ئا: دڵان سامان
گۆڕینی تیشکی خۆر بۆ وزە چەندین ساڵە کاری پێدەکرێت، ئەوەش لەڕێگەی ئەو پانێلانەوە دەکرێت کە تیشک کۆدەکەنەوە پێش ئەوەی بەکاربهێنرێت، زاناکان توانیویانە ئەو هاوکێشەیە لەڕێگەی کیمیاوە جێبەجێبکەن، لە توێژینەوەیەکی نوێدا لەم دواییانەدا لە فەرەنسا بڵاوکرایەوە، تێیدا پانێلی کەهرۆموگناتیسی بەکاردەهێنرێت «راستە ئێستا وزەی خۆر راستەوخۆ بەکاردەهێنرێت لەشێوەی کارەبا یان وزەی گەرمیی» بەڵام وەک ریمی میتیڤێ لێکۆڵەر و سەرپەرشتیاری ئەو توێژینەوەیە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەرەنسی «CNRS» دەڵێت: بۆ عەمبارکردنی وزە، بۆ نموونە پێویستە پاتری بەکاربهێنرێت، وەک ئەوەی لە سیستمی سۆلاردا بەکاردێت، پشت بە گەردیلەی کیمیایی فۆتۆکرۆمییەکان دەبەستێت.
لە چاویلکەی دژە تیشکی خۆردا هەیە
هاوکات کیتارۆ ناکاتانی مامۆستای کیمیا لە زانکۆی باری ساکلی بەشدار لەو توێژینەوەیەدا، روونیدەکاتەوە ئەو گەردیلە فۆتۆکرۆمییانە ماوەیەکی زۆرە لە چاویلکەی دژە تیشکی خۆری پزیشکیدا بەکاردێت، وەک ئەوەی هاوێنەی چاویلکەکە تۆخ یان کاڵ دەبێتەوە بەپێی رووناکیی چواردەورەوە، چونکە ئەو گەردیلانە توانای گۆڕینی رەنگیان هەیە، بەڵام ئەوە تاکە تایبەتمەندییان نییە، بەڵکو زیاتر لە 10 ساڵە لێکۆڵەران کاردەکەن بۆئەوەی ئەو گەردیلانە والێبکەن توانای عەمبار کردنی تیشکی خۆریان هەبێت لەشێوەی وزەدا پێش بەکارهێنانی.
ئەم توێژینەوەیە کە ئامادەکاری سەرەکییەکەی لیا شوکرون-ە و لە گۆڤاری زانستی «رۆیاڵ سۆسایتی ئۆف کیمستری» دا بڵاوکراوەتەوە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت: «ئەم گەردیلەیە توانــــایەکی بەرزی هــــەیە بۆ عەمبارکردنی وزە، دەتوانێت بۆ ماوەی نێوان چەند رۆژێک بۆ هەفتەیەک بمێنێتەوە» هەروەها دەڵێت: «بیرۆکەکە ئەوەیە بتوانین ئەم وزەیە بەکاربێنین هەر کاتێک دەمانەوێت، لەشێوەی کارەبادا نا وەک پانێلەکانی سیستمی سۆلار، بەڵکو لەشێوەی وزەی گەرمیدا».
وزەی گەرممان بداتێ
وەک ریمی میتیڤێ دەڵێت: یەکێک لە بەکارهێنانەکانی ئەوەیە بۆ نموونە دەتوانێت لە سیستمێکی تایبەتدا لەشێوەی ماددەیەکی شل لەسەر سەربانی ماڵەکانمان بسوڕێتەوە و ئۆتۆماتیکی وزە وەربگرێت و بچێتە نێو گەرمکەرەوەکانمانەوە و شەوان وزەی گەرممان بداتێ.
بنەماکەی زۆر سادەیە پشت بەوە دەبەستێت مادەکە تیشکی سەروو وەنەوشەیی وەردەگرێت و پاشان گۆڕانی کیمیایی تێدا روودەدات و ئاستی وزەکەی دەگۆڕێت و وزە دروست دەکات.
ریمی میتیڤێ-ی لێکۆڵەر دەڵێت: وەک دوگمەیەک وایە کەی بمانەوێت دەستی پێدا دەنێین و وزەی گەرمیمان دەداتێ، بەڵام گەیشتنی ئەم لێکۆڵینەوەیە بە شێوە پیشەسازییەکەی و بەکارهێنانی لەلایەن خەڵکییەوە نزیکەی 10 ساڵی دەوێت.
سەرچاوە: الامارات الیوم