دوێنێ لە بەغدا، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، بەجیا پێشوازی لە باڵیۆزانی ئێران، توركیا و سوریا كرد و تەئكیدی لەسەر «چڕكردنەوەی هەوڵەكان و هەماهەنگیی هاوبەش لەپێناوی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكەدا» كردەوە.
سەرۆك كۆمار و محەمەد كازم ئالسادق باڵیۆزی ئێران، تاوتوێی پێشهاتەكانی ناوچەكە و گرنگیی بەردەوامی ئاگربەست لە لوبنان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان كرد و بەهێزكردنی هەوڵەكانیشیان بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جددی و بەپەلە بۆ راگرتنی كۆمەڵكوژی دژی گەلانی ناوچەكە، دووپاتكردەوە.
لەمیانی دیداریشی لەگەڵ ئەنیل بۆرا ئینان باڵیۆزی توركیا، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەسەر «پێویستیی خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی لە سوریا بەتایبەتی و ناوچەكە بەگشتی».
لەلایەكی دیكەوە و لە دیداری نێوانیاندا، سەرۆك كۆمار و سەتام جەدعان دەندە باڵیۆزی سوریا، پەرەسەندنەكانی بارودۆخی ئەمنیی سوریایان تاوتوێكرد و سەرۆك كۆمار پشتیوانیی عیراقی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و كاركردن بۆ رێگریی لە فراوانبوونی كێشەكان و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، دووپاتكردەوە.