راپۆرتی، رەهێڵ سەمەد
هەولێرمۆڵ، بریتییە لە باڵەخانەیەكی سێ نهۆمی زیاتر لە 125دوكانی لەخۆگرتووە، كە سەدان هەلی كاری بۆ كاسبكارانی شارەكە رەخساندبوو، بەڵام بەهۆی سووتانی مۆڵەكە لەلایەك و دروستبوونی كێشە لە نێوان خاوەن مۆڵەكەکە و دوكاندارەكان، ئەو بازاڕە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بەنیمچە داخراوی ماوەتەوە و دوكانداران وەكو پێویست ناتوانن كاروكاسبی تێدا بكەن، بە وتەی دوكاندارانی زیانلێكەوتوو، كێشەكەیان لەگەڵ خاوەن موڵكەكە لە دادگایە و چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی دەكەن.
یەكێك لە دوكاندارەكانی ئەو مۆڵە كەنەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بکات پێیوتین: من بەشێوەی سەرقفڵانە دوكانی ئەم مۆڵەم كڕیوە، هەرچەندە دوكانەكەم كراوەتەوە، بەڵام هیچ كڕیارێك سەردانی مۆڵەكە ناكات، ئێمەش چاوەڕێی ئەوەین تاكۆتایی ئەمساڵ كێشەكەمان یەكلاببێتەوە.
وتیشی: كێشەكەش لە خاوەنی مۆڵەكەیە كە دوكانەكان بە كرێ نادات بەخەڵك تاوەكو ئاوەدان بكرێتەوە، یان دوكاندار هەیە بەسەرقفڵانە دوكانەكەی كڕیوە، بەڵام خاوەن مۆڵ کرێی زۆری لێوەردەگرێت و بۆمان كەم ناكاتەوە.
راشیگەیاند: هۆكاری سەرەكی بێ بازاڕی هەولێرمۆڵ بۆ سووتانی ناگەڕێتەوە، بەڵكو ئەگەر نۆژەن بكرێتەوەو بیدەن بە كەسێكی تر، ئەوا بە یەك هەفتە كڕیاری خۆی بۆ دەگەڕێتەوە، ئێستاش ئەو چەند دوكانەشی كە بەكراوەیی ماوەتەوە، بەهۆی ئەوەیە كە كاری جوملەفرۆشی دەكەن بۆیە دایاننەخستووە.
یەكێكی تر لە دوكاندارەكانی بازاڕەكە كە بە بێكاری بە دیار كاڵاكانی دانیشتبوو وتی: من دوكانەكەم بە 27 هەزار دۆلار(27 دەفتەر) وەكو سەرقفڵانە لێیان كڕیوە، راستە ئێستا كرێی مانگانە نادەم بەڵام هیچ كاروكاسبییەكمان نەماوە.
وتیشی: ئێمەی دوكاندارەكان داوامان لە خاوەن مۆڵ كردووە بەهۆی سوتانەكەیەوە نۆژەنی بكاتەوەو دواتر ریكلامی بۆ بكات، چونكە بەهۆی نزیكی شوێنەكە لە سەنتەری شار ئەو مۆڵە كێشەی هاتنی كڕیاری نییە، بەڵام خاوەنەكەی هیچ كاردانەوەیەكی نییە، ئەوەی هەیە لایەنی حكومەت لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئەوەی ئاوەدان بكرێتەوە.
فەرمان عەبدوڵڵا لە ئەنجومەنی دوكانەكانی هەولێرمۆڵ بە كوردستانی نوێی راگەیاند: كێشەی دوكاندارەكانی هەولێرمۆڵ ئەوەیە، خاوەنەكەی فێڵی لێیانكردووەو ماوەی چوار ساڵە كێشەكە چارەسەرنەكراوە، لەكاتێكدا ئێمە هەموومان دوكانەكانمان لە خاوەن موڵكەكە كڕیبوو، مانگانەش كرێی لە ئێمە وەردەگرت، ئەو موڵكەش لەبنەڕەتدا هی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، دەبوایە بكرێت بە نەخۆشخانە، لەكاتی سەردانكردنی وەزیری كاریش بە ئێمەی راگەیاند، ئەوان زەوییەكەیان داوە بەو كەسە كە نابێت بیكات بە مۆڵ، بەڵام دواتر فێڵیان لە وەزارەتی ناوبراویش كرد و كردیان بەو بازاڕە.
وتیشی: دروستكردنی مۆڵەكە لە پێشوودا بەشێوەی موساتەحە دراوە بە خاوەنەكەی، كە بۆ ماوەی 20 ساڵ بووە و كۆتایی ئەمساڵ ماوەی موساتەحەكە تەواو دەبێت، خاوەنەكەی ساڵانە بڕی 9 ملیۆن دیناریان وەكو هەقی موساتەحە دەدا بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، لەكاتێكدا دوكانداران مانگانە 6 دەفتەر دۆلار وەكو كرێ و خزمەتگوزاری بەخاوەن مۆڵەكە دەدەن.
لە بارەی سووتانی ئەو مۆڵە وتی: شەوی سووتانەكە، مۆڵەكە پاسەوانی نەبووەو كامێراكانی چاودێریش كاریاننەكردووە، هاوكات سیستەمی ئاگركوژێنەوەشی تێدا نەبووە، دواتریش لایەنی حكومەت بۆی دەركەوتووە، مۆڵەكە بۆ فێڵكردن لە دوكاندارەكان سوتێنراوە، ئەوكات نزیكەی 15 دوكان سووتان و ئەوانی تریش هەموویان بەهۆی دوكەڵەوە زیانیان بەركەوت، دوكان هەبوو 4 تا 5 دەفتەر دۆلار زیانی بەركەوتووە، دواتر خاوەنەكەی كەسێكی دەستڕۆیشتوویان هێنا و پێی راگەیاندین مۆڵەكەم كڕیوەتەوە و سكاڵام لەسەر تۆمار مەكەن بۆتانی نۆژەن دەكەمەوە و هاوكات قەرەبووشتان دەكەمەوە، دواتر دەركەوت قسەی ناڕاستی بەئێمە وتووەو قەرەبووشیان نەكردینەوە.
وتیشی: هــــــۆكاری فەرامۆشكردنی نۆژەنكردنەوەی مۆڵەكە لەلایەن خاوەنەكەی لە دوای سووتانی بۆئەوە دەگەڕێتەوە، ماوەی گرێبەستی موساتەحەكەی لەگەڵ حكومەت تەواو بووە، ئێستاش پەڕاوی كێشەی مۆڵەكە لە داواكاری گشتی و وەزارەتی كارە، كەچی هێشتا خاوەن مۆڵەكە لە دادگا سكاڵای لە دژی ئێمەی دوكاندار تۆمار كردووە.