ئایندەی بنەبڕكردنی تیرۆر لە مالی

08:47 - 2022-03-24
ڕاپۆرت
337 جار خوێندراوەتەوە

ئا: تارا شێخ عوسمان

جەنگی ئۆكرانیا بووەتە خاڵی گۆڕانكاریی لە كار و سیاسەتەكانی ئاسایشی ئەوروپا، فەرەنسا و هاوكارەكانی سەرقاڵی كشانەوەی سەرچاوە سەربازییەكانیانن لە مالیین، ئەمە چەندین پرسیاری هێناوەتە ئاراوە لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ هەڕەشەی تیرۆر و زیادبوونی جێ پەنجەی روسیا لەو وڵاتە و ناوچەكانی دەوروبەری.

کشانەوەی هێزەکان
لە 17ی شوباتی ئەمساڵدا هەریەك لە فەرەنساو كەنەدا و 27 دەوڵەتی تری هاوكاریان لە ئەوروپا و ئەفریقیا راگەیاندنێكیان بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەیان بە گواستنەوەی سەرچاوە سەربازییەكان كرد، لەوانەش كشانەوەی یەكەی سەربازیی سەرەكیی لە مالییەوە بەرەو وڵاتانی دراوسێی، ئەم یەكە سەربازییەش بریتییە لە 2200 سەربازی فەرەنسی، بڕیارەكە دوای چەندین مانگ لە ململانێی سیاسی دێت لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازیی فەرمانڕەوای مالی و زۆربوونی هەژمونی روسیا لەو وڵاتە و بەم دواییەش قەیرانی ئۆكرانیا.

لە تەمموزی 2021 دا سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند سوپای وڵاتەكەی بنكەكانی لە باكووری مالی دادەخات، ئەم هەڵویستەش لە كاتێكدا بوو كە سەرانی رێكخراوە تیرۆریستییەكان لە باكوورەوە بەرەو سێگۆشەی سنوریی نێوان مالی و نەیجەر و بۆركینافاسۆ گواستیانەوە، ئەمەش وایكرد هەندێك لایەنی سەربازیی دیكەی وەك تیمی كاری ئەوروپا (تاكۆبا) و كۆمەڵەی پێنج قۆڵی ناوچەی كەناری، ژمارەی هێزەكانیان زیاتر بكەن، كارەكەش یارمەتی فەرەنسای دا چوارچێوەی هێزەكانی كەم بكاتەوە، هاوكات ئەمریكا پشتیوانێكی گەورەی ئەو پڕۆسانەی كردووە كە لە مالی و سنورەكانی لە دژی گروپە تیرۆریستییەكان بەڕێوەچووە و پێشتریش هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و فەرەنسا لە میانەی كۆبونەوەكەی رۆما كە لە ئۆكتۆبەری 2021دا بەرێوەچوو، بەڵێنیان دا زیاتر هاوكاری یەكتر بكەن لە ناوچەی كەنار و بیابانی عەرەبی.

ئەمانە لە كاتێكدایە كە لە ساڵی 2013 دا فەرەنسا بە دەنگ بانگەوازێكی حكومەتی مالییەوە چوو بە مەبەستی یارمەتیدانی لە بنەبڕكردنی تاقمە تیرۆریستییەكانی (ئەلقاعیدە) و گروپە هاوكارەكانیان كە دەیانویست دەست بگرن بەسەر باماكۆی پایتەختی مالیدا، فەرەنساش لە رێگەی پڕۆسەی (سێرڤال)ەوە، هاوكاری ئەو وڵاتەی كرد و دواتریش لە ساڵی2014 دا پڕۆسەی (برخان) بەرێوەچوو كە ئامانجێكی بەرفراوانتری هەبوو و بریتی بوو لە بە ئامانجگرتنی هەردوو رێكخراوی ئەلقاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی و چەند تاقمێكی تیرۆریستیی ناوخۆیی.

مالی لە نێوان تیرۆر و كودەتای سەربازیی
كاتێك لە ئایاری 2021 دا كودەتای سەربازیی لە مالی روویدا و جەنەراڵە سەربازییەكان حوكمیان گرتەدەست، پەیوەندییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا و وڵاتانی ئەفریقیا تێكچوو و دەسەڵاتدارانی حكومەتی كاربەڕێكەر گوتارێكی نەتەوەییانەی دژ بە فەرەنسا بەكارهێنا و ئەو گوتارەش دەنگدانەوەیەكی ئیجابی هەبوو لە نێو دانیشتوانی ناوچە شارستانییەكان.

لەسەر ئاستی سەربازییش، سەرانی كودەتا و حكومەتی كاربەڕێكەر وردە وردە لەمپەریان خستە بەردەم ئازادی كاری فەرەنسیی و ئەوروپییەكان و مۆڵەتی فڕینی فرۆكە سەربازییەكانی فەرەنسایان رەتكردەوە و نەیاندەهێشت هێزە خۆرئاواییەكان لە ئەركە سەربازییە ناوخۆییەكاندا بەشدار بن، لەگەڵ زیادبوونی قەیرانەكانیش دەسەڵاتە سەربازییەكەی مالی بە پاساوی پشتیوانییكردنیان لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر(گروپی ڤاگنەر)ی دامەزراند كە بە بەهێزترین كۆمپانیای سەربازی تایبەتی روسیا دادەنرێت، بەڵام لەراستیدا، ئەندامانی ئەو گروپە ئەركێكی تریان راپەراند، نەك دژایەتییكردنی تیرۆر.

لە بەرامبەر ئەو دابەشبوونە سیاسیی و سەربازییە ( كۆمەڵەی ئابووری وڵاتانی خۆرئاوای ئەفریقیا) و یەكێتی ئەوروپا سزای ئابوورییان سەپاند بەسەر ئەنجومەنی سەربازیی مالییدا و فەرەنسا و هاوكارەكانیشی بڕیاریاندا هێزە سەربازییەكانیان بگوێزنەوە بۆ ئەوەی لە وڵاتانی دراوسێیەوە چاودێری مالی بكەن و روبەڕووی گروپە تیرۆریستییەكان ببنەوە.

هەڕەشە تیرۆریستییەكان لە باكووری ئەفریقیا
چاودێران پێیانوایە دووبارە بڵاوەپێكردنی هێزە ئەوروپییەكان گۆڕانكارییەكی ستراتیژیی گەورەی بە دوادا دێت، چونكە ئەوان گومانیان لەوەیە كە هێزێكی چەند سەد كەسیی(فاگنەر) بتوانن ئاسایشی رووبەرێكی 900 كیلۆمەترچوارگۆشەیی باكوور بپارێزن كە لە بەردەم هەڕەشەدایە. لەبەرئەوەی سەركردەیەكی بە توانایان نییە و هیچ ئەزمونێكیان نییە لە پرسەكانی هەواڵگریی و دیدەوانیدا.

ئەو چاودێرانە دەشڵێن: بەشێك لە كرێگرتەكانی فاگنەر لە مالی هیچ پەیوەندییەكیان بە روسیاوە نییە، بەڵكو خەڵكی سوریان و لیبیان، جگە لەوەش ئەو هێزانە هێندەی خەیاڵیان لای دابینكردنی سەرچاوەی داهاتیانە هێندە بیریان لای روبەرووبوونەوەی جیهادییەكان نییە، هەربۆیە مەترسی ئەوە هەیە جارێكی تر مالی ببێتەوە بە بنكەی گروپە تیرۆریستییەكان، بەم سیناریۆیەش چەندین وڵاتی عەرەبی دەكەونە بەر مەترسی هەڕەشەی تیرۆر، لەوانەش لیبیا، لەبەرئەوەی لە شارێكی وەك فەزان كە دەكەوێتە ئەوپەری باشووری لیبیا هێزی سەربازیی لیبیایی كەمە، پێشتر مۆڵگەی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە بووە، رۆشتنە دەرەوەی هێزە ئەوروپیەكانیش لە مالی رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ هاتوچۆی توندڕەوەكان لەو ناوچە سنوریانە و جارێكی تر تیرۆریستان رێگەی سەلامەتیان دەبێت بۆ هاتوچۆی خۆیان و دزە پێكردنی چەك و پێداویستی سەربازیی و لە دواجاریشدا ئەم جموجۆلانە كاریگەریی خراپی بۆ هەموو وڵاتان دەبێت.

هەرچەندە وەزیری دەرەوەی مالی سەردانی چەند پایتەختێكی عەرەبی و تەنانە ئێرانیشی كردووە بە مەبەستی داواكردنی پشتیوانی دارایی و كەمكردنەوەی كاریگەریی سزا ئابوورییەكان، بەڵام هێشتا ئەو هەوڵانە هیچ ئەنجامێكی نەداوە بە دەستەوە.

و رەنگە جەزائیر پێشوازی لە چوونە دەرەوەی داگیركەرە كۆنەكەی بكات لە سنورەكانی باشووری و بیریش لەوە بكاتەوە رۆڵێكی دیپلۆماسیی ببینێت بۆ زیندووكردنەوەی رێكەوتننامەی ئاشتی جەزائیر كە لە 2015 دا ئیمزا كرا و تێیدا چەكدارانی (تەوارق) و حكومەتی مالی ناچار كران شەڕوپێكدادانەكانیان راگرن، هەروەها لەبەرئەوەی پەیوەندییەكانی بە هێزە لەگەڵ روسیا، رەنگە هەست بە دڵنیایی بكات لەو هەژمونە گەورەیەی روسیا لە رێی گروپی ڤاكنەرەوە لە وڵاتەكانی دراوسێی ئەودا هەیەتی.

ئەو دووفاقیەشی لەو بەیاننامەیەدا دەركەوت كە لە كانونی دووەمی ئەمساڵدا نووسینگەی سەرۆكی جەزائیر بڵاویكردەوە و تێیدا شەرمنانە باسی لە سزاكانی سەر ئەنجومەنی سەربازیی مالی كردووە، لە هەمانكاتدا لایەنگریی خۆی بۆ هەندێك وڵات و گروپی ئابوری وڵاتانی خۆرئاوا و ئەفریقیا دەربڕی.

لە پیناوی سنوردانان بۆ پێشهاتە چاوەڕوانكراوەكان پێویستە خاوەن بەرژەوەندییەكانی خۆرئاوا گوشارە سیاسی و ئابوورییەكانیان لەسەر ئەنجومەنی سەربازیی مالی بەردەوام بێت، ئەویش لەرێی پڕۆسەی دیموكراسی و سنووردانان بۆ هەژمونی مۆسكۆ، رەنگە بەشدارپێكردنی حكومەتەكانی مەغریب و میسر لە باكووری ئەفریقیا سەبارەت بەو پرسانە و بەشدارییپێكردنی جەزائیریش مەترسی گرژیی نێوان تەوارق و حكومەتی مالی كەم دەكاتەوە و كاراكردنەوەی رێكەوتننامەی ئاشتی ساڵی (2015) یەكێكی ترە لە بژاردە سیاسییە گونجاوەكان بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكان.

سەرچاوە : معهد واشنطن لدراسات الشرق الاوسط

بابەتە پەیوەندیدارەکان