کەرکوک ـ ڕزگار شوانی
وەرزشکاری دێرین ئەبوبەکر کەریم نەریمان، لەدایکبووی ساڵی 1955 –ی شاری کەرکوکە، دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانی هەولێرە، سەرەتا ساڵی 1968 لەقوتابخانەی سەرەتایی ئیمام قاسم بەشداریی چالاکییە وەرزشییەکانی قوتابخانەکەی کردووە، بەتایبەتی تۆپی پێ و یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان.
بۆ تیپە میللیەکانیش، یاریی بۆ تیپەکانی(سۆران و مەلاعیب و دەرسیم و هێندرین و ئاسۆ) کردووە، ساڵانی 1972 تا 1976 یاریی بۆ تیپی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی سولاڤ و هەڵبژاردەی کەرکوک و تیپی پەروەردەی کەرکوک کردووە.
لە راکردنی 100 مەتر و 200 مەتردا چەندین بەشداریی بەرچاوی هەبووە، ریکۆردی ئەم یارییانە تائێستا بەناوی ئەمەوەیە، ساڵی 1975لە بەغدا بەشداری پاڵەوانێتی عێراقیشی کردەوە و نوێنەرایەتیی هەڵبژاردەی هەولێری کردووە، کۆتایی ساڵانی حەفتاکان لەڕاکردنی 100 مەتر و 200 مەتردا لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، هەروەها نوێنەرایەتی یانەی هەولێری کردووە لە پاڵەوانێتیی یانەکانی عێراق کە لە پارێزگای نەجەف بەڕێوەچووە، ساڵی 1979 لە ڕاکردنی 100 و 200 مەتر بەشداریی پاڵەوانێتیی ناوچەی باکووری عیراقی کردووە و پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
ئێستادا خاوەنی بڕوانامەی نێودەوڵەتیی NTO ی تایبەت بە کاری ناوبژیوانی یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدانە، هەروەها خاوەنی بڕوانامەیەکی تریشە کە لە تاران بەدەستیهێناوە. ئەم وەرزشکارە دێرینە تاکو ئەمڕۆش بەردەوامە لە خزمەت و کاری ناوبژیوانی خول و پاڵەوانێتیەکانی گۆڕەپان و مەیدان لە کەرکوک و کوردستان و عیراق.