شەهید ئەیاز و بەرگری لە شەنگال

12:16 - 2024-12-16
کوردستان
30 جار خوێندراوەتەوە
شەهید ئەیاز ئەمین خودێد

ئەیاز محەمەد سەلیم هەركی

شەهید ئەیاز ئەمین خودێدا، یەكێكە لەو پێشمەرگانەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لەكاتی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال، بەرگرییەكی قارەمانانەی كرد و تا دوا فیشەک بەرگریی کرد، بەڵام دواتر لەگەڵ پۆلێك لە هاوڕێ و هاوڕێبازەكانیدا، شەهیدكران.
شەهید ئەیاز لە دایكبووی ساڵی 1993ی خێزانێكی كوردپەروەری عەشیرەتی (مەنتكای)ی ئێزدیی گوندی(كۆچۆ)یە، دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی2011 لە رێگەی باوكییەوە كە ئەوكاتە لێپرسراوی كەرتێكی رێكخستن بووە لە كۆمیتەی رێكخستنی كۆمەڵگەی (تل قەساب)لە قەزای شنگال، پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە و ئەندامێكی چالاك و دڵسۆزبووە بۆ رێبازەكەی.
ساڵی 2013 بووە بە پێشمەرگە لە فەوجی سێی لیوای111ی یەكەی70 و لە بنكەی مەشقی هێزەكانی 70 لە سلێمانی بەشداریی چەند خولێكی راهێنانی سەربازیی كردووە، دوای ئەوە لە سنووری پارێزگای موسڵ و شەنگال وەك پێشمەرگەیەك درێژەی بە ئەركەكانی داوە، ئازا و چالاك بووە لە خزمەتی پێشمەرگایەتیدا.
لە بەرەبەیانیی رۆژی 3/8/2014 كاتێك تیرۆریستانی داعش قەزای شنگال و دەوروبەرییان داگیركرد، شەهید ئەیاز ئەمین لەگەڵ پۆلێك پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رووبەڕووی تیرۆریستەكان بووەنەوە و لە نێوان كۆمەڵگەی( تل قەساب و گوندی كۆچۆ) بەرگرییەكی سەختیان كرد، تا دوا فیشەك جەنگان، نەمانی فیشەك و گەمارۆی چڕ و قەبارەی هێزەکەی دوژمن وایكرد كە ئەو پێشمەرگانە دەرەتانی دەربازبوونیان نەبێت و لە ئەنجامدا 13 پێشمەرگە شەهیدبوون كە دووان لە شەهیدەكان ئەیاز ئەمین و برایەكی بوو بەناوی حەمدی ئەمین خودێدا.
شەهیدبوونی ئەم پۆلە پێشمەرگەیەی سەر بە یەكەی 70ی یەكێتی لە كارەساتە گەورەكەی 3ی ئابی2014دا، بەڵگەیەكی مێژووییە كە پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی سەر بە یەكێتی، تا دوا هەناسەیان بەرگریی قارەمانانەیان لە خەڵكی شنگال و ئەو دەڤەرە كردووە.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان