ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
لەگەڵ نزیكبوونەوەی سەری ساڵدا، هاووڵاتییانی بەریتانیا وەك نەریتی هەمیشەیی دەست دەكەن بە كڕینی دیاریی و پێشكەشی ئازیزانیانی دەكەن، بەڵام جەژنی ئەم ساڵ زۆر جیاوازە لە ساڵانی پێشوو، چونكە بارودۆخی خراپی ئابووریی چەند ساڵی رابردوویان و هەڵاوسانی نرخ، وای لێكردوون نەریتی كڕینی دیاریی بگۆڕن، لە بری كاڵای نوێ، كاڵای دەستی دوو دەكڕن و بە دیاریی پێشكەشی یەكدی دەكەن.
پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە ئەم رەفتارە بەریتانییەكان، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، كە هۆشیارییان لە ئاستێكی بەرزدایە بەرامبەر بە جووڵەی بازاڕ و دەزانن بە گۆڕینی نەریتی كڕین و بەكارهێنانەوەی كاڵای دەستی دوو وەكو دیاریی، لە لایەك خەرجیی كەم دەكەنەوە و بڕە پارەیەك بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە و لە لایەكی دیكەشەوە هاوكاری چالاككردنی سووڕی بازنەیی بازاڕ دەدەن.
جلوبەرگ و یاری و كتێب
بەریتانییەكان پێشتریش دركیان بەوە كردووە، كە پێویستە پشتیوانیی لە بازاڕی كاڵای دەستی دوو بكەن، بە گوێرەی ئاماری رێكخراوی ئۆكسفام، لە ساڵی 2021دا نزیكەی %25ی خەڵكی بەریتانیا كاڵای دەستی دوویان كڕیوە بۆ دیاریی جەژنی سەری ساڵ، بەڵام بۆ ساڵی 2023 ئەو رێژەیە زیادیكردووە بۆ %33 و ئەم ساڵیش رێژەكە زۆر لەوە بەرزتر دەبێتەوە و كۆمپانیای ریتەیل ئیكۆنۆمیكس پێشبینی دەكات ئەم ساڵ بایی 2.51 ملیار دۆلار كاڵای دەستی دوو بكڕن بۆ بەكارهێنانی وەكو دیاریی.
ماركێتەكانی گەڕەكی ماریلبۆن لە لەندەن، كە تایبەتن بە فرۆشتنی كاڵای دەستی دووی وەكو جلوبەرگ و یارییە جۆراوجۆرەكان و كتێب، جمەیان دێ لە خەڵكی ئەو وڵاتە و دوكانەكانی ئۆكسفام-یش بە هەمان شێوە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە، كە بەریتانییەكان نەریتی كڕینیان گۆڕیوە لە كاڵای نوێوە بۆ كاڵای دەستی دوو.
سەرچاوە: CNN