لە رانیە نەشتەرگەرییەکی دەگمەن لەسەر ئاستی عیراق دەکرێت

08:28 - 2022-03-17
ڕاپۆرت
362 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جێگر خدر

محەمەد تەمەنی 65 ساڵە و دانیشتووی ناحیەی چوارقوڕنەیە، پیشەی سەرەکیی نانەواییە، بەڵام بۆ بژێویی ژیانی خۆی و خێزانەکەی هەرکارێکی دیکە لەگەڵ دۆخی بگونجێت دەیکات، لە ئێوارەیەکی سەرەتای رۆژەکانی ئەمساڵ دراوسێیەکی کاری بڕینی دارەکانی بەردەم ماڵەکەی پێدەسپێرێ، محەمەد بۆ ئەم کارە پشت بە مشاری کارەبایی دەبەستێت، کاتێک سەرقاڵی بڕینەوەی دارەکەیە لەپڕ مشارە کارەباییەکە لە ئاراستەی خۆی و لە دەستی وەستا محەمەد لادەدات و بەر قاچی دەکەوێت، ئەو دەڵێت «ئازار نەیتوانی باڵ بەسەر هیوا و بڕواو نزاکانیدا بکێشێت»، کەسەکانی وەستا محەمەد دەبەنە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە شاری رانیە، کاتێک پزیشکەکان دەیبینن ئەنجامی رووداوەکە بڕانی زیاتر لە %90 ی قاچیەتی بە تێکڕای دەمارە سەرەکیی و هەستە دەمارەکانییەوە.

بڕیارە یەکلاکەرەوەکە
دکتۆر سۆران ئیبراهیم، پسپۆڕی ئێسک و شکاویی لە شاری پزیشکیی رانیە، چیرۆکی رووداوەکە بۆ کوردستانی نوێ دەگێڕێتەوە» تەمەنی نەخۆشەکە 65 ساڵ بوو، نەخۆشیی درێژخایەنیشی هەبوو، شەکرە کارەکەی بۆ ئێمە قورسترکرد، بەڵام دەبوو بڕیاری یەکلاکەرەوە بدرایە، چاندنەوەی قاچێکی بە رێژەی سەروو لە 90 % کە هەموو دەمارە سەرەکییەکانی بڕابوو، کەمێکی کەم لە پێست بەدواوەی قاچیەوە مابوویەوە، کە بە بڕانەوەی تەواوەتی هەژمار دەکرێت، لکاندنەوەی بە یەکدی زەحمەت بوو، بڕیاری نەشتەرگەری لەم چەشنە کە لەسەر ئاستی عێراقدا هاوشێوەی نەبووە، بە راوێژ لەگەڵ خۆی و کەوسوکاریدا درا، تیمێک لە نەخۆشخانە، کە ئێمە وەک پسپۆڕی شکاویی، هەروەها دکتۆر رەوەند، وەک پسپۆڕی دەمارەکانی خوێن، لە سەعات یەکی درەنگانی شەو تاوەکو 7:30 خولەکی بەیانی لە نەشتەرگەرییەکە بەردەوام بووین، ئەنجامی نەشتەرگەرییەکە دڵخۆشکەر دیاربوون، چونکە توانرا تێکڕای دەمارەکان پێکەوە بلکێندرێنەوە، لەگەڵ جێگیرکردنی شکاوییەکەی، لە ماوەی یەک مانگدا چوار نەشتەرگەری دیکەی تەواوکاریی بۆ کرا».

نەخۆشەکە ئێستا ئاسایی رێدەکات
محەمەد دەڵێت، پزیشکەکان هیوای تەنها %10 یان بۆ سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکە پێدام، بەڵام من هیوابڕاو نەبووم و پشتم بە باوەڕی خۆم بەست و نزام کرد و لەخوا پاڕامەوە، مانگ و نیوێک بەس بوو بۆ ئەوەی لەسەر پێیەکانی خۆم بوەستم و بتوانم ئاسایی رێبکەم، ئێستاش کە نزیکەی سێ مانگ بەسەر رووداوەکەدا رەتبووە، وەک کەسێکی ئاسایی هەنگاو دەنێم، نە ئازار نە لاریی لە رۆیشتندا گرفتاری نەکردووم، بە پێکەنینەوە دەڵێت» بەپێی خۆم چوومە سەر شاخ».

دکتۆر سۆران ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لەهەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی عیراقیش نەشتەرگەری لەم شێوەیە نەکراوە بۆ قاچ، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا تەنها دوو نەشتەرگەری بۆ دەست کراوە، بەڵام قاچ هەستیارە، بەجۆرێک نەخۆش دووچاری دەردی دیکە دەکات لەکاتی کارکردن تێیدا، رەنگە نەخۆش تووشی ژەهراویبوون بکات، دەماری هەستیار و ئاڵۆزی هەیە، ئەمە وایکردووە لێرە لە هەرێم و لە عیراق و زۆرێک لە وڵاتان کاری لەسەر نەکەن، بەتایبەت بەڕێژەیەکی لەم شێوەیەی محەمەدی تەمەن 65 ساڵی هەڵگری نەخۆشی درێژخایەن، ئەمە تەنها لەو وڵاتانەدا روویداوە کە سیستمی تەندروستی زۆر پێشکەوتوویان هەیە.

لێرەو لەوی ئەم جۆرە سەرکەوتنانە لە نەشتەرگەری و چارەسەرکردن لە نەخۆشخانە و سەنتەرە تایبەتەکان، ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە نەخۆشخانە حکومیەکان پشتگوێخراون و هاووڵاتیان ناچارکراون رووبکەنە نەخۆشخانە تایبەتەکان تا لەوێ دڵسۆزانە و بە ئامێری پێشکەوتوو چارەسەریان بۆ بکرێت.

كەرتی تەندروستی بەگشتی لە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی خراپدایە، بە جۆرێك شێواو و ناتەواوە كە هاووڵاتی ئەم هەرێمە زۆرجار لە ناچاریدا بۆ چارەسەر پەنا بۆ وڵاتانی دواكەوتوو و ناسەقامگیر دەبات. بە پێچەوانەی وڵاتانی پێشكەوتوو كە كەرتی تایبەت لەژێر چاودێری كەرتی گشتی دایە و تەواوكەری كەرتی گشتیە، لە هەرێمی كوردستان كەرتی گشتی لە خزمەتی كەرتی تایبەتدایە و كەرتی تایبەتیش ناوەندی پارەكێشانەوە و رووتاندنەوەی خەڵكی هەژارە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان