ئا: رێزە حسێن
بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە ساڵانی 2009 تا ساڵی 2013، بڕی 20 ملیۆن دینار وەك پێشینەی خانووبەرە بە هاووڵاتیان و فەرمانبەران دەدرا، بەڵام لە ساڵی 2014وە و بەهۆی دروستبوونی قەیرانی داراییەوە، پێدانی سەرجەم پێشینەكان راگیرا، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سلێمانیش رایدەگەیەنێت: لە ساڵی 2013 تا 2014، زیاتر لە سێ هەزار و 600 مامەڵەی هەڵواسراوی هاووڵاتیانیان لایە كە مافی سوودمەندبوونیان هەبووە لە وەرگرتنی پێشینە.
دەشڵێت: «تائێستا هیچ هیوایەك نییە، بۆ ئەوەی جارێكی تر هاووڵاتیان و فەرمانبەران سوودمەندبن لە وەرگرتنی قەرزی خانووبەرە».
ئەو پێشینەیە هاندەرێكی باشبوو
لە بەدواداچوونێكی كوردستانی نوێ-دا، هاووڵاتیان ئاماژە بەوە دەكەن، بڕیاری راگرتنی سەرجەم پێشینەكان، بەتایبەت پێشینەی خانووبەرە، زیانێكی گەورەی بە خەڵك و بازاڕ گەیاندووە، چونكە ئەو پێشینەیە هاندەرێكی باشبوو بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون.
پێشیانوایە: دەبێت حكومەتی هەرێم بە بڕیاری راگرتنی پێشینەكاندا بچێتەوە، چونكە بەبێ پلان و لە ناكاو بڕیارەكە دەركرا و بە خێراییش جێبەجێكرا، لەكاتێكدا مامەڵەی سەدان هاووڵاتی لە چوارچێوەی پارەدانی كەشف و رسومات كۆتایی هاتبوو، تەنیا چاوەڕێی وەرگرتنی پێشینەكە بوون.
بە نیگەرانییەوە ئاماژە بەوەش دەكەن: «بڕیاری راگرتنی پێشینەی خانووبەرە، غەدرێك بوو لە مافی هاووڵاتیانی كوردستان كرا».
لەوبارەیەوە، ئەرسەلان بەكر وەكو هاووڵاتییەك بە كوردستانی نوێ-ی وت: «لە ساڵی 2014وە وەك هاووڵاتییەك مافی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرەم هەیە، چاوەڕێم تا حكومەت یەكلام بكاتەوە، بە پووچەڵكردنەوەی مامەڵەكان و گەڕانەوەی ئەو پارەی وەك رسومات لێم وەرگیراوە، یاخود سوومەندبوون بە وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە كە مافێكی یاسایی خۆمە».
قەرزی فەرمانبەران وەرناگیرێتەوە
لای خۆیەوە، گوڵشەن حەمەئەمین بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سلێمانی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە ساڵی 2013 تا 2014، زیاتر لە سێ هەزار و 600 مامەڵەی هەڵواسراوی هاووڵاتیانمان لایە كە مافی سوودمەندبوونیان هەبووە لە وەرگرتنی پێشینە، چونكە سەرجەمیان مامەڵە یاساییەكانیان تەواو كردبوو تەنیا خەرجكردنی پێشینەكەیان مابوو، بەڵام دواتر پێدانی پارە راگیرا.
وتیشی: «هەر هاووڵاتییەك لەوانەی كە مامەڵەكانیان تەواوكردووە، بڕی 250 هەزار دینار پارەی كەشفیان لێوەرگیراوە، بۆیە لەكاتی پووچەڵكردنەوەی مامەڵەكانیان، ناتوانن ئەو بڕە پارەیە بگێڕنەوە، سەرئەنجام ماوەی زیاتر لە نۆ ساڵە رۆژانە بانكی خانووبەرە رووبەڕووی كێشە لەگەڵ هاووڵاتیان دەبێتەوە».
بەپێی زانیاری بەڕێوەبەرایەتییەكانی بانكی خانووبەرە، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، گەڕانەوەی قەرزی پێشینەكان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بۆ فەرمانبەران بەشێوەی قیستی مانگانە لە مووچەكانیان دەبڕدرا، هاوكات هاووڵاتیانیش بە قیستی ساڵانە قەرزەكانیان لێوەردەگیرایەوە، بەڵام لە ساڵی 2014وە بەهۆی خراپی باری دارایی و دواكەوتن و پاشكەوتكردنی مووچە، وەرگرتنەوەی قەرزی پێشینەكان لە فەرمانبەران راگیرا، بە جۆرێك ئێستا قەرزەكانیان لەسەر كەڵەكەبووە و تا ئێستاش هیچ بڕیارێك بۆ گەڕانەوەی ئەو قەرزە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ بانكەكان دەرنەكراوە.
هاوكات بەپێی زانیاری بانكی خانووبەرەی سلێمانی، ئێستا تەنیا قەرزی هاووڵاتیان بەبڕی (500 هەزار یان 600 هەزار یاخود 750 هەزار تا ملیۆنێك و 667 هەزار دینار) ساڵانە وەردەگیرێتەوە.
دەستپێكردنەوەی پێشینەكان
رۆژانە بەردەم بانكەكانی خانووبەرە لە پارێزگاكانی هەرێم، بە كۆبوونەوەی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان قەرباڵغی پێوەدیارە، بەتایبەت ئەو هاووڵاتیانەی ویستیان هەیە یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكەن، سەردانی بانكەكانی خانووبەرە دەكەن، بەمەبەستی وەرگرتنی مامەڵەی پێشینەكان.
لەبارەی دەستپێكردنەوەی پێشینەكانەوە، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سلێمانی وتی: «تائێستا هیچ هیوایەك نییە، بۆ ئەوەی جارێكی تر هاووڵاتیان و فەرمانبەران سوودمەندبن لە وەرگرتنی قەرزی خانووبەرە، بەڵام هەركاتێك بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان باش بێت، ئەوكات چاوەڕێ دەكرێت جارێكی تر پێشینەكان دەستپێبكاتەوە».
ئاشكراشیكرد: ئێستا هیچ مامەڵەیەكی نوێ بۆ خەرجكردنی پێشینەی خانووبەرە لە هاووڵاتیان و فەرمانبەران وەرناگیرێت.
لێخۆشبوون لە قەرزەكان
بەگوێرەی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران كە ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم كراوە، هەر هاووڵاتییەك بە تێكڕایی كۆی گشتی قەرزەكانی بگێڕێتەوە، ئەوا بە رێژەی (15 %) لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت، هاوكات لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بە گەڕانەوەی قەرزەكانیان پێشوازی لە بڕیارێكی هاوشێوە دەكەن.
لەوبارەیەوە، سۆران جەمال وەك هاووڵاتییەك ئاماژەی بەوەكرد: بڕی 14 ملیۆن دینار قەرزی بانكی خانووبەرەی لەسەرمابوو، تا سوودمەند بێت لە بڕیاری لێخۆشبوون، بەكۆی گشتی پارەكە دەگەڕێنێتەوە.
وتیشی: «لە ساڵی 2010دا بە بڕی 20 ملیۆن دینار وەك پێشینە لە بانكی خانووبەرە سوودمەندبووم، بە شێوەی قیستی ساڵانە تەنیا بڕی شەش ملیۆن دینارمان گەڕاندۆتەوە، بەڵام لە چوارچێوەی بڕیاری لێخۆشبوون، بڕی دوو ملیۆن دینار سوودمەندبووم».
״پێویستمان بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە״
لەبارەی گەڕاندنەوەی قەرزەكانی هاووڵاتیان، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سلێمانی رایگەیاند: مانگانە بڕێك پارە كە تایبەتە بە بانكی خانووبەرە دەگەڕێتەوە، دەكرا ئەو ژمارە هاووڵاتییەی كە نزیكەی 10 ساڵە مامەڵەكانیان راگیراوە و مافی سوددمەندبوونیان هەیە بەسەر حكومەت و بانكی خانووبەرەوە، لەو پارەیە سوومەند بكرانایە، هەروەك بۆ خەرجكردنێكی لەوجۆرە، پێویستمان بە بڕیاری لایەنی پەیوەندیدار لە ئەنجومەنی وەزیران هەیە.
بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ، لە ساڵی 2009دا حكومەتی هەرێم بڕی 12 ملیۆن دیناری وەك پێشینەی خانووبەرە بە هاووڵاتیان و فەرمانبەران دەدا، دواتر لە ساڵی 2010دا بە بڕیارێك ئەو بڕە بۆ 15 ملیۆن دینار زیادكرا، پاشان لە ساڵی 2011دا بڕی پێشینەكە بۆ 20 ملیۆن دینار بەرزكرایەوە، بەڵام لە ساڵی 2014دا و بەهۆی خراپی بارودۆخی داراییەوە، بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم پێشینەكان راگیرا و تائێستاش جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە بەردەوامە.