شەهید سەڵاح گەڵاڵی

12:12 - 2024-12-16
کوردستان
39 جار خوێندراوەتەوە

 حەیدەر مەنتك

دڵسۆزانی گەل و نیشتمان لەپێناو خاك و نەتەوەكەیاندا شانیان دایە بەر خەباتێكی سەخت و تەمەنی گەنجییان لەو رێگەیەدا بەسەر برد، ئەوان ئامادەبوون گیانی خۆیان ببەخشن تا هاونیشتمانییەكانیان نەكەونە ژێر ركێفی داگیركەر و بەئازادی و سەرفرازی بژین.
زۆربەی ئە تێكۆشەرانە لەو رێگەیەدا گیانیان بەخشی وشەهیدبوون، زۆرێكیش كەمئەندام و دەربەدەر.
خەباتی ئەو تێكۆشەرانە، تێكۆشانی ئەو جوامێرانە و تێكڕای گەلی كورد لە ساڵی 1991دا گەیشتە ئاكام و كوردستان رزگاركرا، بەڵام كە دوژمن دووبارە پەلاماری كوردستانی دایەوە و كۆڕەوی ملیۆنیی خەڵك دەستیپێكرد، دیسان كوڕانی گیانبازی نیشتمان، گیانی خۆیان كردەوە قەڵغانی پاراستنی خەڵك و ئەوەندەی بۆیانكرا بەریان بە هێرشەكانی دوژمن گرت، لەو پێناوەشدا خوێنێكی زۆری تێكۆشەران رژایە سەر خاكی نیشتمان و بەدەیان رۆڵەی كورد شەهیدبوون، یەكێك لەوانە سەڵاح گەڵاڵی بوو كە لە بازگەی شاوێس لە هەولێر بەدەستی هێزە پەلاماردەرەکەی رژێمی بەعس شەهیدكرا.
شەهید سەڵاح لە رۆژگارێكی سەخت و پڕ مەترسیدا لە رێكخستنە نهێنیەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا خەباتی دەستپێكرد و لەو پێناوەشدا چالاك و دڵسۆز و خاوەن رۆڵ و پێگەی دیار بوو.

ژیاننامەی شەهید سەڵاح
شەهید سەڵاح عەزیز عەوڵا رەسوڵ، ناسراو بە سەڵاح گەڵاڵی، لە دایكبووی ساڵی 1967ی گوندی (مەلاكاغە)ی ناوچەی كەندێناوەی دیبەگەیە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 1986 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ئەندامێكی چالاك و دڵسۆزی رێكخستنەكان بووە.
ساڵی 1991 بەشداریی راپەڕینی كردووە و هاوكاتیش بۆتە پێشمەرگە، رۆڵی هەبووە لە راماڵینی سوپای داگیركەر لە كوردستاندا.
كاتێك سوپای بەعس پەلاماری كوردستانی رزگاركراوی دایەوە، سەڵاح گەڵاڵی یەكێك بوو لەوانەی بەرگریی كرد و لە ئەنجامدا، رۆژی 1/4/1991 لە بازگەی شاوێس- هەولێر شەهیدكراو گەیشتە كاروانی نەمران.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان