هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا
ساڵی 1969 و سەرەتای ساڵی 1970 زۆرجار لەگەڵ باوکم دەچووینە بەغدا و لەوێش سەردانی ماڵی رەوانشاد مامۆستا برایم ئەحمەد و سەردانی بیرۆی (باڵی مەکتەبی سیاسی»پ.د.ک» لە شەقامی فەلەستینمان دەکرد.) لەوێش رەوانشادان(مام جەلال، عەبدولڕەحمان زەبیحی»عولەما» حیلمی عەلی شەریف، حەمەدەمین فەرەج و خالید دلێر)مان دەبینی، هەندێکجاریش دەچووینە بیرۆی پارێزەر(کەمال محیەدین) و رۆژنامەی (النور) کە ئەوکاتە لە بەغدا دەردەچوو. بێجگە لەمەش زۆرجار لەگەڵ هاوڕێم شەهید جەمیل رەنجبەر پێکەوە دەچووینە بەغدا بۆ کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، دوو سێ رۆژ دەماینەوە، ئێوارانیش سەردانی کتێبخانەی(بیری نوێ)مان دەکرد لە شەقامی سەعدون، هاوڕێیانمان وەک(بەکر حوسێن، شەهید جەعفەر عەبدولواحید، شەهید فازیل مەلا مەحمود، ئەرسەلان بایز، رەوانشاد شێخ دارۆ، نەجمەدین عەزیز و رەوانشاد حەمید بڵباس ..هتد) دەبینی و چەند کتێبێکی(ماو تسی تۆنگ و کیم ئیل سۆنگ)مان کە وەرگێڕدرابوونە سەر زمانی کوردی وەردەگرت. هەرکە دەچوومە بەغدا لە بیرۆی شەقامی فەلەستین من یەکسەر دەچوومە ژوورەکەی سەرەوە کە رەوانشاد خالید دلێر کاری چاپ و تایپ و کۆپی دەکرد. هەمیشە لە کاتی سەرقاڵی و کارکردنیدا لەبەرخۆیەوە گۆرانییەکانی(ئوم کەلسوم )ی دەگوتەوە، رۆژێک گوتی: هیوا ئاوازێکی تازەم بۆ شیعرێکی خۆم داناوە گوێ بگرە، تا ئێستاش ئەم کۆپلەیەم لە گۆرانییەکە لەبیرماوە کە بۆی دەگوتم :
پەری گیان، ئەی پەری .. چەندی بڵێن دڵبەری
لە کۆڕی نازدارانا .. تۆ سەروەر و رابەری.
خالید دلێر، مرۆڤە مەزنەکەی شاری کۆیە، نووسەر و شاعیر و سیاسەتمەدار بوو، تا بڵێی بە توانا و لێهاتوو بوو، هەمیشە خۆی بە موڵکی میللەتەکەی دەزانی
ناوبەناویش نوێترین شیعری خۆی بۆ دەخوێندمەوە. خالید دلێر چەندین بەرهەمی بە پێز و سروودی نیشتمانی بۆ نەورۆز و پێشمەرگە گوتووە و داناوە لە شیعر و ئاوازی خۆی بەناوبانگترینیان: پێشمەرگەین بە هەڵمەتین، ئێمە رۆڵەی کوردین.
ئەوکاتەی لە هەمەدانیش دەبن وا بزانم نەورۆزی 1965 دەبێ سروودێک بۆ نەورۆز دادەنێ و هەر لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەو ساڵەدا شەهید(جەعفەر عەبدولواحید)ی برای لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک سروودەکە پێشکەش دەکەن:
ساڵێکی تریش وا داهاتەوە ..
رۆژی نەورۆزی کورد هەڵاتەوە
بەم هاتنەوەیەش نەورۆز ئەمجارە،
دەرسی تێکۆشان دائەداتەوە.
خالید دلێر مرۆڤە مەزنەکەی شاری کۆیە، نووسەر و شاعیر و سیاسەتمەدار بوو، تا بڵێی بە توانا و لێهاتوو بوو، هەمیشە خۆی بە موڵکی میللەتەکەی دەزانی. ئەم خێزانە تێکۆشەرە لەگەڵ خێزانەکەمان و بە تایبەتی باوکم (سەرهەنگ) تێکەڵاوییەکی زۆر دێرین و توندوتۆڵیان هەبوو، ئەمە جگە لەوەی هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولەوە. چەندین ساڵ بە یەکەوە پێشمەرگە بوون.
وابزانم ساڵی 1999 بوو کە زانیم بۆ چارەسەر هاتۆتە سویسرا و ماوەیەک دەمێنێتەوە، دوای هەوڵێکی زۆر لەڕێی هاوڕێیەکم لە هۆڵەندا پەیوەندیم پێوە کردوو بەڵێنی دا کە هاتە هۆڵەندا سەردانم بکات. پاش ماوەیەک هاتنە ماڵمان لە رۆتردام. لەو ساڵانە منیش مانگنامەی(بێوار)م دەردەکرد و مانگانە بە پۆست بۆم دەنارد بە هەلم زانی دیدارێکی لەگەڵ سازدەم، دیار بوو زۆری پێخۆش بوو، پرسیارەکانم دایێ و گوتی وەڵامەکانی بە پۆست دەنێرمەوە. ئێمەش دوایی بە دوو بەش لە(بێوار) بڵاومان کردەوە. تا لەوێ بوو نووسینی بۆ بێوار دەنارد.
لە ساڵوەگەڕی ماڵئاواییتدا(16/12/2011) سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین، ئاسوودەبە لە ئارامگاکەتدا. گۆڕت رۆشن و پڕ لە شیعر و ئاواز و چراخان بێت.