7 رەنگەو

پیشانگە بۆ شێوەكارە كۆچكردووەكان

11:31 - 2022-07-20
دووتوێ
398 جار خوێندراوەتەوە

بەختیار سەعید

بەدرێژایی مێژوو بە بیرهێنانەوەی كەسایەتییە دیارەكانی وڵات ئەركێكی هەنووكەیی هەموو ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە بووە كە زانیویانە ئەم كەسایەتییە كۆچكردوانە هۆكار بوون بۆ درووستكردنی بەردی بناغەی وڵات و جوانكردن و دروستكردنی مێژووییەكی جوان بۆ ئەو شارو وڵاتە، چ جای ئەو كەسایەتیانە لەچ بوارێكدا بووبێتن كرنگ نەبووە، گرنگ ئەوە بووە كە خزمەتیان بە نیشتمان و هاووڵاتیان كردووە، ئەوەی لێرەدا دەمەوێت باسی لێوە بكەم ئەو هەنگاوانەیە كە ناوەندی 7 رەنگە ناوێتی بۆ كردنەوەی پیشانگەی شێوەكارە كۆچكردووەكان لەماوەی رابردوودا باسی ئەنجامی داوە.

بۆچی شێوەكارە كۆچكردووەكان؟ 
ساڵی 2022 ئەو ساڵە بوو كە ناوەندی 7 رەنگە بەشێك لە چالاكییەكانی كە خۆی لە كردنەوەی پیشانگەدا دەبینێتەوە تەرخانكرابوو بۆ نیشاندانەوەی تابلۆی ئەو شێوەكارە كۆچكردوانەی كە خاوەنی ژمارەیەك لە كاری هونەری ناوازە بوون و ناوو بەرهەمەكانیان بوونەتە بەشێك لە مێژووی هونەری شێوەكاری لەناو باشووری كوردستاندان، لەهەمانكاتدا خستنەوەڕووی بەرهەمی ئەو شێوەكارانەو ناساندنەوەی بە نەوەی نوێ بۆخۆی كاریگەرییەكی زۆر باش بەسەر دیدگای ئەو نەوە نوێیە بەجێدەهێڵێت لەچەند روویەكەوە لەوانە ئاشنابوونە بەكاری شێوەكارێك كە پێشتر راستەوخۆ كاری ئەو شێوەكارەی نەیبینیووە، لەلایەكی تر سوود وەرگرتنە لەئەزموونەكەی، لەلایەكی تریش بۆ خێزانەكەی جێی دڵخۆشییە كە دەبیننن ژمارەیەكی زۆر لە هەوادارانی كارە هونەرییەكەی باوكە كۆچكردووەكەیان دەبینن لە پیشانگەكەدا دێنە ناو هۆڵی پیشانگەو بەشانازییەوە باس لە تەمەنی كاری هونەری ئەو كەسایەتییە دەكەن كە بۆ خێزانەكەیان جێگەی شانازییە و تۆماركرنەوەی لەبیری نەوەی نوێدا.
بەردەوام یەكێك لە كێشەكانی بەردەم خوێندنی باڵا لە توێژینەوەكانیاندا نەبوونی سەرچاوەو بینینی كارە ئۆرجناڵەكانی شێوەكارە كۆچكردووەكانە، هەربۆیە زۆرجار ناچاربوون كە پەنا ببنە بەر شێوەكارە جیهانییەكان كە سەرچاوە و دیكۆمێنتكردنی زۆریان بۆ كراوە و بەردەوام كوراسەی ئەندازە جیاوازو بەرنامەی تیڤییەكان و نیشاندانی بەرهەمە هونەرییەكان یەكێك لەو كارانەیە كە ساڵانە بۆ شێوەكارە كۆچكردووەكان دەکرێت و شانازیشی پێوە دەكەن، ئەوەی لێرەدا ناوەندی 7 رەنگە کردوێتی لەساڵی 2022 دا هەر ئەو پەیامەی هەبووە كە پێویستە ساڵانە پیشانگە و كوراسەی تایبەت بە ژیان و بەرهەمەكانی و كۆكردنەوەی هەموو ئەو توێژینەوانەی كە لەسەر كارەكانی كراوە لەدووتوێی كوراسەیەكدا چاپ و بڵاو دەكرێتەوەو پێگەی ئەلكترۆنی تایبەتیان بۆ ساز دەكرێت، هەربۆیە هەوڵەكانی 7 رەنگە لە قۆناغی سەرەتادا پیشانگەیەكی بۆ شێوەكاری كۆچكردوو (ئاری بابان) کردەوە كە 81 تابلۆی تێدا نیشاندراو كوراسەیەكیشی بۆ چاپكراو لە پیشانگەكەدا بەدیاری دەبەخشرایە ئامادەبوان كە پیشانگەكە لەیادی یەك ساڵەی كۆچی دوایی هونەرمەنددا ئامادەكرابوو.

دواتر لەگەڵ بەرێز (داستان بەرزان) لەدوای گەڕانێكی زۆرمان توانیمان تابلۆكانی شاعیری كۆچكردوو (محەمەد عومەر عوسمان) كۆبكەینەوەو پیشانگەیەكی ناوازەی لێ درووستكراو پیشانگەكە بە هاوكاری سەنتەری هاوبەشی لوڕ كرایەوە، كە ژمارەیەكی دیاریكراو دەیانزانی ئەم شاعیرە نیگاركێشیش بووە، دواتر لە رۆژی 2/7/2022 لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی پیشانگەیەك بۆ شێوەكاری كۆچكردوو (بێستون عەبدولقادر) كرایەوە كە زیاتر لە 35 تابلۆی ئەندازە جیاواز نمایشكرابوون كە یەكێكە لە شێوەكارەكانی نەوەی سێیەمی شێوەكارانی شاری سلێمانی و لەساڵی 2008 لە سوید كۆچی دوایی كردووە، دواتریش لە رۆژی 14/7/2022 پیشانگەیەكی  تایبەتی بۆ شێوەكاری كۆچكردوو (غازی محەمەد) لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەكە هەر لەلایەن 7 رەنگەوە کرایەوە كە بۆیەكەمجار بوو نزیكەی 70 تابلۆی ئەندازە جیاوازی ئەم شێوەكارە نیشان درابێت.

لەكۆتاییدا هەموو ئەوانە رێزلێنانێكە بۆ تەمەنی ئەو شێوەكارانە و بەرهەمەكانیان و خانەوادە و تۆماركردنی ژیانی هونەریانە كە دەكرێت دواتر ببنە بابەتی رۆژنامەوانی و لێكۆڵینەوەی هونەری و چوونە ناو نامەكانی ماستەر و دكتۆرا لە كوردستاندا.

# تابلۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان