چوارەمین خولی دەرچووانی كۆلیژی سەربازیی قەڵاچوالان

09:13 - 2024-11-17
کوردستان
83 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی هەرێم: یادی سەرۆك مام جەلال بەرزدەنرخێنین، كە لە ساڵی 1992ەوە بیری لەوە كردووەتەوە تا ئەم كۆلێژە سەربازییە دابمەزرێت لەپێناوی خزمەتكردنی كوردستاندا

قوباد تاڵەبانی، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك، نووسیویەتی:
پیرۆزبایی لە هەموو دەرچووانی ئەفسەری كۆلیژی سەربازیی قەڵاچوالان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم لە خزمەتكردنی نیشتمان و پاراستنی كوردستاندا.
خۆشحاڵبووم لەگەڵ بەڕێزان كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و كاك جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم و كاك شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و بەئامادەبوونی خانمی یەكەمی عیراق، بەشداربووم لە رێوڕەسمی دەرچووانی ئەفسەرانی كۆلیژی سەربازیی قەڵاچوالان.

دوێنێ، لە كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، لەڕێوڕەسمێكی تایبەتدا ئاهەنگی دەرچوونی خوێندكارانی خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران، بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەكە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و كەسوكاری خوێندكاران، بەڕێوەچوو.
شۆڕش ئیسماعیل: ئەم خولانە دەستكەوتی گرنگن  لە دەستپێكی رێوڕەسمەكەدا، شۆڕش ئیسماعیل، لە وتەیەكیدا پیرۆزبایی لە دەرچووان و كەسوكاریان كرد و رایگەیاند: ئەم خولانە دەستكەوتێكی گرنگن، پێویستە خوێندكارانی دەرچوو برەو بە وانە سەربازییەكانیان بدەن و لە خزمەتی هێزی پێشمەرگەدا بەكاریبهێنن، كە ئەمە سەرەتای رێگە و قۆناغێكی نوێیە بۆتان، وتیشی: دەبێت رۆڵی سەرۆك مام جەلال لەبیرنەكەین كە ئەم كۆلێژەی دامەزراندووە.
ئاماژەی بەوەشكرد وەزارەتی پێشمەرگە بە پلان و بەرنامە و ستراتیژی دوورمەودا لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و بنیاتنانی سوپایەكی یەكگرتووی نیشتمانی.

نێچیرڤان بارزانی: پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانمان، دامەزراوەیەكی نیشتمانی بن
هەروەها، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم 769 گەنجی وڵاتەكەمان، بە گوڕوتینێكی نوێوە، چەكدار بە زانست و دیسپلینی سەربازی، لەم كۆلیژە بە توانایە دەردەچن، وتیشی: لەم رۆژەدا یادی سەرۆك مام جەلال بەرزدەنرخێنین كە لە ساڵی 1992ەوە بیری لەوە كردووەتەوە تا ئەم كۆلێژە سەربازییە دابمەزرێت لەپێناوی خزمەتكردنی كوردستاندا، راشیگەیاند: پێویستە پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانمان، دامەزراوەیەكی نیشتمانی بن، ئەم هێزانە، دەبێت سەر بە نیشتمان و گەلی كوردستان بن، بە هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستانەوە.
ئاماژەی بەوەشدا كە «ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی عیراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بەگشتی دەكەن»، وتیشی: داوا لە هەموو هێزە سیاسییە براوەكان دەكەم كە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان لە سەرووی هەموو شتێكەوە دابنێن، گفتوگۆیەكی جددی، بەرپرسیارانە دەستپێبكەن، بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و كارا. حكومەتێك كە وەڵامگۆی چاوەڕوانییەكانی خەڵك بێت. بتوانێت سەركەوتووانە رووبەڕووی مەترسی و ئاڵنگارییەكانی ئێستا و داهاتوو ببێتەوە.
لە چوارەمین خولی دەرچووانی كۆلیژی سەربازیی قەڵاچوالان، 769 ئەفسەر كە 48یان ژنن، بڕوانامە و خەڵاتیان پێبەخشرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان