راپۆرتی/ میهرەبان عەبدول
رۆژ بە رۆژ خواستی هاووڵاتیان بۆ خواردنە خێراکان زیاتر دەبێت، بەڵام لەگەڵ زیاد بوونی ئەو خواستە زۆرەی هاووڵاتیان رۆژانە چەندین شوێنی خواردنی خێرا، دوکان بێت یاخود عارەبانە و کۆشکەکان بەهۆی نا تەندروستبوونی خواردنەکانیان دادەخرێن یان سزا دەدرێن.
ئێستا زۆرێک لە هاووڵاتیان بە گومانەوە روودەکەنە ئەو شوێنانەی خواردنی خێرای لێ دەفرۆشرێت یان خواردنی سەر عارەبانەکان، ئەوان ترسیان لەوە هەیە ئەو خواردنەی دەیخۆن رەنگە پاکوخاوێنیی تێدا رەچاو نەکرا بێت، چونکە بەشێکی ئەو خواردنانەی لەلایەن لیژنەکانی قائیمقامییەت دەستیان بەسەردا دەگیرێت خواردنی ماوە بەسەرچوون.
ئازاد هاووڵاتییەکە، لەبەر ئیشەکەی و دووری ماڵیان بەردەوام خواردنی خێرای دوکان و سەر عارەبانەکان دەخوات، ئەو دەڵێت: ئەو خواردنانە نرخێکی کەمیان هەیە و ناچاریشم ئەگەر نا هیچ شتێک ناگات بەو خواردنەی کە خۆت لەماڵەوە بە پاکوخاوێنی دروستی دەکەیت.
خواردنی سەر عارەبانەکان تەندروست نیین
پسپۆڕێکی خۆراکیش دەڵێت خواردنی سەر عارەبانەکان تەندروست نیین، لەشکر حەمید پسپۆڕی خۆراک بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئەو خواردنانەی لەسەر عارەبانەکان دەفرۆشرێن خۆراکەکانیان تەندروست نییە و رەسمی نییە، چونکە ئامرازەکانی پاکردنەوە و پاکوخاوێنیان لە بەردەست دا نییە، ئەو کەلوپەلانەی بەکاری دەهێنن ناتوانن پاکی بکەنەوە، بەتایبەت ئێستا کە بەرە و وەرزی گەرما دەڕۆین و عارەبانەکان 10 بۆ 12 سەعات کاردەکەن و وەک پێویست خواردنەکان لە پلەی گەرمی گونجاودا نییە، چونکە هۆکاری ساردکەرەوە و بەستنیان نییە کە نابێت ئەو خواردنانە زیاتر لە 2 سەعات لە پلەی گەرمی بەرز دا بێت، ئەمەش هۆکارە بەکتریایەکی زۆر لەسەریان گەشەبکات و مرۆڤ توشی ژەهراوی بوون و سکچون و رشانەوە دەکات.
رێبوار محەمەد فرۆشیارێکە و عارەبانەیەکی خواردنی خێرای پێیە لە شەقامی سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی رۆژانە لە 2ی نیوەڕۆ تا 2ی شەو کاردەکات و خواردنی خێرا دەفرۆشێت، بۆ کوردستانی نوێ وتی: ماوەی شەش ساڵە ئەم کارە دەکەم و زۆر دڵخۆشم، چونکە گرنگی زۆر بە پاک و خاوێنی دەدەم و مۆڵەتی تەندروستیم هەیە رێگە پێدراوم و لە ماڵەوە خواردنەکان دروست دەکەم، بە گشتی خەڵکانێکی زۆر رووم تێدەکەن و گۆشتی فرێش و خۆماڵی بەکاردەهێنم، هۆکاری هەرزانی خواردنەکانمان ئەوەیە کە ئێمە کرێی شوێن و ئاو و کارەبا نادەین.
فرۆشیارێکی تر لەم بارەیەوە وتی پاکوخاوێنی پێش هەموو شتێکە، چونکە خۆشم لە خواردنەکان دەخۆم هەریەکە بەشێوازێک خواردنەکان دروست دەکەن من شاگردم هەیە و لە مەخزەن خواردنەکانم بۆ دروست دەکەن، خێر لای خوایە و هەر رۆژە و بازاڕ جۆرێکە.
لەشکر حەمید باسی لەوەشکرد، بە گشتی فرۆشیارەکان بە وتەی خۆیان دەڵێن گرنگی زۆر بە پاک و خاوێنی دەدەن و مۆڵەتیان هەیە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا بینیمان چۆن لیژنەکانی قائیمقامیەت لە شاری سلێمانی پاش سەردانکردن چەندین دوکانی خواردنە خێراکانیان داخست و دەستیان گرت بەسەر شوێنی دروستکردنی خواردنی خێرای سەر عارەبانەکان کە بەشێکی خواردنەکان بەسەرچووبوون و شوێنی ئامادەکردنیشیان هیچ شیاو نەبوون و شوێنەکەش پاشماوەی قرتێنەرەکانی تێدا بوو.
کوالێتی خواردنەکان نزمە
هەروەها کوالێتی ئەو خواردنانە زۆر نزمە و لە وڵاتانی رێگە پێنەدراو هاوردە دەکرێن و رێژەیەکی بەرز مەوادی حافیزەی تێدایە، ئەمەش بەرگری لەش و کرداری هەرس تێکدەدات و شێرپەنجەی لێدەکەوێتەوە، لە رووی پاکوخاوێنی کەسێتی و لە رووی جلوبەرگ و بەکارهێنانی دەستکێش و دەمامک هیچ مەرجێکی تەندروستیان نییە.
راشیگەیاند: لە رابردوودا لە زانکۆی سلێمانی توێژینەوەیەک کرا دەرکەوت تیایدا دەیان جۆر بەکتریا لەسەر پارەکان بوونی هەیە، چونکە چەندین دەست دەکات.
خواردنی خێرا مەخۆن
راز هاووڵاتییەکە، وتی: خواردنی خێرا زۆر کەم دەخۆم، مەگەر بچمە دەرەوە ئەویش زیاتر شیرینی دەخۆم نەک لەفە، هەموو کەسێک پێویستە خۆی گرنگی بە تەندروستی خۆی بدات و دوور بکەوێتە لە خواردنی خێرا، ئەوانەشی کاردەکەن لە بازاڕ دەتوانن خواردن لە ماڵەوە ئامادە بکەن و بیبەن لەگەڵ خۆیان بۆ سەر کار.
شارەوانی رێگریان لێ بکات
کامەران محەمەد چاودێری لیژنەی تەندروستی لە لیژنەکانی قائیمقامیەت لە شاری سلێمانی تایبەت بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لیژنەکانی قائیمقامیەت بەردەوام رێگری دەکەین لەو شوێنانەی خواردنی ماوە بەسەرچوو دەفرۆشن و رووبەڕووی یاسایان دەکەینەوە، بەڵام سەبارەت بە خواردنی سەر عارەبانەکان پێویستە کە شارەوانی رێگریان لێ بکات، چونکە مۆڵەتی تەندروستیان نییە، ئێمە تەنیا لە رووی تەندروستییەوە چاودێریان دەکەین و دەستمان بەسەر چەندین مەخزەندا گرتووە کە خواردنی رێگە پێنەدراوی تیادا دروستکراوە و روبەڕوی یاسا کراونەتەوە و تەنها کارتی تەندروستیان هەیە ئەویش پشکنینێکە بۆ خۆیان کە نەخۆش نین، ئەگەر نا هیچ مۆڵەتێکی رێگە پێدراویان نییە و دوورە لە راستییەوە.