بە چاودێری و ئامادەبوونی د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، مێزگردێك بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت و سەرۆكی زانكۆ حكومی و تایبەتییەكان لە هەرێم لەلایەن كۆمپانیای هواوی بە هەماهەنگی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لەژێر ناونیشانی (Smart Education) رێكخرا.
سەرەتا، د.محەمەد حسێن سەرۆكی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، وتەیەكی پێشكەشكرد و گرنگی بابەتە دیجیتاڵییە پێشكەوتووەكانی خستەڕوو و رایگەیاند: لە كەرتی خوێندنی باڵای كوردستان و ناوەندە ئەكادیمییەكاندا (Smart Education) پرسێكی گرنگ و هەستیارە و وڵاتە پێشكەوتووەكان بە بایەخەوە لەم پرسە گرنگە دەڕوانن و كاری لەسەر دەكەن.
پاشان، وەزیری خوێندنی باڵا، لە وتەیەكدا تەئكیدیكردەوە كە پرۆژەیەكی گرنگی زانستی بۆ دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا بەتایبەت بۆ زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتییەكان لەبارەی بابەتە دیجیتاڵییە پێشكەوتووەكان و چۆنێتی سوودوەرگرتن لێی، جێگەی دەستخۆشییە و بەدڵنیاییشەوە زانكۆ و پەیمانگەكان هەماهەنگ و هاوكار دەبن. وتیشی: زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان بەگشتی لە ئێستادا باشتر توانیویانە لەسەر نەخشەی ئەكادیمی بدرەوشێنەوە و هەنگاو بەرەو پێشكەوتن و سەركەوتنی گەورەی زانستی بنێن، كە بوونەتە ناسنامەی ناساندن و پێشخستنی هەرێمەكەمان لەڕووی زانستی و ئەكادیمییەوە.
پاشان، لەلایەن كۆمپانیای هواوییەوە وتارێك پێشكەشكرا و تیشك خرایەسەر هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم لە بواری ئەلیكترۆنی و دیجیتاڵیدا.
لە كۆتاییشدا، چەندین پانێڵ و سیمیناری زانستی لەبواری (Smart Education) پێشكەشكرا و سەرنج و پێشنیازەكانیش خرانەڕوو.