قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزانی روسیا و ئیتالیا..

«حكومەتی داهاتوو لە ئاست چاوەڕوانییەكاندا بێت و دادپەروەرانە خزمەتی هاووڵاتیان بكات

12:31 - 2024-12-03
کوردستان
53 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بەجیا پێشوازی لە باڵیۆزانی روسیا و ئیتالیا لە عیراق كرد و تەئكیدیكردەوە كە»پێویستە حكومەتی داهاتووی هەرێم لە ئاست چاوەڕوانییەكانی هاووڵاتیاندا بێت و دادپەروەرانە خزمەتیان بكات».
لەدیداری جێگری سەرۆك وەزیران و ئەلبروس كوتراشیڤ باڵیۆزی روسیا، كە دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و ماكسیم رۆبین كونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێم ئامادەیبوون، باس لە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا و قوباد تاڵەبانی هیوای خواست لایەنە سیاسییەكانی هەرێم هەوڵەكانیان چڕتربكەنەوە بۆ لێكتێگەیشتن و رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، راشیگەیاند: هەرێمی كوردستان لە 10 ساڵی رابردوودا بە قۆناغی زۆر قورسدا تێپەڕیوە، بۆیە پێویستە حكومەتی داهاتوو بەشێوەیەك پێكبهێنرێت كە بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەكانی هاووڵاتیانی كوردستاندا بێت و دادپەروەرانە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات.
سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەكەش بەتایبەتی سوریا، هەردوولا هیوایان خواست لایەنە سیاسییەكان و هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، بەشێوەیەك مامەڵەبكەن سەقامگیریی عیراق و كوردستان پارێزراوبێت.
لەمیانەی كۆبوونەوەشی لەگەڵ نیكۆلا فۆنتایا باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا، كە دابان شەدەڵە و میكێلی كامێرۆتا كونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەرێم ئامادەبوون، قوباد تاڵەبانی هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئیتالیا لە بوارە جیاوازەكاندا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆوە ببینێت.
سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمیش، جێگری سەرۆك وەزیران، رایگەیاند: 10 ساڵ زیاترە قەیرانی دارایی بەرۆكی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی گرتووە و كاریگەریی خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانیان دروستكردووە، بۆیە دەبێت حكومەتی داهاتوو كاری لەپێشینەی؛ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان بێت.
سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنیی ناوچەكە و ئاڵۆزییەكانی ئێستای سوریا، قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە كە «پێویستە هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، بە هەماهەنگی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر تا ناسەقامگیرییەكانی ناوچەكە، دەرفەت بۆ شانە نووستووەكانی داعش و گروپە تیرۆریستییەكان نەڕەخسێنێت ئاسایشی عیراق و هەرێم بخەنە مەترسییەوە، لەوچوارچێوەیەشدا داوایكرد هەموو لایەنەكان لە عیراق و كوردستان هاوكار و پشتیوان بن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان