پێشنیازێكی روسیا بۆ چارەسەری تەنگژەی ئۆكرانیا

08:11 - 2022-03-17
ڕاپۆرت
400 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە، هێرشی سەربازیی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا بەردەوامە ‌و وێڕای زیانە گیانی ‌و مادییەكان لە هەردوولا، ملیۆنان كەس لە ئۆكرانیا ئاوارەبوون ‌و روویانكردۆتە وڵاتانی دەوروبەر. ئەوەش لە كاتێكدایە وەفدی دانوستانكاری هەردوو وڵات درێژە بە كۆبوونەوەكانیان دەدەن بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ ‌و لە تازەترین پێشهاتیشدا، روسیا پێشنیازێكی كردووە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكە.

پوتین: ئۆكرانیا بێلایەن بێت
لە نوێترین وتاری تەلەفزیۆنیدا، دوێنێ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا رایگەیاند: پڕۆسە سەربازییەكانیان لە ئۆكرانیا سەركەوتووبوون ‌و پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە پێشڕەویدایە بەرەو سنوورەكانیان ‌و لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی روسیا، تەنها بژاردەی پڕۆسەی سەربازییان بۆ هێشتنەوە. وتیشی: رێگەنادەین ئۆكرانیا بكرێتە پێگەیەك بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتەكەمان ‌و هەڕەشە لە ئاسایشی روسیا بكرێت، بۆیە دەبێت ئۆكرانیا بە بێلایەنی بمێنێتەوە ‌و چەكە قورسەكانیشی لێ دابماڵرێت.

ئۆكرانیا وەكو نەمسا ‌و سوید بێت
كۆشكی كریملین رایگەیاند: پێشنیازی ئەوەی كە ئۆكرانیا وڵاتێكی بێلایەن بێت ‌و وەكو نەمسا ‌و سوید خاوەنی سوپای تایبەتی خۆی بێت، دەكرێ ببێتە چارەسەرێكی ناوەند لە وتووێژەكانی نێوان مۆسكۆ ‌و کیێڤ-دا.

ئاژانسەكانی هەواڵی روسیا لە زاری دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژی كریملین، بڵاویانكردۆتەوە: دەكرێت ئۆكرانیا هاوشێوەی نەمسا ‌و سوید وڵاتێكی بێلایەن بێت، بەڵام لە هەمانكاتدا سوپا ‌و كەشتیگەلی تایبەت بەخۆی هەبێت. وتیشی: ئەوە پێشنیازێكە ‌و ئێستا تاوتوێی دەكەن ‌و دەكرێت ببێتە چارەسەرێكی ناوەند بۆ تەنگژەی نێوان مۆسكۆ ‌و كیێڤ. لە بەرامبەردا، سەرۆكایەتیی ئۆكرانیا ئەو پێشنیازەی رەتكردۆتەوە كە وڵاتەكەیان وەكو سوید ‌و نەمسا بێت ‌و داوای گەرەنتی ئەمنیی رەهایان لە روسیا كردووە.

گەرەنتیی ئەمنی
میخائیلۆ بودولیاك دانوستانكاری ئۆكرانی دەڵێت: ئێستا وڵاتەكەی راستەوخۆ لەگەڵ روسیا لە جەنگدایە ‌و گەرەنتیی ئەمنی لەو وڵاتە دەوێت. واتە، ئەو وڵاتانەی ئیمزا لەسەر گەرەنتییە ئەمنییەكە دەكەن، لە ئەگەری هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا ئەوا بە بێلایەن نامێننەوە ‌و بەشێوەیەكی كارا لە بەرژەوەندیی كیێڤ لە تەنگژەكەدا بەشداردەبن.

لاڤرۆڤ: دەكرێت هەردوولا رێكبكەون
لای خۆیەوە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند: ئێستا دۆخی بێلایەنیی ئۆكرانیا بە جددی تاوتوێ دەكرێت ‌و ئەوەی پەیوەستیشە بە گەرەنتیی ئەمنییەوە، بۆچوونی دیاریكراو هەیە ‌و دەكرێت هەردوولا لەسەری رێكبكەون.

پێشتریش ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاندبوو: وڵاتەكەی دەزانێت كە ناتوانێت ببێتە ئەندامی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، ئەوەش رەنگە كەمێك لە نیگەرانی ‌و مەترسییەكانی مۆسكۆ كەمبكاتەوە، چونكە هەوڵەكانی ئۆكرانیا بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ، بەلای روسیاوە مەسەلەیەكی زۆر هەستیار بوو.

زیلینسكی: پێویستیان بە كاتی زیاترە
سەبارەت بە دانوستانەكانیش، سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند: هەڵوێستی دانوستانكارانی روسیا زیاتر واقعین ‌و ئاماژەیدا بە چەند تێبینییەكی ئیجابی لەسەر بەڕێوەچوونی دانوستانەكان، بەڵام لە هەمانكاتدا بەپێویستیزانی كە بەردەوامبن لە بەرگریی. وتیشی: لەبەرئەوەی هەڵوێستەكان زیاتر واقعین، كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوو وەفدی دانوستانکاری وڵاتەكەی ‌و روسیا بەردەوامن، بەڵام پێویستیان بە كاتی زیاترە بۆ بڕیاردان لە بەرژەوەندیی ئۆكرانیا.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان