یاسای گەڕانەوەی موڵك لە نوێنەرانە

گرفتی نەکێڵانی زەویی جووتیارانی کورد بەردەوامە

09:57 - 2025-01-19
ڕاپۆرت
167 جار خوێندراوەتەوە
جووتیارە کوردەکان تاپۆی رەشی سەردەمی عوسمانییان هەیە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

دیلان غەفور  بۆ کوردستانی نوێ   : یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق، هەوڵ دەدات ئەو بڕیارانەی، لە بەرژەوەندیی جووتیارانی كورد و توركمان دەردەچن، وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن

لە سەردەمی راکان جبوری پارێزگاری پێشووی بە وەكالەتی كەركوك، گەلێك كێشە و گرفتی جۆراوجۆر بۆ جووتیارانی كورد و توركمان دروستكرا، بە بەكارهێنانی جۆرەها یاسای بەسەرچووی سەردەمی رژێمی بەعس، عەرەبە هاوردەكانیان لەسەر زەوی و زاری كورد و توركمانی كەركوك قووت كردەوە، هەوڵی داگیركردنی زەوییەكانیان دەدا بە بیانووی ئەوەی ئەم عەرەبە هاوردانە گرێبستی زەوییان هەیە و مافی خۆیانە ئەو زەوییانە بكێڵن و تۆوی بكەن، لە كاتێکدا بەشێكی زۆریان قەرەبووی مادەی 140یان وەرگرتووە و چوونەتەوە شوێنەكانی خۆیان، بەڵام بۆ ماوەی ساڵێك دەچێت پڕۆژە یاسایەك لە پەرلەمانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم گرێبەستانە، بەڵام بە پاڵپشتی ئەندام پەرلەمانە سوننەكانی عیراق دەنگی لەسەر نادرێت.

پاڵپشتیی پرۆسەی بە عەرەبكردن
 عەلی مەحمود جووتیار لە گوندی پەڵكانە، بە كوردستانی نوێی وت: ئێمەی جووتیارانی ئەم ناوچەیە، لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە گەڕاوینەتەوە سەر زەوییەكانی خۆمان وەک قەرەبووی مادەی 140 و تاپۆی رەشی سەردەمی عوسمانیمان هەیە، بەڵام لە دوای رووداوەكانی ساڵی 2017ەوە، عەرەبە هاوردەكان بە رێگەی جۆراوجۆر هەوڵدەدەن بگەڕێنەوە ناوچەكە، لەبەرئەوەی لە سەردەمی بەعسدا گرێبەستی زەوییەكانمان بە عەرەبی هاوردە بەخشرابوو، هەروەها لە سەردەمی پارێزگاری پێشووی بە وەكالەتی كەركوك كارئاسانییان بۆ دەكراو سوپای عیراقیش بەشێك لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی كوردەكانیان داگیركردووە، یان نەیانهێشتووە بیكێڵن و دروێنەی بكەین، یان لە كاتی پێگەیشتنی بەروبوومەكەدا سووتاندویانە.

پاڵپشتی سوپا بۆ داگیرکردن
 جوامێر عەبدوڵڵا جووتیار لە گوندی تۆپزاوای كەركوك، لەسەر داگیركردنی زەوییەكانیان بۆ كوردستانی وتی: عەرەبەکان سوپای عیراق وەك دەسكەلایەكی یاسایی بەكاردەهێنن بۆ داگیركردنی زەوییەكانی كورد و توركمان لە تۆپزاوا، بە بیانووی ئەوەی گوایە ئەم زەوییە كشتوكاڵییانە لە رابردوودا سەربازگە بوون ئەم قسانەش هیچ بنەمایەكی راستییان نییە.
بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی بەرگری عیراق رەوایی دراوە بەوەی ئەم زەوییانە موڵكی سوپایە، بەبێ ئەوەی رەچاوی تایبەتمەندییەكانی جێبەجێكردنی مادەی 140 بكەن لە ناوچەكەدا و لە بەغداوە پاڵپشتیی عەرەبە هاوردەكان دەکرێت بۆ داگیركردنی موڵك و ماڵی جووتیارە کورد و تورکمانەکانی ناوچەکە.
ململانێ بابەتەکەی ئاڵۆز کردووە
عەبدوڵڵا میروەیس سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك،  لەسەر مافی زەوی و زاری جووتیارانی كورد بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە، تائێستا نەتوانراوە وەك پێویست كاربکرێت بۆ چارەسەرکردنی كێشەكان بە شێوەیەكی گونجاو و لەبار لە نێوان ناوەند و هەرێمی كوردستاندا، بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ كێشەكان چوارچێوەیەكی قووڵتر بە خۆیەوە دەبینێت و ئاڵۆزتر دەبێت. بەشێكی زۆری كێشەكانیش چووەتە چوارچێوەی سیاسی و سەربازییەوە و لە بڕگەكانی دەستوور چووەتە دەرەوە، چارەسەركردنی پێویستی بە كۆدەنگی حزبەكانی كوردستان و عیراقە بۆئەوەی لە پەرلەمان چارەسەر بكرێت، لەبەرئەوەی هەندێكجار دەوڵەتە ئیقلیمییەكانیش رۆڵی باڵا دەبینن لە ئاڵۆزكردنی کێشەکەدا.
وتیشی: ئێستا كێشەی زەوی و زار و موڵكدارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كورد و توركمان چوارچێوەیەكی دژواری وەرگرتووە و یاساكانی گەڕانەوەی ماڵ و موڵك نەتوانراوە دەنگی لەسەر بدرێت و مافی جووتیارەكان بدرێتەوە، بۆیە دەنگدان لەسەر ئەو بڕیارەی گەڕانەوەی ماڵ و موڵكی جووتیارە كورد و توركمانەكان پەیوەست كراوە بە كۆمەڵێك بڕیاری دیکەوە و ململانێی سوننە و شیعەكان جووتیارانی كورد و توركمان لێی زەرەرمەندن.

پارێزگاری پێشوو بەرپرسیارە
سەرهەڵدانی ئەم كێشانە لە دوای ئەوەوە هات پارێزگاری پێشووی كەركوك، رۆڵێكی بەرچاوی بینی لە ئاڵۆزكردنی كێشەكان و هێنانی عەرەبی هاوردەی سوودمەند بوو بۆ شارەكە و پشتگیریكردن لە بڕیارەكانی پێشووی رژێمی بەعس بەوەی كە گرێبەستی كشتوكاڵییان هەیە، دەتوانن داوای مافەكانی خۆیان بكەن، كە ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی بەربەرەكانێ لە نێوان عەرەبی هاوردە و جووتیارەكانی پەڵكانە و سەرگەڕان و تۆبزاوا.
عەبدوڵڵا میروەیس دەڵێت: بەپێی بڕیارێك كە لە وەزارتی بەرگری عیراقەوە دەرچووە و رێگەی بە هێزە سەربازییەكانداوە بە گەڕانەوەی موڵك و ماڵی وەزارەتی بەرگری لە گوندەكانی سەرگەڕان و پەڵكانە و تۆبزاوا، بە تایبەتی لە گوندی تۆبزاوا كێشە لەسەر پێنج پارچە زەوی كشتوكاڵی هەیە كە موڵكی 24 جووتیاری كورد و توركمانە، بەبێ ئەوەی سەیری چۆنێتی دەستبەسەراگرتنی کرابێت لە رابردوودا، لەلایەن رژێمی بەعسەوە و بەبێ قەرەبووكردنەوە بە گرێبەست دراوە بە عەرەبە هاوردەكان.

یەكێتی پێداگرە 
دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەسەر فراكسیۆنی سەوز، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە سەردەمی رژێمی بەعسدا، قەزای داقوق و گوندەكانی تووشی گۆڕانی دیموگرافیا بوون، بۆیە ئێستا جووتیارانی كورد رووبەڕووی كێشە دەبنەوە لە نێوان سوپا و عەرەبە هاوردەكاندا، لەبەرئەوەی لە سەردەمی بەعسدا زەوی و زاری جووتیارانی كورد داگیركران و دران بە عەرەبی هاوردە و گرێبەستەكانیان بەناوی ئەوانەوە كراوە، بەڵام دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق جووتیارە كوردەكان گەڕانەوە سەر ماڵ و موڵكی خۆیان و زۆرێك لە گرێبەستەكانیش هەڵوەشێنرانەوە، بەڵام ئێستا عەرەبە هاوردەكان بە پاڵپشتی سوپا دووبارە بە نیازن زەوییەكان بكێڵنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران داوامان كردووە ئەو زەوییانەی كێشەی موڵكدارێتییان لەسەرە نابێت هیچ كەسێك و لایەنێك بیكێڵێت تا ئەوكاتەی دادگا كێشەكە یەكلایی دەكاتەوە، دواتر ئەوە بوو لە كۆبوونەوەكە دەنگی لەسەر درا، هەروەها داوامانكرد ئەو ئەفسەرانەی سوپا كە دەرمارگیری نەتەوەییان هەیە لەو شوێنانە بگوازرێنەوە كە جیاوازی لە نێوان كورد و عەرەب و توركمانەكاندا دەكەن، لەبەرئەوەی عەرەبە هاوردەكان هەرچەند تاوانباریش بن ئەو ئەفسەرانە لایەنگیریان دەكەن.
وتیشی: ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق، هەوڵی ئەوە دەدەین ئەو بڕیارانەی کە لە بەرژەوەندیی جووتیارانی كورد و توركمان دەردەچن وەك خۆی جێبەجێ بكرێن، بۆئەوەی ماف بۆ جووتیارانی كورد و توركمان بگەڕێتەوە لە سنوورەكە.

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان