بەریتانیا لە گەرمترین رۆژەكانیدایە

09:57 - 2022-07-20
ڕاپۆرت
482 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ یانی سابیر

دوێنێ بەریتانیا لە مێژووی خۆیدا ژمارەی پێوانەیی لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا تۆمار كرد ‌و بەپێی پێشبینییەكانیش، ئەمڕۆ گەرمتر دەبێت.
بەپێی راگەیاندنی نووسینگەی كەشناسیی بەریتانیا، بەرزترین پلەی گەرما لە وڵاتەكەیان تۆماركراوە، كە 40.2 پلەی سەدی لە فڕۆكەخانەی هیسرۆ بووە، لە كاتێكدا بەرزترین پلەی گەرما لە ساڵی 2019 لە كامبریج لە باشووری خۆرهەڵاتی بەریتانیا تۆماركراوە، كە گەیشتە 37.7 پلەی سەدی.  
ئاماژەی بەوەشداوە، چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا شەپۆلی گەرما كۆتایی بێت و شەپۆلێكی بارانبارین بەشێك لە ناوچەكانی بەریتانیا بگرێتەوە.  
لای خۆشیەوە، ئاژانسی سەلامەتیی گشتیی تەندروستیی بەریتانیا هۆشداریی پلە چواری لەسەر مەترسییەكانی گەرما بڵاوكردۆتەوە، تەنانەت بۆ گەنجان ‌و ئەوانەشی كە دۆخی تەندروستییان باشە.
لە ئێرلەندای دراوسێی بەریتانیاش، پلەی گەرما گەیشتۆتە 33 پلەی سەدی، ئەوەش لە ساڵی 1887 ەوە بەرزترین پلەی گەرمایە لەو وڵاتە.
جێی ئاماژەیە، شەپۆلێكی گەرما روویكردۆتە وڵاتانی خۆرئاوای ئەوروپا ‌و بەهۆیەوە رووبەرێكی زۆر لە دارستانەكانی فەرەنسا ‌و ئیسپانیا ‌و پورتوگال ‌و بەریتانیا ‌و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا سووتاون. 

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#بەریتانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان