دوێنێ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم، پێشوازیی لە كۆڵۆنێڵ ئەنتۆنێلۆ فەرماندەی سەربازیی هێزی هاوپەیمانیی ئیتاڵیا و وەفدێكی هاوڕێی كرد و تاوتوێی پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی پێشمەرگە، بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیرییان كرد.
جێگری سەرۆكی هەرێم، رۆڵ و كاریگەریی هێزەكانی ئیتاڵیای لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەرزنرخاند و داوای پشتگیری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانانی كرد، هەروەك تیشكی خستەسەر هەنگاو و بەرەوپێشچوونەكانی پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.
وەفدی میوانیش، تەئكیدیان كردەوە كە لە پاڵپشتی و هاریكارییە سەربازییەكان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن و هەروەها بەگرنگییەوە لە پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی پێشمەرگە دەڕوانن لەپێناوی سەقامگیریی دۆخی سیاسی و بەهێزیی هەرێمی كوردستاندا.