هێمن ئەحمەد
لەمیانەی كۆبوونەوەی رۆژی 19/1/2025ی دەستەی هەماهەنگی باڵای نێوان پارێزگاكانی عیراق بەسەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، كە رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك ئامادەبوو، رەزامەندیی لەسەر گواستنەوەی دەسەڵاتەكانی چەند وەزارەتێك بۆ كەركوك، درا.
لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەوە، رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، رایگەیاند: گواستنەوەی دەسەڵاتەكان خزمەت بە هەموو كەركوك دەكات و قۆناغێكی نوێ دێنێتە ئاراوە لە گەشەپێدانی پارێزگاكە و خزمەتكردنی هاووڵاتیان و جێبەجێكردنی هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوە و پێشخستنی پێگە و داهاتووی كەركوك.
سەبارەت بە گواستنەوەی دەسەڵاتەكانیش، كە رەزامەندیی لەسەر گواستنەوەی دەسەڵاتەكانی وەزارەتەكانی ئاوەدانكردنەوە، نیشتەجێكردن، شارەوانییەكان، لاوان و وەرزش، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، كشتوكاڵ بۆ كەركوك، دراوە، عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: گواستنەوەی دەسەڵاتەكان، لەسەر پێشنیازی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان خرایە دەنگدانەوە، دوای گفتوگۆكردن، گواستنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ پارێزگای كەركوك پەسەندكرا، ئەوەشی خستەڕوو كە لەمیانەی كۆبوونەوەی دەستەی باڵادا، بەپێی بڕگەكانی مادەی 45 لە یاسای ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمێكدا رێكنەخراون بە ژمارە 21ی ساڵی 2008ی هەمواركراو، دەنگی لەسەر دراوە.