەچێت بۆمان خەرج ناكەن

قەرەنی كوێخوا ئەندامی لقی هەولێری یەكێتیی بەڵێدەرانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە وەك بەڵێندەرانی هەولێر پارەیەكی زۆرمان لەلای حكومەت ماوەتەوەو بۆ چەندین ساڵ دەچێت بۆمان خەرج ناكەن، ئەمەش وایكردووە بەشێكی زۆر لە بەڵێندەران قەرزاری بازاڕبن و بەهۆیەوە زیاتر لە 800 كۆمپانیا و بەڵێندەر مایەپووچ بوونی خۆیان راگەیاندووە، جگە لەزیانی ماددی، رووبەڕووی چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی بوونەتەوە لەبەر ئەم كێشەیە. 
وتیشی: هەر بەهۆی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانیان بەڵێندەرانی هەولێر، ناتوانن  پڕۆژەكانیان تەواوبكەن، كە زۆربەیان لە گەڕەك و ناوچە هەژار نشینەكانی هەولێرن و پەیوندیی بە دروستكردنی رێگا و قوتابخانە و ئاوەڕۆ و خزمەتگوزارییەكانی ترەوە هەیە. 
راشیگەیاند: هەر بۆئەوەی مافەكانمان پێبدەن، بۆ چەندینجار كۆبوونەوە و دانیشتمان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و لێپرسراوانی حزبی و حكومی كردووە و پێمانراگەیاندوون كە بەڵێندەران لەبارودۆخێكی خراپدان و ناتوانن بەردەوامبن، كەچی تاوەكو ئێستا هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرتووە بۆئەوەی قەرزەكانمان بدەنەوە، هەر ئەمەشە وایكردووە ئێمە وەك بەڵێندەرانی هەولێر بایكۆت رابگەیەنین و هیچ تەندرێك بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان وەرنەگرین و كارەكان رابگرین.ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە لە داواكارییەكانمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێم، داوای150ملیار دینارمان كردووە، تاوەكو بتوانین پڕۆژەكان دەست پێبكەینەوە، ئەمەش بڕێكی زۆر نییە بە بەراورد بەو پارە زۆرەی کە بەڵێندەران لەلای حكومەت هەیانە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان