لاپەڕەی سەروەران
شەهید عەبدولڕەحمان میرزا حەسەن نەورۆڵی ناسراو بە عەبدولی میرزا حەسەن، لە دایكبووی ساڵی 1957ی گوندی خێڵی حەمەی ناوچەی شارەزوورە، رۆڵەی بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر و دیاری ناوچەكەیە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لەهەڵەبجە تەواو كردووە.
دۆستایەتی بنەماڵەی میرزا حەسەن نەورۆڵی لەگەڵ رەوانشاد مام جەلال دا دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی ئەیلول و دواتر ئەو پەیوەندییە لەشۆڕشی نوێدا گەیشتۆتە لوتكە.
شەهید عەبدول لە ساڵی 1976دا لەكاتی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا پەیوەندیی كردووە بەڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و وەك كادرێكی لێوەشاوە رۆڵی گرنگی گێڕاوە.
ساڵی 1986 پەیوەندیی كردووە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، هەر لەگەڵ بوونی بە پێشمەرگە، دەیان كەس لەهاووڵاتیان و تێكۆشەرانی ناوچەكە پەیوەندییان پێوەكرد و لای ئەو بوون بە پێشمەرگە، هەر ئەوكاتەش بە بڕیاری تایبەتی هەڤاڵ مام جەلال، كراوە بە فەرماندەی بنكەی باڵامبۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دواتریش وەك فەرماندەیەك لە هێزی پێشمەرگەدا رۆڵی گرنگی گێڕاوە.
شەهید عەبدولڕەحمان رۆڵی دیاری هەبووە لەگەشەكردنی ریزەكانی پێشمەرگە لەناوچەكەی خۆیدا و لەچەندین نەبەردیشدا قارەمانانە بەشداریی كردووە، لەوانە: شەڕەكەی (دەوەرە و مۆردین) تیایدا دوژمن زیانێكی ئێجگار گەورەی بەركەوت، ئەمە جگەلەوەی ناوچەكە لە دوژمن پاككرایەوە و چەندین سەربازیش بەدیل گیران و ژمارەیەكی زۆر چەك و تەقەمەنی دەستكەوتی پێشمەرگە بوو، لەناو دەستكەوتەكاندا چەكی دژەفڕۆكەی تێدابوو كە زۆر پێوست بوو بۆ ئەوكاتە.
بەداخەوە، شەوی 24/12/1987 لەدوای جێبەجێكردنی ئەركێكی دیاریكراوی پێشمەرگانەدا و لەكاتی گەڕانەوەیدا، لەناوچەی باوەكۆچەكی نزیك هەڵەبجە، كەوتە بۆسەی دوژمنەوە و شەهیدكرا.