ئەمڕۆ 22ی کانونی یەکەمی 2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای کرد لە وەزارەتی پێشمەرگە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداریی گشتی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ ی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەی فیرقەکانی ٢ و ٤ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، بەرپرسی تیمی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری تێیدا ئامادەبوون.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن و بڕیاردان بوو لەبارەی پڕۆژەیەکی ئامادەکراو بۆ دامەزراندنی دوو ناوچەی سەرکردایەتی کە لە ١١ فیرقەی سەربازی پێکهاتوون لەژێر سەرکردایەتی و کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستبەکاردەبن. وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: دوو ناوچەیی سەرکردایەتی دادەمەزرێنین بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا کاروبارەکانیان رێکدەخەنەوە و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بە گرنگییەوە باس لە دامەزراندنی ژێرخانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە کرا. هەموان هاوڕابوون کە ئەم ژێرخانە پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت لە بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانی یەکگرتووی کوردستانی کە پارێزگاری لە خەڵک و خاکی کوردستان دەکات لە هەر مەترسییەک کە لە ئێستا و ئایندەدا رووبەروومان دەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا: بە دەستەکاربوونی هەردوو ناوچەی سەرکردایەتی کە هەموو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی تێدا رێکدەخرێتەوە، لە چوارچیوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێگیردەبن لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥وە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، بە کۆی دەنگی هەموان رەزامەندی درا؛ لەسەر بنیاتنانی بنەماکانی یەکەیەکی یەکگرتووی ژمێریاری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.