رێزان عه‌زیز پشتیوان - خانەقین
سەرەتا
پاش بێ ئاگابوون و نوستنێكى قووڵى دوورودرێژ، میلله‌تێكى خنكاو له‌ناو خه‌یاڵێكى لێژو گێژ، ماشه‌یه‌ك بوون به ده‌ست دوژمنێكى زمان لووس و خۆش بێژ، كه هیچ كات و ساتێك نه‌یانهێشتووه كورد بگات به ئامانج، یاخود ببێت به‌خاوه‌ن گیان و هه‌ستێكى ساڕ‌ێژ. كه‌سانێك له‌و سه‌رده‌مه‌دا، بۆ رزگارى كورد و كوردستان، هاتنه وتوو وێژ و راوێژ، ئه‌گه‌ر به شه‌و ئه‌گه‌ر به‌ڕۆژ، قسه‌و باسیان هه‌ر ده‌یانگووت ئه‌ى لاوینه، تێبكۆشن خاك و میلله‌ت نه‌كه‌ن فه‌رامۆش.
له خه‌و هه‌ستن دره‌نگه میلله‌تى كورد خه‌و زه‌ره‌رتانه
هه‌موو تأریخى عاله‌م شــاهیدى فه‌زڵ و هونه‌رتانـــــه
ده‌سا تێكۆشن ئه‌ى قه‌ومى نه‌جیب و بێكه‌س و مه‌زڵووم
به گورجـى قه‌تعیكه‌ن ئه‌و رێگه دووره‌ى وا له‌به‌رتانـــــه
(ئەحمەد موختار جاف 1897 - 1935)
له سه‌ره‌تاى چه‌رخى بیسته‌مى رابردوودا، كه‌سانێكى رۆشنبیر له نه‌وه‌ى ئه‌م خاكه‌دا، به بیروباوه‌ڕى كوردایه‌تى هاتنه گۆڕه‌پانى خه‌بات و تێكۆشان و ده‌ستیانكرد به بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى له‌ناو جه‌ماوه‌رى كورددا. سه‌ره‌تاى ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه، له ئه‌سته‌مبوڵى پایته‌ختى ده‌وڵه‌تى عوسمانییه‌وه ده‌ستیپێكرد.
زۆربه‌ى میلله‌تانى دونیا گه‌یشتن به ئامانجى خۆیان، كه ئازادى و سه‌ربه‌خۆییه، میلله‌تى كوردیش به‌جێ ماوه!، چونكه ژێر ده‌ستى ئه‌و رژێمانه بووه و ساڵه‌هاى ساڵه، نه‌یانهێشتووه كورد ببێت به ده‌وڵه‌ت و حوكمى خۆى بكات. ره‌فتارو پیلانى هه‌موو رژێمه‌كان، هه‌مان فێڵ و هه‌مان هوقه‌بازییان له‌گه‌ڵ كورددا كردوون. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌وى(1)، ئه‌گه‌ر عه‌باسى(2)، ئه‌گه‌ر عوسمانى (3)، ته‌نانه‌ت پاش به ده‌وڵه‌تبوونى عیراق له ساڵى(1921ز) هه‌مان یارى به ئه‌و نه‌خشه‌یه كراوه.
داگیرکەری عوسمانی
رژێمى عوسمانى به شێوه‌یه‌كى پیس و دڕندانه له‌گه‌ڵ كورددا ره‌فتارى ده‌كرد. سه‌رووى ئه‌و كرده‌وه پیسانه، سوكایه‌تیكردن بوو به میلله‌تى كورد، به هیچ جۆرێك قبوڵى نه‌ده‌كرد، كورد گه‌شه به خوێندن یان به بزوتنه‌وه‌یه‌كى سوودبه‌خش بدات، به‌و مه‌به‌سته هه‌تاكو كورد به به‌رده‌وامى هه‌ر ژێرده‌ست و خزمه‌تكاریان بێت. ئه‌گه‌ر رێزێكیشیان به كورد بدابایه! ئه‌وه له بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ئه‌و حورمه‌ت و ماستاوچێتییه‌یان ده‌نوواند، هانى كوردیانیش ده‌دا، كه به‌رده‌وام هه‌ر له‌ناو گێچه‌ڵ و شه‌ڕى ناوخۆییدا بن، چ له‌نێوان خۆیاندا! چ له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانى تردا! وه‌كو تورك و عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌ن. هه‌روه‌ها وه‌عزى مه‌لا به‌كرێگیراوه‌كانى ئه‌و رژێمانه، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌مى عوسمانێكاندا! هۆكارو یاریده‌رێك بوو بۆ عوسمانییه‌كان، كه كورد ده‌ست له شۆڕش بكێشێته‌وه و ئه‌وجا قه‌ڵاچۆى بكات. ئه‌رمه‌نه‌كان داواى مافى سه‌ربه‌خۆییان ده‌كرد، رژێمى توركیا كارێكى كرد به تیرێك دوو نیشان بشكێنێت، هه‌ردوو نیشانه‌كه‌ش گه‌یشته ئامانج و سه‌ركه‌وتنى به ده‌ستهێنا.
به‌ناوى ئایینه‌وه هانى كوردى ده‌دا، بۆ بنبڕكردن و له‌ناوبردنى ئه‌رمه‌نه‌كان، رژێمى توركیا به‌و سیاسه‌ته سه‌ركه‌وتنێكى باشى به‌ده‌ستهێنا. ئه‌و ماشه‌یه، كه ماشه‌یه‌كى ئایینى بوو، به‌ده‌ستى توركه‌وه بوو. سه‌ر نووك و مه‌قاشى دوژمنایه‌تییه‌كى له نێوان (كورد‌و ئه‌رمه‌ن)دا خوڵقاندن، له هه‌مان كاتیش‌دا، ماشه‌كه‌ش، كوردى ئه‌و سه‌رده‌مه بوو. به‌ناو و بیانووى ئایینه‌وه. له‌لایه‌كى تره‌وه، پاش ئه‌وه‌ى توركیا قه‌ڵاچۆى ئه‌رمه‌نى كرد و ده‌رگاى بۆ واڵا كرا! ئه‌وجا بیری له‌وه كردبوو كه چۆن كورد له‌ناو ببات.
له ساڵى 1914 هه‌تا ساڵى 1918، له یه‌كه‌مین جه‌نگى جیهانیدا، كه چوار ساڵى خایاند، به‌شێكى دیارى زۆربه‌ى سه‌ربازانى له‌شكرى عوسمانى كورد بوون. ئه‌و جه‌نگاوه‌ره كوردانه، كه به ناوى سه‌ربازییه‌وه پاڵیان پێوه نرا و ره‌وانه‌ى ئه‌و جه‌نگه كران! زۆربه‌یان كوژران. له دوا رۆژانى جه‌نگه‌كه‌ش، ئه‌وه‌ى له ژیاندا مابوو، له گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و توركیا، بێ سه‌ردار و بێ رژێم و بێ ئازووقه! له ناو كۆڵانه‌كانى شارى (موسڵ) هه‌موویان له‌برساو له سه‌رما ژیانیان له‌ده‌ستدا و مردن. *(4)
له‌م دونیایه‌دا په‌یڕه‌وێك و یاسایه‌ك هه‌یه پێى ده‌وترێت( كار و كاردانه‌وه -- الفعل ورد الفعل)، هه‌ردووكیان له كێشه‌و له ته‌وژمدا یه‌كسانن، به یه‌كسانیش دژایه‌تى و به‌رامبه‌ربوونه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئه‌و كرداره نامرۆڤایه‌تییه، كه له‌گه‌ڵ كورددا كرا، كه‌سانێكى رۆشنبیر و خاوه‌ن بیروباوه‌ڕى كوردایه‌تى، بۆ به‌دیهێنانى مافه‌كانى گه‌لى كورد، هاتنه مه‌یدانى خه‌بات و تێكۆشان. من وه‌كو كوردێك یاخود وه‌كو رۆشنبیر و نووسه‌رێك، كه ئاگام له قۆناغه سه‌خته‌كانى ژیانى كورد بووه، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌مى(ئه‌نفالكردنى كورد)دا، ئه‌وه‌م بۆ روون بووه‌ته‌وه، میلله‌تى كورد هیچ كاتێك زوڵمى له كه‌س نه‌كردووه، به‌ڵكو هه‌ر ستەمی لێكراوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كورد به درێژایى مێژوو! هه‌ر ئاشتیخواز بووه و به به‌رده‌وامى، به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ى كه ستەمیان له كورد كردووه، كوردیش هه‌ر لێبورده بووه.
مامۆستا عه‌زیز پشتیوان له گه‌ڕه‌كى(باب الشیخ) له به‌غداد، شوقه‌یه‌كى به كرێ گرتبوو و له‌وێ به ته‌نها ده‌ژیا. یاداشته‌كانى سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنى حزبى هیوا له خانه‌قین، دووباره تۆمار كردبوو. جێماوه‌ى عەزیز پشتیوان له هه‌موو موڵك و سامانى، ته‌نها ئه‌و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌یه كه له‌سه‌ر حزبى هیوا نووسیویه‌تى و ئێستا له كتێبخانه‌كه‌م پارێزراوه
هەڵوێستی کورد بەرامبەر بە دوژمنەکانی
ساڵى 1991 له راپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ى گەلی كورددا دژ به رژێمى به‌عس، دوو فه‌یله‌ق(5) له سه‌ربازه‌كانى رژێمى به‌عس، كه ئه‌نفالى كوردیان كردبوو و هه‌زاران كورد به‌ده‌ستى ئه‌وان زینده‌به‌چاڵ كرابوو، هه‌موویان به دیل گیران و كه‌وتنه ژێر ده‌سه‌ڵاتى پێشمه‌رگه، سه‌ركرده و كاربه‌ده‌ستانى پێشمه‌رگه! وه‌كو میوان له‌گه‌ڵ ئه‌و دیلانه ره‌فتاریان ده‌كرد. ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته كه كورد له‌گه‌ڵ ئه‌واندا كردی، گرنگترین به‌ڵگه‌یه كه له مێژووى گه‌له‌كه‌ماندا نووسراوه. لاى خاچى سوورى نێوده‌وڵەتیش تۆمار كراوه.
پاش پیلانه‌كه‌ى(الجزائر) دژ به كورد له 6/3/1975، براده‌ریكم پێشمه‌رگه بوو، كه هاته‌وه بۆ زیدوماواى باوك و باپیرانى له خانه‌قین ئه‌وجا شاڵاوگه‌ى ڕاگواستن به‌رێ كه‌وت و ره‌وانه‌ى پارێزگاى ره‌مادى كرا. ناوى مسته‌فا سه‌ید سلێمان بوو. خه‌ڵكى ئاوایى مه‌ركه‌ز حدود بوو، نه‌خوێنده‌وار بوو. رۆژێك له ئاهه‌نگێكى تایبه‌ت به به‌عسییه‌كان، لێپرسراوێكى به‌عسى سه‌ربه رێكخراوه‌كانى ره‌مادى، به مسته‌فاى وت :توخوا له سه‌رده‌مى پێشمه‌رگایه‌تیت چه‌ند سه‌ربازت له ئێمه كوشتووه؟ براده‌ره‌كه‌م (مسته‌فا مه‌ركه‌زى) وه‌ڵامى دایه‌وه‌و وتى : ئایا من بووم چووم بۆ به‌سره یان بۆ به‌غداد یان ره‌مادى و پارێزگاكانى ترتان هه‌تاكو لێتان بكوژم؟ یان هه‌ر ئێوه بوون ده‌هاتن بۆ كوردستان و له ئێمه‌تان ده‌كوشت؟!. له‌گه‌ڵ ئه‌و گوناهه گه‌وره‌یه كه ئێوه به‌رامبه‌ر به كورد كردووتانه!. ئێستاش گوناهه‌كه ده‌خه‌یته ئه‌ستۆى كورد‌و ده‌ڵێیت چه‌ند كه‌ست له ئێمه كوشتووه؟ .
هه‌روه‌ها مامۆستاى به‌ڕێز و خۆشه‌ویستم كاك محه‌مه‌د نورى فه‌ره‌ج، كه له قوتابخانه‌ى ناوه‌ندى و ئاماده‌یى خانه‌قین بۆ چوار ساڵ مامۆستا‌م بووه، رووداوێكى هه‌مان شێوه‌ى بۆ گێڕامه‌وه و وتى : له‌و ساڵانه‌ى كه مامۆستایان به‌ره‌و خوارووى عیراق راگوێزران، وا رێكه‌وت چه‌ند مامۆستایه‌ك به‌ره‌و ناحییه‌ى(مه‌یموونه)ی سه‌ربه لیواى(عیماره) بران و له‌وێ نیشته‌جێكران.
رۆژێكیان ئه‌و مامۆستا كوردانه، كه له‌وێ بوون، چوون بۆ سه‌رخۆشى و پرسه‌ى كه‌سوكارى سه‌ربازێكى عه‌ره‌ب، كه له كوردستان كوژرا بوو. له‌وكاته‌ى، كه هه‌ڵسان و به‌ره‌و لاى باوكى كوژراوه‌كه ده‌چوون! یه‌كێك له دانیشتووه‌كان به ئه‌ویترى وت، كه له ته‌نیشتى دانیشتبوو! فه‌رموو بڕوانه كوڕمان ده‌كوژن و بۆ فاتیحایشمان دێن! هه‌ر له‌و ساته‌دا باوكى سه‌ربازه كوژراوه‌كه هه‌ستاو به هه‌ڕه‌شه‌وه ده‌ستیكرد به سه‌ركۆنه‌كردن ئه‌و عه‌ره‌به و ده‌مكوتى كرد، ئه‌وجا پێى وت : بێده‌نگبه هه‌ى وا.. وا لێكراو... ئه‌وان نه‌هاتن بۆ(مه‌یموونه) هه‌تاكو كوڕه‌كه‌م بكوژن، به‌ڵكو ده‌وڵه‌ت كوڕه‌كه‌مى نارد بۆ ئه‌وێ هه‌تاكو كوڕیان بكوژێت.
مامۆستا محەمەد كاكه‌یى(محەمەد پیروه‌لى)، له ساڵى(1975) له دوورخراوه‌كان بوو بۆ خوارووى عیراق له‌پارێزگاى(ناسرییە)، ئه‌ویش بابه‌تێكى بۆ گێڕامه‌وه و وتى :كه دوورخرام، له دێى گرێشات بووم، سه‌ر به پارێزگاى(ناسرییه). رۆژێكیان پیاوێكى ئه‌و ناوچه‌یه هات بۆ لام ناوى(هندى) بوو. ده‌ستی هێنا به سه‌رما و وتى: ئه‌مه‌وێ بزانم راسته كورد قۆچى هه‌یه؟ قۆچ = شاخ ؟.. مامۆستا(محەمەد پیر وه‌لى)یش پێى وت: توخوا با منیش سه‌یرى هه‌ردوو پێكانت بكه‌م بزانم راسته پێى عاره‌ب له پێى حوشتر ده‌چێت؟ به‌ڵام رۆژگار رووى درۆزنى ره‌ش كرد!. ئه‌وه‌ى كه به تۆى وتبوو كورد قۆچى هه‌یه! به منیشى وتبوو عەره‌ب حوشتر پێیه!. له‌م وڵاته‌دا، ئه‌و گاڵته‌جاڕییه ته‌نها به كورد و عه‌ره‌ب نه‌كراوه، به‌ڵكو زۆربه‌ى دانیشتووانى شاره‌كانى عیراق نوكته‌و گاڵته‌جاڕی جۆراو جۆریان پێكراوه.
رژێمی بەعس و گەلانی عیراق
گشت رژێمه‌كانى عیراق هانده‌رى ئه‌و دووبه‌ره‌كییه بوون، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس، راگه‌یاندنى به‌عس سووكایه‌تی به هه‌موو گه‌لى عیراقى ده‌كرد. بۆ نموونه: خه‌ڵكى موسڵ پاره‌په‌ره‌ست و قرچۆكن(بخیل).. كورد و دلێمییه‌كان بێمێشكن.. عه‌ره‌به‌كانى باشوورى عیراق هیچ سوودێكیان نییه و معێدى و شه‌ڕگاوی گه‌وجن. خه‌ڵكى(ناسرییه) پیس و چه‌په‌ڵن، خاوه‌نى داره چه‌په‌ڵه‌كه‌ن، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن(الشجرة الخبيثة) لقێكى ئه‌و داره چه‌په‌ڵه له باقوبه نێژراوه.. خه‌ڵكى حله نێربازن.. ژنانى به‌سره بێ ئه‌خلاقن.. *(6)
دواى نه‌مانى حزبى به‌عس، له ساڵى 2003، وه‌زعی ئه‌م وڵاته خراپترى لێهات. نه‌ك نوكته و گاڵته له‌سه‌ریه‌ك هه‌ڵده‌به‌ستن یان سووكایه‌تى به‌یه‌ك ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ده‌یان گروپى تیرۆر و تایفه‌یى په‌یدا بوون و یه‌ك یه‌ك ده‌كوژێت.
له سه‌ره‌تاى سەدەی بیسته‌مى چه‌رخى رابردوودا، هه‌تاكو ناوه‌ڕاستى ئه‌و چه‌رخه، چه‌ند رێكخراوێكى سیاسى و رۆشنبیرى له كوردستان دامه‌زرا. هۆى سه‌ره‌كیى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌و رێكخراوانه، به‌رامبه‌ربوونه‌وه‌یه‌ك بوو دژ به ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته نامرۆڤایه‌تییه، كه له‌گه‌ڵ میلله‌تى كورد ده‌كرا، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه داواى مافى گه‌لى كوردیان ده‌كرد. له‌و حزب و رێكخراوانه: كۆمه‌ڵه‌ى هێڤى قوتابیانى كورد(1912 - 1921)،خۆیبوون، ژیانه‌وه‌ى كورد، پشتیوان، برایه‌تى، هیوا(1939 - 1944)، ئازادى، رزگارى كورد، شۆڕش، پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان .. هتد .
راوەستاوەکان لە راستەوە: محەمەد محەمەد ئەمین، رەشید باجەڵان، م. عەزیز پشتیوان
دانیشتووەکە مامۆستا رەفیق چالاک
حزبى هیوا
چالاكترینى ئه‌و حزب و رێكخراوانه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا! كۆمه‌ڵه‌ى هێڤى قوتابیانى كورد بوو، كه له‌لایه‌ن چه‌ند قوتابییه‌كى كورد له ئه‌سته‌مبوڵ له ساڵى 1912 دامه‌زرا، هه‌تاكو ساڵى(1921) به‌رده‌وام بوو. دواتر حزبى هیوا(1939 – 1944( (7).
ئه‌ركى حزبى هیوا له‌و قۆناغه سه‌خته‌دا، بڵاوكردنه‌وه‌ى بیروباوه‌ڕى كوردایه‌تى بوو له هه‌موو ناوچه‌كانى كوردستان، كه ئه‌م كتێبه به ئه‌وه‌وه تایبه‌ته. له نووسینى ئه‌م بابه‌ته‌دا بووم! ده‌ستمكرد به پشكنینى سه‌رچاوه‌كانى ئه‌م حزبه له خانه‌قین، دواتر بۆم ده‌ركه‌وت هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه، كه تایبه‌ت بوون به كتێبخانه‌كه‌م و به حزبى هیوا، ساڵى 1974 له‌كاتى ده‌ستبه‌سه‌رگرتنى ناوماڵه‌كه‌مان، له‌لایه‌ن رژێمى به‌عسه‌وه له خانه‌قین! گشت كتێب و ده‌ستنووسه‌كانى مامۆستا عەزیز پشتیوان كه له ساڵى(1926) هه‌تاكو ساڵى(1974)، هه‌موو رووداوه‌كان و یاداشته‌كانى، كه رۆژ به رۆژ نووسیبووى! ئه‌و په‌رتووكانه، هه‌مووى له لایه‌ن رژێمى به‌عسه‌وه له به‌ربه‌یانى رۆژى 6/6/ 1974 به‌به‌ر چاوى خه‌ڵك و هاوسێكانه‌وه، سووتێنرا بوون.
مامۆستا عه‌زیز پشتیوان
ساڵى 1975ئه‌و كاته مامۆستا عه‌زیز پشتیوان له به‌غدا بوو، تازه له به‌ندیخانه رزگار ببوو. ژن و منداڵه‌كانیشى له خانه‌قین ده‌ركرابوون، په‌نایان بۆ سنوورى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پێشمه‌رگه بردبوو، ئه‌وجا بوون به په‌نابه‌رى ئێران.
مامۆستا عه‌زیز پشتیوان له گه‌ڕه‌كى(باب الشیخ) له به‌غداد، شوقه‌یه‌كى به كرێ گرتبوو و له‌وێ به ته‌نها ده‌ژیا. یاداشته‌كانى سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنى حزبى هیوا له خانه‌قین، دووباره تۆمار كردبوو. جێماوه‌ى عەزیز پشتیوان له هه‌موو موڵك و سامانى، ته‌نها ئه‌و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌یه كه له‌سه‌ر حزبى هیوا نووسیویه‌تى و ئێستا له كتێبخانه‌كه‌م پارێزراوه، سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كی ئه‌م كتێبه‌ش، ئه‌و ده‌ستنووسه‌یه. جگه له‌وه‌ش چونكه عەزیز پشتیوان باوكمه! منیش هه‌ر له منداڵییه‌وه هه‌تا دوا هه‌ناسه‌ى له 7/8/2001. له زۆربه‌ى كاره‌كانیدا! به‌رده‌وام له‌گه‌ڵیدا بووم، وه‌ك هاوه‌ڵ و براده‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كتردا قسه‌و ره‌فتارمان ده‌كرد. ئه‌و به منى ده‌وت كاك رێزان، منیش هه‌ر به كاك عه‌زیز و به‌ڵى كاكه وه‌ڵام و قسه‌م له گه‌ڵیدا ده‌كرد، بۆیه زۆربه‌ى رووداوه‌كان به زیندوویى له‌یادم ماوه. لێرەدا حه‌ز ده‌كه‌م راوێژ و قسه‌یەكی بەپێزی مامۆستا عه‌زیز پشتیوان به ئێوه‌ى به‌ڕێزو خۆشه‌ویست بگێڕمەوە كه رۆژێكیان پێى وتم: تاكو ده‌توانیت له‌م ژیانه‌دا، چاكه بكه و خه‌راپه مه‌كه. به‌تایبه‌ت چاكە بۆ میلله‌ته‌كه‌ت. كوردایه‌تییه‌كه‌ى ئێمه وه‌كو فه‌رزى نوێژه له ئه‌ستۆمان دایه، كه ئینسان بۆ خوا ده‌یكات(لانرید منكم جزا‌ءا و لا شكورا) هیچ خه‌ڵات و پاداشتێكمان لێتان ناوێ.
پەراوێز و سەرچاوەكان:
1) عەلائەدین سەجادی،(مێژووى ئه‌ده‌بى كوردى)، 1971ز، ل152.
2) گۆڤارى په‌یامى زانایان، گۆڤارێكى ئیسلامییه له سلێمانى ده‌رده‌چێت، ژماره(7)، ساڵى 2004 م ل 48 .
3) كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، (كورد له چه‌ند تۆمارێكى مێژوویی‌دا)، چاپخانه‌ى چوارچرا سلێمانى، ساڵى (2005)، ل -109 .121
4) له كتێبى: العراق خلال الحرب العالمیة الاولى عزیز الحاج.
5) فه‌یله‌ق: زاراوه‌یه‌كى سه‌ربازییه، هه‌ر فه‌یله‌قێك له پانزه هه‌زار سه‌رباز پێكهاتبوو.
6) عبدالخالق حسین،(من اسالیب البعث الخبيثة)، رۆژنامه‌ى الاتحاد، ژماره(2517) له رێكه‌وتى 5/10/2010 .
7) عومه‌ر عه‌لى شه‌ریف،(نۆ باس له مێژووى كورد)، چاپخانه‌ى رۆژهه‌ڵات – هه‌ولێر، ساڵى 2010 ل 135.