لاپەڕەی سەروەران
لە داستانی تەپەكوڕە و گردەدرۆزنەدا كە پۆلێك پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرپەرچی هێرش و پیلانەكانی تیرۆریستانیان دایەوە، شەوی 4\5/12/2002، پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا محەمەد سەراوی و 44 پێشمەرگە و فەرماندەی بەجەرگی دیكە، شەهیدكران.
ئەو ئێوارەیەی كە تیرۆریستان هێرشەكەیانكرد، رۆژی عارفەی پێش جەژنی رەمەزانی 2002 بوو، لەو رۆژ و شەوە پیرۆزەدا تیرۆریستان هەموو بەهایەكیان كردە پێخوست لەپێناو ئامانجێكی بەتاڵدا و پێشمەرگەكانی یەكێتیش خۆیان كردە قوربانیی بۆ پوچەڵكردنەوەی مەترسیی پیلانی تیرۆریستان لەسەر گەلی كورد و حكومەتی هەرێم.
ئەوان چەندین سەعات ئازایانە جەنگان، لەتاریك و روونی ئەو بەیانییەدا رۆحی بەرزەفڕیان بوو بە ئەستێرەی پڕشنگداری ئاسمانی شارەزوور و تاریكی و جەهلی تیرۆریستانیان ریسواكرد.
تەپەكوڕە، ئەو گوندەی كەدوا بنكەی هێزەكانی پێشمەرگە و هێڵی تەماس بوو لەگەڵ تیرۆریستانی بەناو (أنصار الاسلام)دا، پێشمەرگەی دێرین و قارەمان حەمەسەراوی لەگەڵ چەندین فەرماندەی ترو پێشمەرگەی جەربەزەدا، لەوێ بوون.
شەهید حەمەسەراوی كە فەرماندەی هێزەكە بووە و سەرپەرشتی شەڕەكەی كردووە، پێش شەهیدبوونی چەندین گوللە و پارچەی نارنجۆك بەر جەستەی كەوتووە، بەڵام بەو حاڵەشەوە شەڕی قارەمانانەی كردووە و سەلماندویەتی كە فەرماندەیەكی جوامێر و لێهاتووی ناو هێزی پێشمەرگەیە، بەهەمان شێوە شەهید سدیق مەحمود خواكەرەم كە ئەویش پێشمەرگەیەكی دێرین و قاڵبووی چەندین ساڵ پێشمەرگایەتی و شارەزای دەیان شەڕو نەبەردی بوو، ئەویش بەخوێنی خۆی و دڵسۆزانە، مێژوویەكی گەشی بۆ هەتاهەتایە تۆماركرد، هەروەها لەو شەڕەدا چەندین لاوی ئازا و تازە پێگەیشتووی وەك (ملازم هیوا و ملازم عوبێد و ملازم ئومێد)، شەهیدبوون كە دەرچووی خولی فەرماندەیی بوون، هەروەها پۆلێك پێشمەرگەش شەهیدبوون كە هەموویان قارەمان و مەرد و شۆڕشگێڕبوون و بەمەرگی خۆیان، شكستیان بە نەخشەی تیرۆریستان هێنا.
دواجار لەدوای چەندین سەعات شەڕی دەستەویەخە، حەمەسەراوی و گشت هەڤاڵەكانی گەیشتنە كاروانی نەمران، بەڵام هەر هەمان رۆژ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیان تەپەكوڕە تا گۆمەلار لە تیرۆریستان پاكبكەنەوە.
ئەو شەوە شارەزوور بەخوێن پەڵەی داو 45 پێشمەرگەی یەكێتی بەغەدر شەهیدكران كە هەموویان ئازایەتیی زۆریان نواند، شەهید حەمەسەراویش كە فەرماندەی فەرماندەیی شارەزوور بوو، رۆڵی زۆر گرنگ و كاریگەری بینی، لەو شەڕە خوێناوییەدا، تا بەیانی شەڕی كرد و شوێنەكەی بەجێنەهێشت، پێنج ئامۆزاشی لەگەڵ خۆیدا شەهیدكران، یەكێكی تر لەمەردایەتییەكەی شەهید محەمەد ئەوەبوو كە زانی هیچ دەرەتانێك نییە بۆ دەربازبوون، جفرەی نهێنیی بێتەلەكەی شاردەوە تا نەكەوێتە دەستی تیرۆریستەكان، پێش ئەوەی شەهید بێت هەم بە بێتەل و هەم بە هەڤاڵەكانی ئەوانەی مابوون، وتبووی: ئەو گردەی ژێرپێم بڕوات من ناڕۆم.