لە كاتێكدا توركیا خوازیارە نەبێتە لایەنێكی جەنگی نێوان ئۆكرانیا و روسیا و بەردەوام كاریكردووە بۆ پاراستنی بێلایەنی خۆی لەو جەنگەدا، چونكە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ هەردوو وڵاتدا هەیە، بەڵام ئەمریكا بە شێوەیەكی ناڕەسمی پێشنیازێكی بۆ توركیا كردووە، كە لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی ئەنقەرە بۆ پرۆگرامی فڕۆكەی F35، سیستمی بەرگریی موشەكی S400ی روسیا رەوانەی ئۆكرانیا بكات.
گەڕاندنەوەی توركیا بۆ پڕۆگرامی F35
بەشی عەرەبی ئاژانسی سكای نیوز لە زاری بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پەنتاگۆن)ەوە بڵاویكردۆتەوە: لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لە گفتوگۆدان دەربارەی ئەو بابەتە و ئەگەر ئەنقەرە سیستمی بەرگریی موشەكی S400 بدات بە ئۆكرانیا، ئەوا واشنتۆن توركیا دەگەڕێنێتەوە بۆ بەشداریكردن لە پڕۆگرامی فڕۆكەی F35. روونیشیكردۆتەوە: ئەو پێشنیازەی ویلایەتە یەكگرتووەكان وەك هەوڵێكە بۆ بەكارهێنانی چەكی روسیا لە دژی مۆسكۆ لە شەڕی ئۆكرانیادا.
ئاماژەی بەوەشداوە: مانگی رابردوو بەرپرسانی ئەمریكا ئەو پێشنیازەیان بۆ بەرپرسانی توركیا كردووە، بەڵام داواكارییەكی دیاریكراو یان رەسمیی پێشكەش نەكراوە، بەڵكو لەمیانی سەردانەكەی ویندی شیرمان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، كە لە سەرەتای ئەم مانگەدا سەردانی توركیای كرد، ئەو پێشنیازە تاوتوێكراوە.
روونیشیكردۆتەوە: پێشنیازەكە بەشێك بووە لەو گفتوگۆیانەی نێوان ویندی شیرمان و بەرپرسانی توركیا دەربارەی چۆنێتیی هاوكاریكردنی ئۆكرانیا لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیەوە، لەگەڵ چۆنێتیی باشكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە، كە بەهۆی كڕینی سیستمی بەرگریی موشەكی S400، گرژی كەوتۆتە پەیوەندییەكانی نێوانیانەوە.
پێشتریش، ویندی شیرمان بە ئاژانسی خەبەر تورك-ی راگەیاندبوو، هەموان دەزانن كە گرژیی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن بەهۆی كڕینی ئەو سیتسمە موشەكییەی روسیایە لەلایەن توركیاوە و رەنگە ئەمە كاتێكی گونجاوبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
ئاشتی و سەقامگیریی بكەنە كاری لەپێشینەیان
لای خۆشیانەوە، بەرپرسانی توركیا هیچ لێدوانێكیان لەو بارەیەوە نەداوە، چونكە پێیانوایە كە هەنگاوێكی لەوجۆرە سوودی بۆ وڵاتەكەیان نییە و نایانەوێت بەجۆرێك لە جۆرەكان ببنە لایەنێكی جەنگەكە.
پێشتریش، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا داوای لە روسیا و ئۆكرانیا كردبوو، كە لە نزیكترین كاتدا ئاگربەست رابگەیەنن و هاوبەشی بكەن لە ئاشتیی جیهاندا. وتیشی: پێویستە هەموو لایەنە كاراكان لە ناوچەكەمان و دەرەوەشیدا، ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكە بكەنە كاری لەپێشینەیان.
پێشتریش، ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتیی توركیا ئاماژەی بەوەدابوو، كە وڵاتەكەی هیچ پلانێكی نییە بۆ سزا خستنە سەر روسیا و ئەنقەرە پەیوەندیی بازرگانیی تۆكمەی لەگەڵ مۆسكۆدا هەیە و دەیەوێت ئەو پەیوەندییە بپارێزێت.
ئەمریكا پاتریۆتی رەوانەی سلۆڤاكیا كرد
بەرپرسێكی پەنتاگۆن رایگەیاندووە، كە وەك ئامادەكارییەك بۆ گواستنەوەی سیستمی بەرگریی موشەكی S300ی روسی لەلایەن سلۆڤاكیاوە بۆ ئۆكرانیا، ئەو وڵاتە یەكەم كاروانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆت-ی ئەمریكی پێگەیشتووە.
لای خۆشیەوە، یارۆسلاڤ ناد وەزیری بەرگریی سلۆڤاكیا ئاشكرایكردووە، كە سیستمی بەرگریی ئاسمانی (پاتریۆت)یان لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)وە پێگەیشتووە و جێگیركردنیشی چەند رۆژێكی دەوێت.
روونیشیكردۆتەوە: كارپێكردنی سیستمەكە لەلایەن هێزەكانی ئەڵمانیا و هۆڵەنداوە دەبێت و سەرەتا لە بنكەی ئاسمانیی (سلیاچ) لە ناوەڕاستی وڵاتدا دادەنرێت، ئەوەش وەك هەنگاوێكە بۆ پتەوكردنی هێزی بەرگریی لە خۆرهەڵاتی ناتۆ.
هەفتەی رابردووش، ئەو وەزیرەی سلۆڤاكیا ئاماژەی بەوەدابوو، كە ئەگەر بەدیلێكیان دەستبكەوێت، ئەوا وڵاتەكەی ئامادەیە سیستمی بەرگریی موشەكی S300ی روسی بدات بە ئۆكرانیا.
سەرچاوە/ ئاژانسەكان