ئاندریە كیسیلۆڤ زانای كەشناسیی روسی رایگەیاندووە، پلەكانی گەرما لە روسیا بەراورد بە وڵاتانی دیكە نزیكەی سێ هێندە خێراتر بەرزدەبنەوە.
ئەو زانایە ئەوەی خستووەتە روو، ئەم زستانە لە روسیا جیاوازە و لە بەشی ئەوروپای وڵاتەكەدا تێكڕای پلەكانی گەرما 10 پلە زیاترن بەراورد بە پلەی گەرمای ئاسایی.
ئاندریە هۆكارەكەی بۆ گۆڕانی كەشوهەوا و گەرمبوونی جیهان گەڕاندووەتەوە و دەشڵیت، هێشتا ئەمە بەو مانایە نایەت كە وەرزی زستان گەرم دەبێت، بەڵام دوور نییە بە درێژایی ساڵانی داهاتوو ئەو گۆڕانكارییە رووبدات.
ئەو زانای كەشناسییە دەشڵێت، بەرزبوونەوەی تێكڕای پلەكانی گەرما لە جیهاندا و گەرمبوونی جیهان پرسێكی گشتییە، بەڵام لە روسیا بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما خێراترە، بە جۆرێك خێرایی بەرزبوونەوەكەی 2.7 ئەوەندەی وڵاتانی دیكەیە.