هاوژین عەبدولواحید
لە ڕێکەوتی ١٧\٣\٢٠٢٢ رۆژی پێنجشەممە قائمقامیەتی قەزای کۆیە و تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، بە هاوکاری زانکۆی کۆیە یادی سێ ساڵەی ماڵئاوایی هونەرمەند مامۆستا سەردار ئەحمەد کرایەوە.
سەعات 10ی پێش نیوەڕۆ بەئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و حزبی و هونەرمەندان لە گۆڕستانی شەهیدان تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری هونەرمەند دانرا و چەند وتە و بیرەوەرییەک خوێندرایەوە. سەعات 3ی پاش نیوەڕۆش لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە لە مەراسمێکی فراواندا چەند چالاکییەکی تر پێشکەش کران کە بریتی بوون لە وتار و نمایشکردنی فیلمێکی دیکۆمێنتاری و چەند بەرهەمێکی گۆرانی و مۆسیقا تایبەت بۆ هونەرمەندی کۆچ کردوو.
هونەرمەند دەوەن مەولود سەرۆکی تیپی مۆسیقای باواجی کویە لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ وتی: هونەرمەند مامۆستا سەردار 60 ساڵی تەمەنی خۆی پێشکەش بە هونەری مۆسیقاو گۆرانی کرد، رەمزێکی دیاری مۆسیقای کوردی و رابەرێکی بێوێنەی باواجی بوو، شایانی مەراسیم و چالاکی زیاترە بۆ ئەوەی رۆحی هەمیشە بە نەمری لە ئاسمانی هونەردا بهێڵینەوە.
هاوکات لەبارەی ئەو یادەوە بۆ کوردستانی نوێ هونەرمەند سۆران عەبدولخالق بەڕێوەبەری تیپی مۆسیقای نالی و ئەندامی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە دەڵێت: لە سێیەمن ساڵیادی کۆچی مامۆستا سەردار گەوهەری هونەری میوزیکی کوردی و پاشای فلوت، وەک ئەندامی تیپی میوزیک بۆ یەکەمجار یادی مامۆستامان کردەوە، چونکە ساڵانی پێشووتر لەبەر پەتای کۆرۆنا نەمانتوانیوە ئەم یادە بەرزڕابگرین، بڕیاریشە هەموو ساڵێ لەتەک هونەرمەندانی تر یادی بکرێتەوە. سۆران دەڵێ مامۆستا رابەری مۆسیقای کوردییە لەسەر ئاستی کوردستان ئێمە و چەندین جیلی تر لەسەر دەستی ئەو پێگەیەندراوین.
هەروەها هونەرمەند سەنگار عەبدولخالق ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری ساڵیاد وتی: مامۆستا لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ ماڵئاوایی لێکردین و بەپێی فیدباکی ئامادەبوانی ئەمڕۆ ئەم یادە کارێکی تازە و نوێگەری بوو، شایستە بە رۆحی مامۆستا سەرداربوو ئێمەش بەهەمانشێوە بەهەمان گروتین و دڵسۆزی کارەکانمان دەکەین، ئومێدەوارین بۆ ساڵانی داهاتووش پڕۆژەی ترو شێوازی جوانترمان هەبێ و مەراسیمەکە دەگۆڕین، میوزیکژەنی گەنج بەشداری بکەن و بەشێوازی پێشبڕکێ بۆ نموونە ناوی لێبنرێ فێستیڤاڵی باب سەردار بۆ میوزیکی تاکژەنی.
لە هەمانکاتدا مامۆستا جەلال عەزیز زەینەڵ ئەندامی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە هاوڕێی مامۆستا سەردار دەڵێت مامۆستا رەفیقی کۆنمان بوو لە تیپی باواجی و هەولێر کارمان کردووە بەیەکەوە، بۆیە دەڵێم بە مانای کەلیمە مامۆستا بوو لەڕووی فێرکردنەوە، خوێنکارەکانی بەباشترین شێوە فێردەکرد، شایەتی قسەکانیش ئەوەیە کە خوێنکارەکانی ئەمڕۆ بوونەتە مامۆستای زۆر چاک و ژەنیاری بەتوانا بۆیە مامۆستا سەردار زۆر شتی تری قابیله چونکە هەمیشە ماندوونەناس بووە بۆ کاری هونەری.
هونەرمەند سەردار ئەحمەد کێ بوو؟
هونەرمەند سەردار ئەحمەد ناسراو بەسەرداری باب سەدار لە ساڵی ١٩٤٥ لە شاری کۆیە لە گەڕەکی بەفری قەندیل لەدایک بووە، بەشی مۆسیقا ئامێری فلوتی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغدادی تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٥٧ خوێندکاری یەکەمی ناوەندی بووە، لەوێ بە ناسینی مامۆستا باکووری، دەرگایەکی تری قۆناغی هونەری دەست پێدەکات، مامۆستا باکووری لەپاڵ وانەکانی هەوڵیدا تیپێکی میوزیک بۆ قوتابخانە و کۆیە دروست بکات، بۆیە سەرداری وەک شمشاڵژەن هەڵبژارد لەگەڵ ژمارەیەک فێرخوازیتر دەیانکاتە ئەندامی تیپی قوتابخانە، دواتر مامۆستا باکووری لە هاوین خولێکی تر دەکاتەوە و ساڵی ١٩٥٨ ناوی تیپەکە دەگۆڕێت بۆ تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە.
سەردار دەبێتە یەکەمین کورد کە بڕوانامەی ئەکادیمی بەدەست بێنێت لە فلوت، مامۆستا سەردار لەگەڵ مامۆستا زاهیر محەمەد و چەند هونەرمەندێکی تر لە ئاداری ساڵی ١٩٧٢ مۆڵەتی فەرمیان بۆ تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە وەرگرتووە.
هونەمەند سەردار ئەحمەد بەشدارییەکی کارای هەبووە لە کارە هونەرییەکانی ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوو، ئەندامی چەندین تیپی مۆسیقا بووە، ماوەیەک جێگری تیپی مۆسیقای شۆڕش دەبێت، چەند خولێک سەرۆکایەتی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە دەکات، مامۆستاو راهێنەر بووە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی شەهید جەعفەر لە کۆیە و پەیمانگای هونەرەجوانەکانی رانیە، دەیان خولی مۆسیقای کردۆتەوە بۆ فێرکردنی لاوان بە مۆسیقا.
بەداخەوە لە رۆژی 17/3/2019 پاش ململانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوای دەکات و لە شاری کۆیە لە گۆڕستانی شەهیدان بەخاک دەسپێردرێت.