عیماد ئەحمەد: سەرژمێری گشتی بۆ کورد چارەنووسسازە

03:41 - 2024-11-17
کوردستان
401 جار خوێندراوەتەوە


عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گرنگی پڕۆسەی سەرژمێری و بەشداریی کورد و کاریگەریی لەسەر داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عیراق رایگەیاند: پرۆسەی سەرژمێری گشتی بۆ عیراق گرنگە بە تایبەت لەم قۆناغەدا بۆ کورد چارەنووسسازە، بۆیە ئەرکی هەموانە بە گوڕوتینی کوردانە مانەوە بەشداری بکەین و سەریبخەین تا بتوانین پێگەی کورد بەهێزتر بکەین و هاوسەنگی هێز لە عیراق بە شێوەیەک رێکبخەینەوە کە لە بەرژەوەندی هەرێمەکەمان و پاراستنی مافەکانماندا بێت .
عیماد ئەحمەد وتیشی، ئەم پرسە لە ناوچە دابڕێندراوەکانمان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ کورد زۆر گرنگترە چونکە پەیوەستە بە پرسی کورد و خاک و نەتەوەوە بۆیە لەپێناوی ئایندەی کوردبوونمان لەو سنوورانە ئەرکمانە پەرۆشانە بەشداری تێدابکەین و سەنگی کورد بە سەربەرزییەوە دەربخەین چونکە ئەم هەنگاوە پشتیوانێکی باش دەبێت بۆ پاراستنی ناسنامەکانمان و کوردستانی بوونمان و رێگرکردن لەو بیرە شۆڤێنییانەی مەرامیانە ئارامی و پێکەوەژیان بخەنە مەترسییەوە.
لەو رووە داوای لە هەموو ئەو کەسانەش کرد کە نیشتەجێی پارێزگاکانی هەرێمن و خەڵکی  ناوچە دابڕێندراوەکانن، ئەم چەند رۆژە بگەڕێنەوە خاکی باو و باپیرانیان و بەشداری سەرژمێری بکەن و بوونی خۆیان بسەلمێن لەپێناوی پارێزگاری لە کوردستانیبوونی ناوچەکانمان و بەهێزترکردنی پێگەی کورد چونکە دڵنیاین تا دەنگی کورد دلێرتر و بەهێزتربێت ئارامی و ئاسایش زیاتر لەو سنورانە پارێزراوتردەبێت و ئەو کەلتووری برایەتی و پێکەوەژیانەشی کە لە نێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکاندا هەیە، پارێزراوتر دەبێت.
عیماد ئەحمەد روونیکردەوە، پرسی سەرژمێری پەیوەست نییە بە هیچ حزب و لایەنێکەوە بەڵکو بۆ ئێمە کورد بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی و شەڕی دیموکراسیانەمانە لەپێناوی پاراستنی خاک و زمانەکەمان بۆیە داوا دەکەین لە هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەکگرتووی کاربکەن بۆ سەرخستنی ئەم پرسە بە ویستی گەلەکەمان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان