"پێویستە خەڵکى ناوچە دابڕێنراوەکان کە لە هەرێم نیشتەجێن، بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان"

10:37 - 2024-11-16
کوردستان
192 جار خوێندراوەتەوە


هۆشداری لە کەمبوونەوەى رێژەى کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکان دەدرێت و پێویستە سەرجەم ئەو کەسانەى خەڵکى ناوچە دابڕێنراوەکانن و لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن، بۆ رۆژانى سەرژمێری بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان.
مەحمود عوسمان، سەرۆکى دەستەى جێبەجێکارى سەرژمێریى گشتى لە عیراق رایگەیاند، لە رێگەى ناردنى نامە و سەنتەرى پەیوەندیى سەرژمێرییەوە چەندین هەوڵمان داوە بۆ گەڕانەوەى ئەو کەسانەى خەڵکى کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانن و لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن، بەڵام هەوڵەکانمان سەرکەوتوو نەبووە.
وتیشى، ئەگەر ئەو کەسانە نەگەڕێنەوە شوێنى خۆیان، لە رۆژانى سەرژمێری لەسەر ئەو ناوچەیە تۆمار دەکرێن کە لە ئێستادا لێی نیشتەجێن.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە ساڵى 2019ەوە لەگەڵ حکومەتى عیراق لە هەوڵداین بۆ گێڕانەوەى ئەو کەسانەى خەڵکى کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانن و لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن، هەروەها ئەو عەرەبانەى کە لەو ناوچانە نیشتەجێکراون بە مەبەستى گەڕانەوەیان بۆ شوێنى خۆیان، بەڵام هەوڵەکەمان سەرکەوتوو نەبوون.
دەشڵێت، دوایینجار لە رێگەى سەرۆک کۆمارى عیراقەوە هەوڵیانداوە ئەو گرفتە چارەسەر بکەن و پاش دانیشتنیان لەگەڵ سەرۆک وەزیران بڕیاردراوە، پاش سەرژمێری ئەو کەسانەى لە شارەکانى هەرێمى کوردستان نیشتەجێن و فۆڕمى خۆراک و کارتى نیشتمانى و سەرژمێریی ساڵى 1957ـیان کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانە، سەرجەمیان تۆماریان بۆ جیابکرێتەوە و بنێردرێنەوە بۆ پارێزگاکانى خۆیان، بەڵام جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە ئاسان نییە.
مەحمود عوسمان داوایکرد، ئەو کەسانەى خەڵکى کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانن، بۆ رۆژانى سەرژمێری بگەڕێنەوە شوێنى نیشتەجێبوونى خۆیان، بۆ ئەوەى رێژەى کورد لەو ناوچانە کەم نەکات.
لەبارەى ئەو عەرەبانەى لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن مەحمود عوسمان وتى، بۆ رۆژانى سەرژمێری سەرجەم ئەو کەسانەش لەو شوێنانە تۆماردەکرێن کە لە ئێستادا تێیدا نیشتەجێن.
بڕیارە رۆژانی 20 و 21ـى تشرینى دووەمى 2024، سەرژمێریی گشتی لە عیراق و هەرێمی کوردستان بکرێت و هەردوو رۆژەکەش هاتوچۆ قەدەغە دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان