مۆسكۆ هەڕەشەی بڕینی غاز لە ئەوروپا دەكات

11:04 - 2022-07-21
ڕاپۆرت
344 جار خوێندراوەتەوە

ئا: بورهان ئەمین

لە پەراوێزی كۆبوونەوەی سێقۆڵی سەرۆكەكانی روسیا و ئێران و توركیا لە تاران، ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: دوای چاككردنەوەی تۆربینەكان، لە كۆتایی ئەم مانگەدا هەناردەی غازی روسی بۆ ئەوروپا لەڕێی بۆرییەكانی نۆرد ستریم یەك-ەوە كەم دەكرێتەوە. روونیشیكردەوە: كۆمپانیای گازپرۆم هەموو ئەو رێكارە پێویستانە جێبەجێ دەكات كە پەیوەستن بە هەناردەی غاز لەڕێی بریكارەكانیەوە، بەڵام ئەوروپییەكان پەیوەست نین بەو پەیمانانەی لەگەڵ كۆمپانیاكەدا ئیمزایان كردووە. 

راگرتنی پڕۆژەی نۆرد ستریم 2
ڤلادیمێر پوتین ئاماژەشی دا بە راگرتنی پڕۆژەی بۆری نۆرد ستریم 2، كە تەواوبووە و بەپێی رێكەوتنی هەردوولا، دەبوو ئێستا كار بكات، بەڵام یەكێتیی ئەوروپا رایگرتووە، بۆیە ئەوان بەرپرسیارن لە هەر وەستاندنێكی ناردنی غاز بۆیان. هەروەها سەرۆكی روسیا رەخنەی لە بەرپرسانی یەكێتیی ئەوروپا گرت بەوەی خۆیان خستۆتە ناو گێژاوی ئەمریكا و ناتۆ و لە جەنگی ئۆكرانیادا سزایان بەسەر مۆسكۆدا سەپاندووە، بۆیە دەبێت خۆیان باجی ئەو دۆخە ناهەموارەیان بدەن، كە تێیكەوتوون.

دۆزینەوەی جێگرەوەیەك
لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی سەرۆكی روسیادا، یەكێتیی ئەوروپا خەریكی پڕۆژەیەكی فریاكەوتنە بۆ زستانی داهاتوو و دۆزینەوەی جێگرەوەیەك، تا بتوانن بۆشایی غازی روسیا پڕ بكەنەوە، چونكە ئێستا مەترسی ئەوە هەیە كە لە ئەنجامی بێ غازیدا قەیرانێكی گەورە دروست ببێ و كاری زۆرێك لە كۆمپانیا و فابریكەكان رابگیرێن. جگە لەوەش، گرانبوونی نرخی غاز بۆتە مەترسی لەسەر زۆرێك لە هاووڵاتیانی ئاسایی ئەوروپا بە گشتی و ئەڵمانیا بە تایبەتی، چونكە هەموو ئامێرەكانی گەرمكەرەوەی ناو ماڵ و فەرمانگە ‌و شوێنە گشتییەكان، بە غاز كاردەكەن.

یەكێك لە ئەڵتەرناتیڤەكان
ئورسۆلا فۆن دێر لاین سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپاش ئاشكرایكردووە: یەكێك لە ئەڵتەرناتیڤەكانی روسیایان دۆزیوەتەوە بۆ پەیداكردنی غاز، كە ئازەربایجانە ‌و لەم رۆژانەدا گرێبەستێكیان ئیمزاكردووە، كە لە ساڵانی داهاتوودا 20 ملیار مەتر چوارگۆشە غازی لێبكڕن. هەروەها لەگەڵ هەریەك لە قەتەر و جەزائیریش گفتوگۆیان كردووە، تا لەبواری وزەدا ببنە جێگرەوە و ئیدی پێویستیان بە غازی روسیا نەمێنێت. هەروەك بەنیازن هەندێ كۆت و بەندی تایبەت بە سزاكانی سەر مۆسكۆ هەڵبگرن، كە تایبەتن بە ئاسایشی خۆراكی جیهانی.

سەرچاوە: Euronews، Die Welt

#مۆسكۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان