ئەندامێکی لیژنەی دارایی بۆ کوردستانی نوێ: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نافەوتێت

09:45 - 2024-11-24
کوردستان
30 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت: بەپشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق، حكومەتی فیدراڵ بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنێرێت، ئاماژەی بەوەشكردووە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی مووچە، بۆ كێشە تەكنیكییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا دەگەڕێتەوە، نەك گرفتی دیكە.
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەك پێشتر ئاماژەمان بۆ كردبوو، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵ هیچ مووچەیەكی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نافەوتێت و پێویستە خەرج بكرێت، وتیشی: وەك لە یاسای بودجە عیراقدا هاتووە، مووچەی 12 مانگی مووچەخۆرانی سەرجەم عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دابینكراوە و لەو بارەیەوە هیچ گرفتێك نابێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، هۆكاری سەرەكیی نەناردنی مووچە دەخاتەڕوو و دەڵێت: هۆكاری سەرەكیی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بۆ كێشە تەكنیكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە لیستی مووچە و داهاتی ناوخۆوە هەیە، بەڵام هەموو ئەوانە نابنە رێگر لەبەردەم نەناردنی مووچەی فەرمانبەراندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان