سەرۆک بافڵ پێشوازی لە وەفدێکی باڵای (دەم پارتی) دەکات

09:38 - 2024-12-22
کوردستان
647 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازیی لە وەفدێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی) کرد کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان تولای هاتیمۆغولاری ئۆروچ، هاوسەرۆکی دەم پارتی و ئەبرو گونای، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی و لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەردان ئۆزتورک، وتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی.

لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و سالار سەرحەد، لێپرسراوی پەیوەندییە کوردستانییەکان ئامادەبوون، دۆخی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت سوریا گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی شەڕ کرایەوە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە پاراستنی مافەکان و رێزگرتن لە ئیرادەی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانی سووریا بەتایبەت گەلی کورد کردەوە، داواشکرا هەموان پێکەوە بە یەکسانی بڕیار لە چارەنووسی وڵاتەکە بدەن و قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی بهێننە کایەوە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئەرێنی لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بۆ داهاتووی سووریا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، پشتیوانیی هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە ئامانجەکەی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردە لە سوریا، پاڵپشتیی گەلەکەشمان دەکەین لە رۆژئاوا بۆ سەرخستنی ئامانجەکانیان. هەروەها هەوڵەکانی بەڕێز مەزڵوم عەبدی لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە بەرزدەنرخێنین و هیوادارین هەموو لایەک بەهەمان رۆحییەتەوە هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکان بدەن.

لە بەرامبەردا وەفدی باڵای دەم پارتی پێزانینان بۆ هەڵوێستی کوردستانییانەی سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربڕی کە وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوانبوون بۆ پاراستنی مافی کورد و روونیان کردەوە، دەم پارتی بە سیاسەتێکی نیشتمانییانەوە کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری دەکات، بێگومان هەوڵەکانیشمان لەپێناوی پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سوریا بەردەوام دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان