حەیدەر مەنتك
رۆژی 22/10/1986، هێزێكی زۆری هاوبەشی سوپای رژێمی بەعس كە پێكهاتبوو لە سەرباز و جاش، بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی و جبەخانەی زۆری سوپا، پەلاماری گوندی (ئیلنجاغ)ی دەشتی كۆیەی دا، لەوكاتەدا هێزێكی پێشمەرگە لە گوندەكەدا بوو و بەرپەرچی هێرشەكەی دوژمنی دایەوە و شەڕێكی سەخت و درێژخایەن روویدا.
ئەگەرچی وەك هەمووجارەكانی دیكە دوژمن تێكشكا و زەرەرێكی زۆری گیانی و ماڵیی بەركەوت، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەك پێشمەرگە و هاووڵاتیی گوندەكە، شەهیدبوون، یەكێك لە پێشمەرگە شەهیدەكان، توانا شەمامكی بوو.
لەو رووەوە هەڤاڵ (موئمین حاجی عەلی، پێشمەرگەی دێرین و بەشداربووییەكی شەڕەكە، ئاوا رووداوەكەی گێڕایەوە: سەعات 8ی بەیانیی رۆژی 22/10/ 1986 حكومەتی بەعسی فاشی هێزێكی زۆرو بێ شوماری لە جاش و سەربازی هێنایە دەوروبەری گوندی ئیلنجاغی شەهیدان، واتە ئیلنجاغی سنووری قەزای كۆیە، ئێمەش لەوێ بووین، شەڕ دەستی پێكرد و درێژەی كێشا، بەردەوامیش فڕۆكەكانی رژێم هێزی زیاتری دادەبەزاند و لەگەڵیشیدا بە خەستی تۆپباراندەكراین و هێرشی یەك لەدوای یەكیشیان بۆ دەکردین.
هێزەكەی ئێمە نزیكەی 60 تا 70 پێشمەرگە دەبوو، شەهید دەشتی موهەندیس كە جێگری فەرماندەی تیپی 86ی دەشتی هەولێر بوو سەرپەرشتی دەكرد، هەڤاڵانیش (قارەمان شینە و شەماڵ) هەر یەكەیان فەرماندەی كەرتێك بوون، سەڵاح شینەش هەر فەماندەی كەرت بوو و لەوێبوو، بەڵام لە تیپی 87ی قەرەچووخ بوو و مەفرەزەیەكی بچووكی لەگەڵدا بوو.
لەو شەڕەدا پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داستانێكی كەموێنەیان تۆماركرد، دوژمنیان سەرسام كردبوو، لەبەیانییەوە تا نزیك شێوان لێنەگەڕان دوژمن بستێك بێتە پێشەوە.
وتیشی: تا بەیانییەكەی دوژمن بەردەوام لە شكان و شكستی گەورەدابوو، بەڵام بەردەوام هێزەكەیان زیادی دەكرد و هاوكارییان پێدەگەیشت، بۆیە لای ئێوارە و دواتریش كە شەوداهات، لە رووی ژمارەوە هێزەكەیان هێندە زیادی كرد گومانی كارەساتی گەورەی لێدەكرا هەم بۆ پێشمەرگە و هەم بۆخەڵك، بۆیە بۆ بەرژەوەندیی گوندەكە و بۆ پێشمەرگەش بڕیاری كشانەوەی هێزی پێشمەرگە درا، بەڵام دوژمن زەرەر و زیانێكی ئێجگار زۆری لێكەوت.
زیانی ئێمەش شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە بوو، لەگەڵ شەهیدبوونی چواركەسی خەڵكی گوندی ئیلنجاغ كە یەكێكیان هێزی پشتگیری بوو بەناوی (عوزێر حوسێن ئۆمەر) و دوو كوڕ و كچێكی منداڵ.
لە كۆتایشدا وتی: یەكێك لە شەهیدەكانی تیپی 86ی دەشتی هەولێر (عەبدولخالق رەمەزان سلێمان شەمامكی) بوو كە ناسرابوو بە توانا، پێشمەرگەیەكی ئازاو چاونەترس و دڵسۆزو قارەمان بوو، یەكێكی دیكەش لە شەهیدەكان، خارەیوسفی فەرماندە بوو.
ماوەتەوە بڵێین هەقە ستایشی هێزی پشتگیریی گوندی ئیلنجاغ بكەین كە رۆڵی كارایان هەبوو لە شەڕەكەدا و شانبەشانی هێزی پێشمەرگە بەرگرییان دەكرد، لەوانە: محەمەد چاوشین، مام سوارە و چەندین هەڤاڵی تر.
ژیاننامەكەی
شەهیدی نەمر عەبدولخالق رەمەزان سلێمان عەبدوڵڵا ناسراو بە توانا، لە دایكبووی ساڵی 1967ی گوندی (بنبێرز)ی ناحیەی شەمامك، پارێزگای هەولێرە.
لە رووی خوێندنەوە دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 1984 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوەو ساڵی 1985 بووە بە پێشمەرگە لە كەرتی دووی تیپی 86ی دەشتی هەولێر كە فەرماندەی كەرتەكە شەهید خارەیوسف بوو.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی زۆربەی چالاكییەكانی سنوورەكەی كردووە.
رۆژی 22/10/ 1986 لە شەڕەكەی گوندی (ئیلنجاغ)ی دەشتی كۆیە، شەهیدكرا.