بازاڕی جلوبەرگی کوردی جمەی دێت

نەورۆزی ئەمساڵ قوماش و سورمەی جاران گەڕاوەتەوە

08:35 - 2022-03-19
ڕاپۆرت
468 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: رێزە حسێن
بازاڕ جمەی دێت لە كڕیار، بەجۆرێك فرۆشیارانی شەكەت و ماندووكردووە، هەر دوكانێكی كوتاڵفرۆشتن و زینەی زەرد و زیوو لە چەند كەسێك زیاتر، كڕیار بەڕێدەكات، ژنان و كچان چاو دەگێڕن بۆ ئەو قوماشەی كە دڵخوازیانە، گوڵشەن سەعید ژنە كڕیارێكی تەمەن 50 ساڵان بوو، سەرقاڵی سەوداو مامەڵەكردن بوو، رووخساری بۆ جوانی قوماشەكان دەبریقایەوە و دەیوت «ئەم مۆدێلی قوماشانە، زۆرینەمانی گەڕاندووەتەوە بۆ سەردەمی گەنجێتی، چونكە ئەوكات جوانترین قوماشی جلوبەرگی كوردی، لەم جۆرانە بووە».

مۆدێلی كۆن گەڕاوەتەوە
وەك نەریتیك، ساڵانە بەر لە هاتنی بۆنە و ئاهەنگی جەژنی نەورۆز، خواستی كڕینی جلوبەرگی كوردی لە ناو نەتەوەی كوردا بەرز دەبێتەوە، بە جۆرێك خەڵكی بەمەبەستی خۆ ئامادەكردن و پێشوازی لەو رۆژە، بۆ كڕینی جلوبەرگی كوردی بەلێشاو دەڕژێنە ناو بازاڕەكان، هەروەك بازرگان و كوتاڵفرۆشانی ناو بازاڕەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ساڵانە چەند مانگێك پێش هاتنی بۆنەی نەورۆز، لە وڵاتانی دەرەوە چەندین مۆدێلی نوێی قوماشی تایبەت بە جلوبەرگی كوردی هاوردە دەكەن، بۆ ئەمساڵیش سورمە و قوماشی ساڵانی سی تا حەفتاكان، تازەترین مۆدێلە كە هاوردەی كوردستان كراوە.

ئەمجەت رەباتی كوتاڵ فرۆش تایبەت بە كوردستانی نوێ وتی: ئەمساڵ بە شێوەیەكی دڵخۆشكەر بازاڕمان گەرمە، بەجۆرێك لە مانگەكانی تشرینی دووەم، خەڵكی روویان لە بازاڕەكان كردووە، بەڵام لە مانگەكانی كانونی یەكەم و دووەمدا، زۆترین كڕیار رژاونەتە ناو بازاڕەكانەوە.

كوێستان فەتاح ژنێك بوو، بەمەبەستی بازاڕكردن بۆ كڕینی جلوبەرگی كوردی بۆ خۆی و كچە هەرزەكارەكەی، چاوی دەگێڕا بەو قوماشانەی كە لە دوكانەكانی كوتاڵفرۆشان نمایشكرابوون، لەپرسی كوردستانی نوێ، تایبەت بە ئامادەكاری بۆ جەژنی نەورۆز وتی: خێزانی كورد وا پەروەردە كراوە، ساڵانە بەر لە هاتنی جەژنی نەورۆز، نێر و مێ، بە كڕینی سەرتاپا جلوبەرگی كوردی پێشوازی لەو بۆنە جوانە بكەن، وتیشی: لای من جوانترین جەژن، بۆنەی نەورۆزە، چونكە هەمووان بە جلوبەرگی رەسەنی كوردی، بەشداری ئاهەنگەكان دەكەن بەو بۆنەیەوە.

عەرەبیش خواستی لەسەرە
لوقمان خدر، بەرگدرووی ژنان لە بازاڕی ئاری لە شاری سلێمانی بۆمان دواو وتی: نزیكەی بیست ساڵە، پیشەم دوورینی جلوبەرگی كوردی ژنانە، لەماوەی چەند ساڵی كاركردنمدا، دووساڵی رابردوو، 2020-2021 خراپترین ساڵ بوو، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و خراپی باری دارایی هەرێم، بەجۆرێك كەمترین بازرگان كوتاڵی نوێی هاوردەی كوردستان دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بارودۆخەكە بەتەواوەتی پێچەوانە بووەتەوە، هەر زوو خەڵكی بۆ كڕینی جلوبەرگی كوردی روویان لەبازاڕەكان كرد كە زۆرترین پارچە قوماشم وەرگرتووە بۆ دوورین، وتیشی: ئەوەی بەدیدەكرێت، ئێستا ژنانی نەتەوەی عەرەبیش، كەسانێكن بەشداری لە كڕین و پۆشینی جلوبەرگی كوردی دەكەن و هەندێك لە موشتەرییەكانم كە جلوبەرگیان بۆ دەدوورم ژن و منداڵی عەرەبن و لەناوچەكەمان نیشتەجێن.

بەپێی زانیاری كوردستانی نوێ، ئەمساڵ 2022، ئەو قوماشانەی هاوردەی بازاڕەكان كراوە جوانترین سورمە و قوماشی ساڵانی 1930 تا ساڵی 1990 كان مۆدیل بووە و ژنان و كچان خواستیان لەسەری بووە، هاوكات رێكخستن و لەبەركردنی جلوبەرگی كوردی بۆ ژنان و منداڵان گەڕانەوەی هەمان مۆدێل و دیزانی سەد ساڵی رابردووە، هەروەكو بە جۆرێك بووە ژنانی ئەو سەردەمە، هەر پارچە جلێكیان لە رەنگێك و كەواو هێلەك بەسەر یەكدا پۆشیوە.

نەسرین ساڵح كە ژنێکی بەتەن بوو لەوبارەیەوە وتی: ئەو قوماشانەی كچ و نەوەكانم بۆ نەورۆزی ئەمساڵ كڕیویانە، هەمان جۆرە قوماش و مۆدێلە كە سەردەمی كۆن لەلایەن خەڵكەوە بازاڕی گەرم بووە، بەتایبەت قوماشی سورمەی سادە و گوڵدار بۆ كەواو، گەڕانەوە بۆ لەبەركردنی هێلەك لە ژێر كەوادا كە ئەو جۆرە پۆشینە، دیاریترین مۆدێڵی سەد ساڵ پێش ئێستایە و دەبینم گەڕاوەتەوە و نەوەی ئێستا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێدەكەن.

پیاوانیش بەشدارن
جگە لە ژنان، كوڕ و پیاوانیش بە كڕینی جلوبەرگی كوردی بەر لە هاتنی بۆنەی نەورۆز روو لە بازاڕەكان دەكەن و بازاڕگەرمییان بۆ كوتاڵفرۆشانی قوماشی پیاوان گەرمتركردووە.

حەمە رەش هەورامی بەرگدرووی جلوبەرگی كوردی پیاوان، لەوبارەیەوە دەڵێت: ساڵانە هاوشێوەی ژنان، گەورە و بچووك لە رەگەزی نێر دەڕژێنە بازاڕەكانەوە بۆ كڕینی جلوبەرگی كوردی، هەروەك ئەمساڵ خەڵكی باری دارایی باشترە، بۆیە بازاڕی ئێمەش جوڵەی باشی تێكەوتووە و قوماشێكی زۆری هاووڵاتیانمان وەرگرتووە تا بەر لە هاتنی جەژنی نەورۆز تەواویان بكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان