پەیكەری ئە‌نجومە‌نی راژە‌ی فە‌رمانبە‌رانی حكومە‌تی هە‌رێم پەسەندكرا

قوباد تاڵەبانی: دانوستان بكرێتە بنەما بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی پێكهێنانی حكومەت

10:04 - 2022-07-20
کوردستان
630 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق، بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكەیان تاوتوێكرد.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، دوێنێ پێشوازیكرد لە ئیریك شوڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق  و لە كۆبوونەوەیەكدا كە كونسوڵی فەرەنسا ئامادەیبوو، جەختیكردەوە كە پێویستە گفتوگۆ و دانوستان بكرێتە بنەما بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی چەقبەستووی پێكهێنانی حكومەت و یەكلاكردنەوەی پۆستە باڵاكان لە عیراقدا.
لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان و عیراقدا كرا لەبەر رۆشنایی هەلومەرجە ئیقلیمییەكان، جەختكرایەوە كە دەبێت گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بكرێنە بنەمای یەكلاكردنەوەی كێشەكان لەپێناوی خێراتركردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتێك، كە لە ئاستی چاوەڕوانیی شەقامی عیراقیدا بێت و خزمەتی هاووڵاتیانی بكات.
پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی فەرەنسا و هەرێمی كوردستان، بەشێكی تری كۆبوونەوەكە بوو، جێگری سەرۆك وەزیران ستایشی هەموو هەماهەنگییەكانی ئەو وڵاتەی كرد لەپێناوی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستاندا.
پەیکەری ئەنجومەنی راژە پەسەند كرا
هەروەها، قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆك وە‌زیران، سە‌رپە‌رشتی كۆبوونە‌وە‌یە‌كی كرد كە‌ تایبە‌ت بوو بە ئە‌نجومە‌نی راژە‌ی فە‌رمانبە‌رانی حكومە‌تی هە‌رێم و تێیدا پەیكەری ئەنجومەنەكە پەسەند كرا.
لە ‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، كە‌ دوێنێ لە هەولێر بە ئامادەبوونی رێباز حە‌ملان یاریدە‌دە‌ری سە‌رۆكی حكومە‌ت بۆ كاروباری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان و ئەنجومەنی گشتی راژە و د.ئومێد سە‌باح سە‌رۆكی دیوانی سە‌رۆكایە‌تیی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران بە‌ڕێوە‌چوو، هەڵسەنگاندن كرا بۆ بڕیارەكانی كۆبوونەوەی پێشوو لەگەڵ جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی.
هاوكات گفتوگۆ كرا لە‌بارە‌ی چۆنییە‌تی كار و رۆڵی ئەنجومەنی گشتی راژە و رێكخستنەوەی میلاكات، ئاماژە بەوەشكرا كە یەكێك لە ئامانجەكانی ئەم ئەنجومەنە پەرەپێدانی ژێرخانی حكومەتە لە ‌پرسی رێكخستنەوەی میلاكات و درێژەپێدانی ریفۆرمی ئیداریی و رێكخستنی پلەبەندی راژەی فەرمانبەران لە كەرتی گشتی بەپێی پێویستی و پسپۆڕییان و دیاریكردنی پلە و وەسفی وەزیفی فەرمانبەران لەناو دامەزراوەكانی حكومەت پشت بەست بە میلاكاتی ئە‌لەكترۆنی كە بڕیارە دروستبكرێت.
هە‌روەها جە‌ختكرایە‌وە‌ كە لەڕێگەی ئەنجومەنی راژەوە كاربكرێت لەسەر چۆنییە‌تی راگرتنی هاوسە‌نگی كارگێڕی و رێكخستنەوەی هە‌یكە‌لیە‌ت و دووبارە دابەشكردنەوەی فەرمانبەران بەسەر وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی زانستی و گونجاوتر.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەیكەلیەتی ئەنجومەنی راژە پەسەند كرا و بڕیاردرا كە دەستبكرێت بە پڕكردنەوەی پەیكەرەكە لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان