ئاوات كۆكەیی
شەهیدی نەمر ئیبراهیم فازیل حەمەڕەحیم ناسراو بە ئیباو، لە دایكبووی ساڵی 1967ی بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەری گوندی (قزڵقایە)ی سەر بە ناحیەی شوانی پارێزگای كەركوكە.
ساڵی 1983 لە تەمەنی 16 ساڵیدا پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، گەنجێكی گورج و گۆڵ و لێوەشاوە بووە بۆ كاروباری خەباتی نهێنی، چاونەترس و ئازابووە، بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای گەل و خاكەكەی بەردەوام تا كاتی شەهیدبوونی، تێكۆشاوە.
ساڵی 1985 پەیوەندیی كردووە بەهێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە و لە كەرتی دووی شوان- تیپی 21ی كەركوك چەكی شەرەفی كردۆتە شان.
لە ژیانی پێشمەرگایەتییدا كەسێكی ئازا و بە دەستوبرد بووە، بەشداریی چەندین شەڕ و چالاكی كردووە و رۆڵێكی قارەمانانەی گێڕاوە، لەوانە: شەڕی شیوە سوور، ناو سووركەل، گرتنی شارۆچكەی تەقتەق، زنجیرە شەڕەكانی ناوچەی سەركردایەتی، داستانەكانی قەیوان-ماوەت، رزگاری و سەرجەم شەڕەكانی سنووری تیپی 21ی كەركوك و زۆر نەبەردیی دیكە.
سەرەتای مانگی هەشتی 1988 و لە دوای شاڵاوەکانی ئەنفال، بۆ ئەنجامدانی چالاكی و جێبەجێكردنی ئەركی شۆڕشگێڕانە، لەگەڵ دەستەیەك لە هەڤاڵانی پێشمەرگەدا گەڕاونەتەوە سنووری كەركوك و تەنانەت ناوشاری كەركوكیش، دوای چەند شەڕێكی مەفرەزەكەیان لەگەڵ هێزی دوژمن، لە سەركردایەتییەوە فەرمانیان پێكرا بكشێنەوە بۆ سەر سنووری ئێران، ئەوانیش بەپێی نەخشەیەك لە كۆتایی هەمان ساڵدا دەستیانكرد بە كشانەوە و دواجار لە بارەگای تیپی 21ی كەركوك لە گوندی (بلەكێ)ی سەر سنوور جێگیر بوون.
بەشداریی راپەڕینی كردووە و كراوە بە فەرماندەی تیپ لە بەتالیۆنی 76ی كەركوك.
بەداخەوە، لەكاتی هێرشی سوپای عیراق بۆ گرتنەوەی كوردستانی رزگاركراو، لە رۆژی 16/4/1991 لە سنووری گوندی هیزۆپی رانیە، شەهیدكرا و گەیشتە كاروانی نەمران.