ئەیاز محەمەد سەلیم هەركی
شەهید حەمدی ئەمین خودێدا ناسراو بە حەمدی شەنگالی، لە دایكبووی ساڵی 1991ی خێزانێكی كوردپەروەری عەشیرەتی (مەنتكا)ی ئێزدیی گوندی (كۆچۆ)یە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی2011 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لە سنووری كۆمیتەی رێكخستنی كۆمەڵگەی (تل قەساب) لە قەزای شنگال، ئەندامێكی چالاكی رێكخستن بووە لە سنووری كۆمیتەكەی.
ساڵی 2013 بووە بە پێشمەرگە لە فەوجی سێی لیوای111ی یەكەی70، لە بنكەی مەشقی هێزەكانی70 لە سلێمانی بەشداریی چەندین خول و راهێنانی سەربازیی كردووە، دواتر لە سنووری پارێزگای موسڵ و شەنگال وەك پێشمەرگەیەكی ئازا و چالاك درێژەی بە خزمەتی پێشمەرگایەتی داوە.
بەرەبەیانیی رۆژی 3/8/2014، كاتێك تیرۆریستانی داعش قەزای شنگال و دەوروبەریان داگیركرد، شەهید حەمدی شنگالی لەگەڵ پۆلێك لە پێشمەرگەكانی یەكێتی لە نێوان كۆمەڵگەی( تل قەساب) و گوندی (كۆچۆ) بەرگرییەكی بەهێز و سەختیان كرد لە پێناو رزگاركردنی خەڵكی شەنگال و ناوچەكەدا، دوای نەمانی فیشەك و بەرتەسكبوونەوەی گەمارۆی دوژمن، لەگەڵ 13 پێشمەرگەی هاوڕێیدا كە هەموویان هەڤاڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون، شەهیدكران، یەكێك لە شەهیدەكان (ئەیاز ئەمین)ی برای بوو.
شایەنی باسە.
لە كارەساتی شەنگالدا ژمارەیەكی زۆر لە پێشمەرگە وكادر و ئەندامان و هەڤاڵانی یەكێتی لەوكاتەدا بەرگرییەكی سەختیان كرد، بۆیە زۆریان شەهید بوون و ژمارەیەكی زۆرتریشیان بە دیلی كەوتنە دەستی داعش و دواتر كۆمەڵكوژ و بێسەروشوێن كران.