تووڕەیی و گریانی منداڵ هەمیشە خراپ نییە

09:36 - 2022-07-23
کەلتور
551 جار خوێندراوەتەوە

و: دڵان سامان

هەندێک لە دایکان و باوکان وا هەستدەکەن لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا شکستیانهێناوە کاتێک رەفتارە خراپ و عەجول و سەرکێشییەکانیان دەبینن، هەرچەندە هەوڵدەدەن فێری هەڵسوکەوتی رێکوپێکی کۆمەڵایەتییان بکەن وەکو وشەکانی «بە یارمەتی یان سوپاس» جگەلە هاوسۆزییان بەرامبەر کەسانی دیکە و رێزگرتن و هاوکاریکردنی کەسی بەرامبەر لە کاتی پێویستدا.
هەرچەندە ئەو رەفتارە هار و بزێوانە هەندێکجار زۆر بێزارکەرن، بەڵام زانایانی دەروونناسی منداڵان وایدەبینن ئەوانە بابەتێکی پۆزەتیڤن، چونکە رەنگدانەوەی رادەی هەستی منداڵە بە ئاسایش و سەلامەتی و متمانەکردنی بە باوانی.
لەو بارەیەوە ئیمیلی لوپ زانای دەروونناسی لە زانکۆی ڤێرجینیا-ی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە کار لەسەر کاریگەری پەروەردەکردنی دایک و باوک لەسەر گەشەی منداڵ دەکات دەڵێت: «کاتێک منداڵ زیاد لە پێویست پێداگریی لەسەر رای خۆی دەکات نابێت ئەو رەفتارانە بە شێوەیەکی نێگەتیڤ شیبکرێنەوە، بەڵکو دەبێت بزانرێت ئەو رەفتارانە گرنگ و پێویستن» هەروەها باس لەوە دەکات کاتێک منداڵ هەست بە سەلامەتی و خۆشەویستی دەکات زیاتر توانای دەبێت بۆ دۆزینەوە و ناسینی دونیای چواردەوری خۆی لەلایەن خودی خۆیەوە و دەربڕینی رای خۆی.
بەڵام کاتێک منداڵان لەکاتی بوونی گەورەکاندا زۆر بەڕێز و بێدەنگ دەبن ئەوە زۆربەیجار مانای وایە لە گەورەکان دەترسن، هەروەها منداڵان گەشە ناکەن کاتێک لەو کەسانە دەترسن کە پەروەردەیان دەکەن، چونکە پەروەردەکردنی سەرکوتکەرانە لەسەر بنەمای ترس بەوەی دایک و باوک زیاد لە پێویست توندوتیژ دەبن و منداڵەکانیان بە توندی سزا دەدەن ئەوە رێژەیەکی زۆر کاردانەوەی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر منداڵان.
باوانی توندوتیژ
لە هەندێ توێژینەوەدا دەرکەوتووە منداڵانی باوانی سەرکوتکەر و توندوتیژ زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ ببن، هەروەها رەفتار و هەڵسوکەوتیان ناتەواو دەبێت بە بەراورد بە منداڵانی دیکە، چونکە لە پێزانینیان بۆ خودی خۆیان هەست بە کەمیی دەکەن. 
رێبیکا شراگ هیرشبرگ پسپۆری دەروونی کلینکیی نیشتەجێ لە نیویۆرک و پسپۆر لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و سۆزداریی لە قۆناغی سەرەتای منداڵیی و تەندروستی دەروونی دەڵێت «زانست دەڵێت ترس لە دایک و باوک بە تێپەڕبوونی کات هەستی متمانە بەخۆبوون کەمدەکاتەوە و واتلێدەکات زیاتر پێویستت بە پێزانینی دەرەکیی بێت بەهۆی نەبوونی پێزانینی ناوەکیی بۆ خودی خۆت».
باوانی توندوتیژ هەندێکجار پەنا بۆ رێوشوێنی زیانبەخش دەبەن یەکێک لەوانەش گرنگیپێدانی مەرجدارە واتا لەگەڵ منداڵەکانیان بە سۆزەوە رەفتار دەکەن تەنیا کاتێک بە ئەدەب و ئاقڵن هەرکاتێک کەمێک عەجولیان کرد ئەو سۆز و خۆشەویستییە کەمدەبێتەوە.
توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەو هەرزەکارانەی باوانیان گرنگیپێدانی مەرجداریان لەگەڵدا بەکارهێناون هەستی بێزارییان بەرامبەر باوانیان دەربڕیوە و لە ژیانی ئەکادیمیدا ئاستێکی لاوازیان پیشانداوە و کەمتر توانای ئەوەیان هەبووە کۆنتڕۆڵی هەستەکانیان بکەن بە بەراورد بە هەرزەکارانی دیکە ئەوانەی باوانیان بێ مەرج پاڵپشتیی و سۆز و خۆشەویستییان داونەتێ.
یەکێک لەو رێگایانەی دیکە کە باوانی سەرکوتکەر هەندێکجار بەکاریدێنن زاڵبوونی دەروونییە، ئەوەش کاتێک روودەدات کە باوان یاری بە هەستی منداڵەکانیان و بەهای ناخیان دەکەن تاوەکو بەو شێوەیە رەفتار بکەن کە ئەوان دەیانەوێت.
لەو بارەیەوە د. ئیمیلی لوپ بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز باسی لەوە کردووە ئەو جۆرە زاڵبوونە دەروونییە تێیدا باوان منداڵەکانیان ناچاردەکەن بە هەمان شێوەی ئەوان بیربکەنەوە یان هەست بکەن.
لە نوێترین توێژینەوەی ئەو پزیشکەدا کە لەسەر کۆمەڵێک کەس کردوێتی تەمەنیان لە نێوان 13-32 ساڵدا بووە دەرکەوتووە ئەو منداڵانەی باوانیان بە شێوازی زاڵبوونی دەروونیی مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون لەڕووی ئەکادیمییەوە کەمتر سەرکەوتوو بوون و کەمتر لەنێو هاوتەمەنەکانیاندا قبوڵکراوبوون لە قۆناغی هەرزەکاریدا بە بەراورد بەو منداڵانەی ئەو جۆرە مامەڵەیەیان لەگەڵدا نەکراوە، هەروەها لە پەیوەندییە سۆزدارییەکانیاندا کەمتر سەرکەوتوو بوون دوای گەیشتنیان بە تەمەنی باڵقبوون.
زاڵبوونی دەروونیی
جگەلەوەی هەندێ لێکۆڵینەوەی دیکە زاڵبوونی دەروونیی دایک و باوکیان بە رەفتاری ناتەواو و شەڕانگێزیی کۆمەڵایەتی منداڵیان بەستۆتەوە، هەروەها ئیمیلی دەڵێت: «ئەو دایک و باوکەی ئەو شێوازە بەکاردێنن زۆرجار بە مەبەستی خراپ ئەو کارە ناکەن و وادەزانن کۆنتڕۆڵکردنی منداڵ سەرکەوتووترە، بەڵام ئەنجامەکانی پێچەوانە دەبێت و لە کۆتاییدا تووشی کێشەی زۆر دەبن لە بیرکردنەوەکانیاندا کاتێک گەورە دەبن و لە ژێر کۆنتڕۆڵی ماڵ دەچنە دەرەوە».
ئەوەشی زۆربەی باوان دەیانەوێت ئەوەیە منداڵەکانیان گەشەبکەن و بتوانن بە تەنیا بیربکەنەوە و رای خۆیان دەربڕن و بەشێوەیەکی داهێنەرانە بیربکەنەوە، لە کۆتاییدا ئەو توێژینەوەیەی ئیمیلی لوپ دەگاتە ئەو ئەنجامەی پەروەردەکردنی توندوتیژ و سەرکوتکەرانە تۆوی گەشەی تەندروستیان تێدا ناچێنێت، بەڵکو پێچەوانەکەی دەکات و راستە لەسەر ئاستی کورت خایەن منداڵ بە باشی و بە ئەدەبەوە رەفتار دەکات، بەڵام لەسەر ئاستی درێژخایەن تووشی کێشەیان دەکات.
هۆکارەکانی رەفتاری خراپی منداڵ
بە پێی پێگەی What to Expect  بێت هەمیشە رەفتاری خراپ لای منداڵ وەکو نۆبەی تووڕەیی و پێداکێشان و وتنی وشی نەخێر و شکاندنی رێساکان کارێکی سروشتییە و بۆ تەمەنەکەیان گونجاوە، پسپۆران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن بەوەی نابێت ئەو رەفتارانە بە کاری بەرهەڵستی و ئاژاوە دابنرێن، بەڵکو دەبێت بە هەڵسوکەوتی گونجاو بۆ گەشەکردنی منداڵ دابنرێن وەکو:
*حەزی زانین لای منداڵی بچووک بابەتێکی سروشتییە و رەنگە بە رەفتاری خراپ لێکبدرێتەوە وەکو ئەوەی «چی روودەدات ئەگەر هەموو کتێبەکانی سەر رەفەکان بەربدەمەوە؟» کەسێکی گەورە ئەو رەفتارانە بە عەجولی و بزێویی لەقەڵەم دەدات، بەڵام لەلای منداڵی بچووک ئەو تاقیکردنەوەیەکی زانستی دەکات و مەبەستی بێزارکردنی کەس نییە.
*لێکتێنەگەیشتن زۆربەی کات روودەدات بەهۆی ئەوەی قورسە منداڵی بچووک کۆمیونیکەیشن لەگەڵ ئەوانی تردا بکات، بۆیە ئاسانە لای شەقێک لە براکەی بدات لەبری ئەوەی بڵێ ماندووم و باش نەخەوتووم.
*کامڵ نەبوون هۆکارێکی دیکەیە تا دەگەنە تەمەنی باخچە، چونکە منداڵان بێ توانان لە کۆنتڕۆڵکردنی پاڵنەر و تێگەیشتنی چەمکی راست و هەڵە، بەهۆی ئەوەی هەمیشە دیوارێک لە رێسا و کۆت و بەند دێتە بەردەمیان جا بێ توانایی بێت لە داخستنی قۆپجەی قەمیسەکەیاندا یان وتنی ئەوەی مەبەستیانە زۆرجار لەو حاڵەتانەدا بە بێهودەیی و نۆبەی تووڕەیی دەریدەبڕن.
*حەزی سەربەخۆیی: لە ساڵانی سەرەتای تەمەنیدا منداڵ حەزدەکات باڵەکانی تاقیبکاتەوە و بە تەنیا شتی نوێ بکات وەکو بڕینی خواردنەکەی یان داخستنی قەیتانی پێڵاوەکانی و دەست شتن بە تەنیا، بۆیە ئەوەش دەبێتە هۆی بەرەنگاریکردن و رەفتاری شەڕانگێزانە کاتێک هەوڵدەدەیت یارمەتی بدەیت هەروەها تووشی بێهودەیی دەبێت لە کۆتاییدا و زۆرجار نۆبەی تووڕەیی رێگەی ئەوە بۆئەوەی بڵێت «من تووڕەم و دەمەوێت ئەوە بە تەنیا خۆم بیکەم!» یان «من تووڕەم!».
 پەروەردەی توند نەک سەرکوتکەرانە
د.رێبیکا دەڵێت: «ئەوەی بە راستی بۆ منداڵەکانمان دەمانەوێت ئەوەیە خۆیان بناسن و متمانە بە خۆیان بکەن و بڕوا بە خۆیان بێنن، هەموو ئەوەش لەدەست دەچێت ئەگەر بێت و باوان سەرکوتکەر و توندوتیژ بن و کۆنتڕۆڵی هەموو شتێک بکەن» دەبێت مامەڵەی منداڵان بە رێزەوە بکرێت و وایانلێبکرێت هەست بە بەهای راو بۆچوون و بیرکردنەوەکانیان بکرێت، ئەوەش مانای ئەوە نییە منداڵان پێویستیان بە بنەما و رێسا یان سنوور و سزا نەبێت، بەڵکو ئەوە پێویستە و پەروەردەی بێ سزا و یاسا دەبنە هۆی کێشەو توێژینەوەکان دەیبەستنەوە بە خۆپەرستیی و لاوازیی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵچوونەکان لای منداڵ.
هەروەها زۆربەی لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن دەبێت باوان هەوڵی زەمینەیەکی مامناوەند بدەن ئەوەی پێیدەوترێت پەروەردەی توند نەک توندوتیژ و سەرکوتکەرانە واتا دایک و باوکان سنووری گونجاو بۆ منداڵەکانیان دابنێن، بەڵام لە هەمانکاتدا بە سۆز و خۆشەویستی و رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و لەسەر راو بۆچوونەکانیان گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن، بۆیە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەو منداڵانە ئاستیان لە خوێندنگە لە چاو هاوتەمەنەکانی تریاندا باشتر دەبێت و لەگەڵ دایک و باوکیاندا راستگۆترن و نەرمیی و سۆزیشیان تێدا بەدیدەکرێت.

سەرچاوە: رویترز عربی

بابەتە پەیوەندیدارەکان