لە یادی 30 ساڵەی شەهید حەمەفەرەج هەورامیدا

11:51 - 2025-01-06
کوردستان
151 جار خوێندراوەتەوە
#شەهیدی فەرماندە حەمەفەرەج هەورامی

لهۆن حەمەفەرەج*


شەهیدی فەرماندە، فەرەج محەمەد بابا ناسراو بە حەمەفەرەج هەورامی، لە دایكبووی ساڵی 1949ی شارۆچكەی تەوێڵەیە، دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 1967 بۆتە پێشمەرگە لە شۆڕشی ئەیلولدا و بەهۆی لێوەشاوەییەوە كراوەتە سەرپەل، پاشان وەك فەرماندەیەك بەردەوام بووە لەخەباتی پێشمەرگایەتی و بەشداریی زۆربەی شەڕەكانی ئەوكاتەی سنوورەكەی خۆی كردووە، تا هەرەسی شۆڕشی ئەیلول (ساڵی 1975) بەردەوام بووە.
ساڵی 1976 و لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا، پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی‌ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە و چالاكانە ئەركەكانی رێكخستنی رایی كردووە، سنووری چالاكیی شەهید حەمەفەرەج وابەستە نەبوو بەناوچەیەكەوە، لەهەر كوێ پێویست بوایە ئەركیان بۆ دیاری دەكرد، هەر لەو چوارچێوەیەشدا چەندین چالاكی گرنگی لەناو شاری بەغدا ئەنجام داوە، هەروەها لە سنووری هەورامان و هەڵەبجەش.
ساڵی 1981 بۆتە پێشمەرگە لە هەرێمی یەكی ئەوكاتە، هەر بەزوویی نیشانەكانی فەرماندەییكردنی پێشمەرگەی تێدا دەركەوتوووە، بۆیە لە ماوەیەكی كەمدا لە سنووری هەرێمی یەك و تیپی 11ی هەوراماندا پلەی فەرماندەی مەفرەزەی پێدراوە، دواتریش جێگری فەرماندەی كەرت و پاش ماوەیەكیش فەرماندەی كەرت.
پاشان لەسەر داوای خۆی گوازراوەتەوە بۆ تیپی 55ی قەرەداخ و ساڵی 1988 كراوەتە جێگری فەرماندەی تیپەكە.
بەگشتیی لەژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی چەندین شەڕ و داستانی كردووە، لەوانە:  (گرتنی بێتواتە و داستانی قەیوان-ماوەت و شەڕەكانی پشتیوانی كوردستانی خۆرهەڵات و نەبەردییەكانی زۆزگ و سەرتیز و شارەزور و گڵەزەردە و شێختەوێڵ و سەركردایەتی و دەشتی كۆیە و كونەكۆتر و زۆری دیكەش.
هەروەها بەشداریی كاریگەرانەی كردووە لە راپەڕینی ساڵی 1991دا و رۆڵێكی باڵا و كاریگەری هەبووە لە پاككردنەوەی شار و شارۆچكەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و كەركوك، هەمان ساڵیش كراوەتە فەرماندەی بەتالیۆن.
دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی سوپای یەكگرتووی كوردستان، كراوەتە فەرماندەی فەوج لە قیادەی مەنتیقەی سلێمانی، دواتریش فەرماندەی فەوجی 3ی لیوای سلێمانیی (پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی)، دوا پلەشی فەرماندەی هێز بووە،  لەماوەی 25 ساڵی خەباتیدا سێجار بە سەختی بریندار كراوە.
بەداخەوە، رۆژی 4/1/1995 لە گەڵاڵەی دەڤەری باڵەكایەتی شەهیدكرا.
*کوڕی شەهید

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان