رێبوار نوری: لەقۆناغی داهاتوودا، سیستمی هاتن و چوونی تیپەکان پەیڕەو دەکەین

12:33 - 2024-12-17
وەرزش
63 جار خوێندراوەتەوە

سدیق عه‌واڵی

به‌ به‌شداری تیپی باله‌ی كوڕانی (13) یانەی شارەکانی عیراق،‌ یه‌كێتیی ناوه‌ندیی باله‌ی عیراق گردبوونەوەی یه‌كه‌می خولی نایابی یانه‌كانی تەواو کرد، تیپە بەشدارەکان به‌سه‌ر سێ گروپدا دابه‌شكراوون.
گروپی دووه‌م كه‌ یانه‌كانی (پێشمه‌رگه‌، نوعمانییه‌، میقدادییه‌، نه‌ینه‌وا، حه‌بانییه‌)ی له‌ خۆگرتووە، گردبوونەوەی یەکەمی، له‌هۆڵی یانه‌ی پێشمه‌رگەی سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌چوون، دوای كێبڕكێیەکی توند لەنێوان تیپه‌ به‌شداره‌كاندا، پێشمه‌رگه‌ چوار یارییەکەی خۆی بردەوە و توانی ببێته‌ یه‌كه‌می گروپەکەی.
وا بڕیاره‌ 24 -ی ئه‌م مانگه‌ گردبوونەوەی دووه‌می خوله‌كه‌ ده‌ستپێبكات، لە کۆتاییدا شه‌ش یانه (یەکەم و دووەمی هەر سێ گروپەکە)‌ دەگەنە قۆناغی داهاتووی یارییەکان، پاشان بۆ دیاریكردنی دوو تیپی تر، باشترین سێ سێیه‌می گروپەکان یارییەکانیان به‌رده‌وام ده‌بن و دووانیان ده‌چنه‌ پاڵ شه‌ش یانه‌كه‌ی دیكه‌ و ده‌بنه‌ هه‌شت یانه و بەشداریی قۆناغی دووەمی یارییەکان دەکەن‌.

رێبوار نوری

 
رێبوار نوری جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی یه‌كێتیی ناوه‌ندیی باله‌ی عیراق، تایبه‌ت به‌ ستادیۆم رایگه‌یاند: دوای سه‌ركه‌وتنی هه‌شت یانه‌كه‌، بۆ زیاتر بره‌ودان بە یارییه‌كانی ئەم خولە، سیستمی (چوون و گەڕانەوە) بۆ یارییه‌كان پەیڕەو دەکرێت، چوار یانەش‌ ده‌چنه‌ چوارگۆشه‌ی زیڕین و به‌و جۆره‌ خوله‌كه‌ تا كۆتایی به‌رده‌وام ده‌بێت.
به‌رپرسه‌كه‌ی باله‌ی عیراق ئاماژە‌ی بەوەشدا، په‌یڕە‌وكردنی سیستمی (چوون و گەڕانەوە) بۆ قۆناغی داهاتووی یارییەکان، بۆ پاراستنی توانای یاریزانانی بەشدارە تا دووربن‌ له‌ پێكان، هه‌روه‌ها بۆ یانه‌كانیش سوودی هەیە بەوەی كه‌مترین تێچوون و مانه‌وه‌ی ده‌وێت.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان