مووچە، زامنی ئابووریی هەرێمە

10:51 - 2024-12-26
ئابووری
79 جار خوێندراوەتەوە

سەرکۆ یونس

هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014ەوە یاسای بودجەی نییە، ئەمە وایکردووە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەشە بودجەی وەبەرهێنان دیاریی نەکرێت، کە پێشتر نزیکەی %30ی بودجەی گشتی بۆ تەرخان دەکرا

 هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی بەکاربەری بەرخۆرە و کۆی جومگەکانی ئابووریی بەستراوەتەوە بەمووچەوە، پارەی پێویست بۆ سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم، زیاتر لە 960 ملیار دینارە.
بەهۆی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە، چەند ساڵێکە مووچەخۆران کێشەی وەرگرتنی مووچەکانیان هەیە، دواکەوتن لە وادەی خۆی و چۆنێتیی وەرگرتنی، لە تایبەتمەندییەکانی مووچەیە لەم هەرێمەدا!
پەیوەندیی مووچە و بازاڕ، پەیوەندییەکی راستەوانەیە، بە مانای ئەوەی پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، راستەوخۆ گەرموگوڕ دەبن و چالاکی کڕین و فرۆشتن و جموجۆڵی بازرگانی ئەنجامدەدرێت.
ئەم وابەستەییەی ئابووریی هەرێم بە مووچەوە، دیاردەیەکی ناتەندروستی ئابورییە، بەو مانایەی لە واقیعدا نادروستە، هەموو جومگەکانی ئابووریی هەرێمێکی شەش ملیۆن کەسی، پەیوەست بێت بە مووچەوە و گرنگە بیر لە فرەسەرچاوەیی داهاتەکان بکرێتەوە.
لە کۆتایییەکانی ساڵی دارایی 2024داین و هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014ەوە یاسای بودجەی نییە، دەتوانین بڵێین، زیاتر لە دوو کابینەی وەزاری، هەرێم بێ یاسای بودجە بووە، ئەمە وایکردووە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەشە بودجەی وەبەرهێنان دیاریی نەکرێت، کە پێشتر زۆربەی ئەو ساڵانەی کە یاسای بودجە هەبووە، نزیکەی %30ی بودجەی گشتی بۆ تەرخان دەکرا.
وابەستەیی بازاڕ بۆ مووچە، تەنها کاریگەریی لەسەر چالاکیی بازرگانیی ناوخۆ نییە، بەڵکو کاریگەریی تەواوی هەبووە لەسەر جموجۆڵی بازرگانیی دەرەکی هەرێمیش، ئەمە لە کاتێکدا، تای تەرازووی بازرگانیمان بەردەوام لاسەنگە و هاوردە قورسترە، بە جۆرێک %90ی پێداویستییەکانمان لە شمەک و کاڵا بە هەموو جۆرەکانییەوە هاوردەیە.
بینیمان لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا دواکەوتنی مووچە، چ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕەکانی هەرێم هەبوو، بە پێدانی مووچەش جارێکی تر بازاڕەکان بوژانەوە، هەربۆیە پێویستە، حکومەتی ھەرێم، لە ساڵی دارایی نوێدا، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی پرسی بودجە و مووچە و پشکی هەرێم بکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان