ئاری مەحمود قەرەداغی/ سویسرا
رۆڵی رێکخراوی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، هەمیشە بێلایەنانەیە، چونکە نەبەستراوەتەوە بە هیچ بەرژەوەندییەکی
سیاسی و نیشتمانییەوە
کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (World Economic Forum)، دامەزراوەیەکی قازانجنەویستە و بە پلەی یەکەم بە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی ناسراوە، کە هەموو ساڵێک لە داڤۆس بەڕێوەدەچێت، لەم کۆبوونەوەیەدا لە ناوەندی کۆنگرەی داڤۆسی مۆدێرن، شارەزایانی پێشەنگی بازرگانیی نێودەوڵەتی، سیاسەتمەداران، رۆشنبیران و پیشەگەرەکانی میدیا کۆدەبنەوە، بۆ تاوتوێکردنی نوێترین پرسەکانی جیهان، کۆڕبەندەکە بە درێژایی ساڵ کۆبوونەوەی جۆراوجۆری دیکەش رێکدەخات و راپۆرتی توێژینەوە بڵاودەکاتەوە و ئێستا ئۆفیسی ناوچەیی لە پەکین و نیویۆرکیش هەیە.
ئەرک و ئامانج
رۆڵی رێکخراوی (WEF)، کە ساڵی 1971 لەلایەن پڕۆفیسۆری ئابووریی (کلاوس شواب)ەوە دامەزراوە هەمیشە بێلایەنە، چونکە نەبەستراوەتەوە بە هیچ بەرژەوەندییەکی سیاسی و نیشتمانییەوە، ئەم رێکخراوە لە ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێگەی چاودێری هەیە، باڵاترین دەستەی چاودێریی تیایدا دەستەی ئەمیندارانە، کە تۆنی بلێر و شاژنە رانیا-ی شاژنی ئوردن و ژمارەیەکی دیکەی چاودێر لەخۆ دەگرێت، ئەرکی کۆڕبەندەکەش بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە باشترکردنی دۆخی جیهان.
رۆحی داڤۆس
چالاکییە سەرەکییەکەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی کۆبوونەوەی ساڵانەیە کە زیاتر لە سێ هەزار کەس بەشداربوویی تێدا دەکەن و هەموو ساڵێک لە کۆتایی مانگی یەکدا لە داڤۆس بەڕێوەدەچێت، لە هەمان کاتدا زۆر کۆبوونەوەی نافەرمی لە داڤۆس ئەنجام دەدرێن.
هەروەها بەهۆی کەش و هەوای شوێنەکەوە ئەو گوندەی کۆبوونەوەکانی تێدا دەکرێت زۆر جار پێی دەوترێ (رۆحی داڤۆس)، چونکە نموونەی نییە و سەرەڕای ژێرخانی شار، سروشت پاڵەوانی سەرەکییە، ئەو هەستە بە بەشداربووانی کۆنفرانسەکان دەبەخشێت کە ئەوان تەنها بەشێکی بچووکن لە کۆی گشتی پێکهاتەی سروشتەکە و رێک ئەم کەش و هەوایەیە کە هەمیشە وا دەکات بتوانرێت چارەسەر بۆ ئەو کێشانە بدۆزرێتەوە کە لە شوێنەکانی تردا بیری لێناکرێتەوە.
بەرنامە و بەشداربوان
گفتوگۆکانی بەرنامە رەسمییەکە بابەتی گرنگی جیهانی، وەک بەربەستە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان، ململانێکان، هەژاری و کێشە ژینگەییەکان و هەروەها ئەگەری چارەسەرەکان دەگرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی دەیان وڵات لە سەرتاسەری جیهانەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی داڤۆسدا دەکەن، هەروەها ئەل گۆر، بیل کلینتۆن، بیل گەیتس، بۆنۆ، پاولۆ کۆیلۆ و تۆنی بلێر بە بەردەوامی لە لیستی میوانەکانی داڤۆسدان. هێنری کیسینجەر، نیلسۆن ماندێلا و یاسر عەرەفات-یش لە کۆبوونەوەکانی ساڵانی پێشوودا بەشدارییان کردووە.
سەرەتاکان
ساڵی 1971 کلاوس شواب، کە ئەوکات مامۆستای سیاسەتی کۆمپانیاکان بوو لە زانکۆی جنێڤ، 444 بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی ئەوروپای خۆرئاوای بانگهێشت کرد بۆ یەکەمین سیمپۆزیۆمی بەڕێوەبردنی ئەوروپی، کە لە ناوەندی کۆنگرەی داڤۆس بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر شواب بە نیازی ئەوە بوو بە سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی ئەوروپا کۆمپانیا ئەوروپاییەکان بە شێوازەکانی بەڕێوەبردن لە ئەمریکا ئاشنا بکات، بۆ ئەم مەبەستەش (کۆڕبەندی بەڕێوەبردنی ئەوروپا)ی وەک دامەزراوەیەکی قازانجنەویست دامەزراند، کە بنکەکەی لە جنێڤە و نوێنەرانی بازرگانیی پێشەنگی ئەوروپای بۆ کۆبوونەوەی ساڵانە بانگهێشتکرد.
کرانەوە بە رووی سیاسەتدا
کۆڕبەندی بەڕێوەبردنی ئەوروپا لە ساڵی 1987دا ناوەکەی گۆڕا بۆ کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی و دواتر هەوڵیدا دیدگای خۆی فراوانتر بکات و گەشە بکات بۆ سەکۆیەک بۆ چارەسەرکردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکان. لەو کاتەوە سیاسەتمەدارە پێشەنگەکان داڤۆسیان وەک پلاتفۆرمێکی بێلایەن بەکارهێناوە.
جاڕنامەی داڤۆس، لە کۆتا خولەکدا رێگرییکرد لە دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان یۆنان و تورکیادا و ساڵی 1988 رێکەوتن لە نێوانیاندا لە داڤۆس ئیمزاکرا. لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ساڵی 1992ی داڤۆسدا، بۆ یەکەمجار فرێدریک ویلیام دی کلێرک سەرۆکی ئەفریقای باشوور و نیلسۆن ماندێلا و مانگۆسوتو بوتێلێزی لە دەرەوەی ئەفریقا پێکەوە دەرکەوتن. لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ساڵی 1994دا، شیمۆن پێرێس وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئیسرائیل و یاسر عەرەفات، رەشنووسی پەیماننامەیەکیان لەسەر غەزە و ئەریحا ئیمزاکرد.